لە پای پاڵپشتییەکانی بۆ زانکۆی کۆیە و هەوڵەکانی بۆ سەرخستنی پرۆسەی خوێندن بە تایبەتی لە فاکەڵتیی پزیشکی، سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د. محمد حسیب صدیق سوپاس و پێزانین و قەڵغانی ڕێزلێنانی زانکۆی کۆیەی بەخشییە ڕاوێژکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د. ئامانج عبد الله سعید.
ڕۆژی یەکشەممە ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د. محمد حسیب صدیق لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆی کۆیە سوپاس و پێزانین و قەڵغانی ڕێزلێنانی زانکۆی کۆیەی بەخشییە ڕاوێژکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د. ئامانج عبد الله سعید.
لە میانی ڕێوڕەسمەکەدا سەرۆکی زانکۆی کۆیە، ستایشی ڕۆڵی د. ئامانج عبد الله-ی لە پاڵپشتی و هاوکاری کردنی زانکۆی کۆیە بە گشتی و فاکەڵتیی بپزیشکی بە تایبەتی کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە د. ئامانج سەرەڕای ئەرکە ئیداری و بەرپرسیارێتییەکانی خۆی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بەڵام هیچ کات درێخی لە هاوکاری کردن و هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی کۆیە نەکردووە.
د. محمد حسیب صدیق، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمڕۆ ئەم ڕێوڕەسمە تایبەتە بۆ ڕێزلێنان و پێزانین لە بەرامبەر ئەو خزمەتەی کە د. ئامانج عبد الله بۆ ماوەی چەند ساڵ بەبێ وچان بۆ زانکۆی کۆیە پێشکەشی کردووە ڕێکخراوە و باسی لە کەڵك وەرگرتنی زانکۆی کۆیە لە ئەزموونی ئیداری و زانستیی د. ئامانج کرد.
لای خۆیەوە د. ئامانج عبد الله سعید، سوپاسی سەرۆکی زانکۆی کۆیە و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆی کۆیەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە خزمەت کردن زانکۆی کۆیە بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێت و ستایشی ڕۆڵ و پێگەی زانکۆی کۆیە کرد.
د. ئامانج عبد الله سعید، لە سەرەتای دامەزراندنی فاکەڵتیی پزیشکیی زانکۆی کۆیە وەکو مامۆستایەکی خۆبەخش و بەبێ وەرگرتنی هیچ بەرامبەرێکی دارایی وانەی لە فاکەڵتی ناوبراو وتووەتەوە و بە درێژایی ئەوەندە ساڵە وەکو ستافێکی ئەکادیمیی زانکۆی کۆیە بێ وچان کاری کردووە.