Submitted by admin on Sat, 14/02/2015 - 12:22
داڕشتنى روانگەيەك بۆ دەزگايەكى ئەكاديمى وەك زانكۆ, پەيوەستە بە بينينێكى واقعييانەى بارودۆخى زانكۆكە لەلايەك و تواناكانى بۆ بەرزكردنەوەى ئاستى زانستى بەشێوەيەكى گشتى, تا كاريگەرى هەبێ بەسەر ئەو زەمينە كۆمەلآيەتييەى تێيدا سەرى هەڵداوە و دەخوازێ چالآكانە رۆڵى لە گۆڕينى بارودۆخەكەى بەرەو باشتر و پێشكەوتوتر هەبێ. روانگەى ئێمە لەوەوە سەرچاوە دەگرێ, كە زانكۆكە بتوانێ لە كۆيەوە خەون بە وەرچەرخانێكى گەورەى زانستى لە ئاستى هەرێمدا ببينێ و رۆڵى لە داڕشتنى بەرنامەيەكى پێشكەوتووى زانستى لەو ئاستەدا هەبێ و ببێتە سەرچاوەيەكى باوەڕپێكراو.
لێرەوە, لەخوارەوە هەوڵدەدەم, لە دوتوێى چەند خالێكدا, گرنگترين ئەو هەنگاوانە بخەمەڕوو, كە پێموايە هاوكارم دەبن لە هێنانەدى ئەم روانگەيە:
- كاردەكەم بۆ ئەوەى زانكۆ لە لایەنەكانی زانستی و كارگێڕی و دارایی سەربەخۆبێت خاوەن بڕيارى تايبەت بێت. ئەمەش بە هەوڵ و كاركردن لەگەڵ ستافی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت و ستافی وانەبێژان لە زانكۆی كۆیە.
- ە پلانمدا بەو ئاراستەیە كاردەكەم, كە ناوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ببەمە بواری كرداری. بەجۆرێك كە زانكۆی كۆیە هەم لە خوێندنی ئاستی باڵا و هەم لە توێژینەوە هەنگاوى كردەكى بۆ پێشەوە بهاوێژێ.
- پێموايە زانكۆى سەركەوتوو ئەو زانكۆيەيە, كە تەواوى ستافەكەى وەك يەك تيمى تەواوكەرى يەكتر كار بكەن. بۆيە نابێ لەو پەيامە كولتورييە گرنگەى زانكۆ هەڵيگرتووە, هیچ كەسێك لە بیربكرێ و بە جێ بمێنێ. ئمەش ئەوكاتە سەركەوتوو دەبێ, كە كەسە چالآكەكان دەست خۆشیان لێ بكرێت تا لەوكارەى ئەنجامى دەدەن بەردەوام بن و هانى ئەوانی تريش بدرێ تا چاویان لێ بكەن و ڕۆحی كێبركێی ئازاد و شەرافەتمەندانەيان پەرەى پێ بدرێ.
- ئەرك و بەرپرسیارەتیمە كە (Rank) ی ئێستای زانكۆی كۆیە وەك چوارەم زانكۆ لەسەر ئاستی كوردستان, وەكو خۆی ڕاگرم و هەوڵی بەرزكردنەوەشی بدەم بۆ ئاستی بەرزتر نەك هەر لە ئاستى هەرێم و عێراقەوە, بەڵكو لە ئاستى جيهانيشدا ئەم كارە بكەم. لەم روانگەيەوە هەوڵدەدەم پەیوەندیەكانى لەگەڵ دونیای دەرەوە باشتر بكەم و پتەوتری بكەم.
- پلان و بەرنامەی من ئەوە دەبێ , كە زانكۆی كۆیە بەشدارێكی كارا و گرنگی پێشكەوتنی شاری كۆیە و دەوروبەری بێت و بیرۆكە و تۆێژینەوەی زانستی بۆ چارەسەری گرفتە جۆراوجۆرەكان دابنێ و رۆڵى لە داڕشتنى پلانە ستراتيجييەكانى ناوچەكە, بە پێوەرى زانستى, هەبێ شان بە شانی ئەمەش سەنتەرەكانی توێژینەوەی زانستی لە بوارە جۆراوجۆرەكان گرنگیان پێ بدرێت و پەرەیان پێ بدرێت و پێداویستیەكانیان دابین بكرێت, تا لە ئاستى خواستەكانى توێژەران بێت و كاريگەرى بەرچاويان لە داڕشتنى بڕيارەكان دەربكەوێ و داهێنانى زانستى توێژەران لەخۆ بگرن و برەوى پێ بدەن و رۆڵيان هەبێ لە رێنمايى كردن و بلآوكردنەوەى توێژينەوەى مامۆستاكانى زانكۆ لە گۆڤارە زانستيە پێشكەوتووەكانى جيهان.
- لە داهاتویەكی زۆر نزیك كار لەسەر دوو شت دەكەم لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆ و ستافی زانستی, ئەويش فراوانكردنى زانكۆ, لە رێگەى كردنەوە و بواژاندنەوەى بەشە زانستييەكانى, لەوانەش كردنەوەی بەشى تايبەتمەند كە خوێندن تيايدا لە تەواوی بابەتەكان و ساڵەكانی خوێندن بە زمانی ئینگلیزی بێت و پەيڕەوى ستانداردە جيهانييەكانى تێدا بكرێ كە تیایدا هەوڵی بەستنەوەی زانكۆی كۆیە بە كرداری بدرێت بە تەواوی میللەتانی دونیا. ئەمە سەربارى دانانی بەرنامەیەكی گونجاو بۆ فێربوونی زمان چ زمانى كوردی بێ بۆ خەڵكی بیانی لە زانكۆی كۆیە, يانيش زمانى ئينگليزى بێ بۆ كادير و ستافى زانكۆ, تا لە پێشكەوتنە زانستييەكان جيهان هەرگيز دانەبڕێن.
- هەوڵدەدەم پرەنسیپی (Long Live Learning) بخرێتە قاڵبە ڕاستەكەی خۆی و ووردە ووردە زانكۆ بەرەو ئەو ڕێبازە بەرنامەی گونجاو دابنێ. بۆ ئەمەش خوێندنی پاڕالێل و بەپارە , لەگەڵ ڕەچاوكردنی دۆخی دارایی هاوڵاتیان, پەرەی پێ بدرێت و قۆناغ بە قۆناغ بێت.
- لەهەمان روناگەوە دەخوازم زانكۆ جگە لە بڕوانامەكانی بەكالۆریۆس و ماستەر و دكتۆرا , بەرنامەى (دبلۆمی باڵا) ش, لە هەندێك پسپۆڕی ببەخشێت بۆ پێشخستنى تواناكانى ئەوانەى دەخوازن لە كۆرسى تايبەت و پسپۆڕدا بەشدار ببن و ئەو بڕوانامەى تێدا بەدەست بهێنن . سەرەڕای ئەمانەش خولی كورت خایەن و درێژخایەن بۆ بابەت و كێشەی دیاری كراو هەبێت.
- هەوڵی خۆشم لەگەڵ ئەندامانی كارای ستافی زانكۆ و ڕاوێژكاران و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەخەمە گەڕ كە لە ڕووی یاسایی و دارایی و .......هتد, دەسەڵات بدرێت بە زانكۆمان كە بەدواداچوون بۆ دەرچوانی زانكۆمان بكەین دوای دەرچونیان تا چەند ساڵێك بۆ دڵنیا بوون لە ئاستەكانیان و توانستیان ودەست كەوتنی كار دوای خوێندنی زانكۆیی.
- كار دەكەم بۆ برەوپێدانى تواناكانى مامۆستايان, بەجۆرێك كە ناسنامەيان لە چوارچێوەى وانەوتنەوەدا چڕ نەبێتەوە. بەڵكو وەك توێژەر و پسپۆڕى زانستى ناوبانگ دەربكەن, ئەمەش بە پێشخستنى توناكانيان, لە ميانەى كردنەوەى خولى پەرەپێدانى زانستى و هەوڵى شاندكردنيان بۆ ئاشنابوون بە ئەزموونى هاوكارەكانيان لە زانكۆ پێشكەوتووەكانى جيهان.
- ئەكتيڤ كردنى رۆڵى خوێندكاران لە نێو زانكۆ, بەجۆرێك كە تەنيا وەرگرى زانست و زانين و بەدەستهێنەرى بڕوانامەى بێ ناوەڕۆك تەماشا نەكرێن, بەڵكو وەك بەرهەمهێنەر و بەشدار لە كارى زانستيش مامەڵەيان لەگەڵدا بكرێ. ئەمە سەربارى ئەوەى زانكۆ بتوانێ ببێتە شوێنێك بۆ گەشەپێدانى توانا و ئارەزووە كەسييەكانيان. هەروەها بتوانێ كەسێتى ئەوان لە ڕووى هزرييەوە بەجۆرێك پتەو بكات, كە بە ئاسانى نەكرێنە ئامانجى رەوتە ناباو و ناجۆرەكان و سودى خراپ لە تواناكانيان ببينرێ, ئەوەندەى وەك كەسى ئەكتيڤ دەربكەون, كە بە كاريگەرى خوێندن و فێربوونى زانكۆييان, رۆڵيان لە دروستكردن و ئاڕاستەكردنى دروستى ڕاى گشتى لە نێو كۆمەڵگاكەيان هەبێ.
لە هەموو ئەو كار و بەرنامانەی سەرەوەمان دڵنیایی جۆری پڕۆسەیەكی لە بییرنەكراو و چەسپاو دەبێت بەردەوام دەبین لەسەری بۆ كەم كردنەوەی لەمپەرەكانی بەردەمی و بەرزكردنەوەی توانستی بەردەوامی و باشی پڕۆسەكە.
د. ولى محمود حمد
سەرۆکی زانکۆی كوية
5/2/2015
تکایە لاپەڕەی ئاکادمی من ببینن