کۆیە| ڕاگەیاندنی زانکۆ
زانکۆی کۆیە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی کۆیە بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی ئەنفالی سنووری قەزای کۆیە لە ساڵیادی ئەنفالی سنوورەکە واتە ٤ی ئایار چالاکییەکی بەڕێوەبرد.
ڕۆژی دووشەممە ١٤ی بانەمەڕ(گوڵان)ی ٢٧٢٦ی کوردی بەرانبەر ٤ی ئایاری ٢٠٢٦ی زایینی، بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.د. محمد حسیب صدیق، کەسایەتییە کارگێڕی، حکوومی، حیزبی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆی کۆیە، مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆی کۆیە چالاکییەکی هاوبەشی زانکۆی کۆیە و بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی کۆیە بە ناونیشانی "ئەنفالی کۆیە، لەسەر پەردەی سینەما و گۆشەنیگای دۆکیۆمێنتارییەکانەوە" لە هۆڵی سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیە بەڕێوە چوو.
دەستپێکی چالاکییەکە بە سروودی نەتەوەییی "ئەی ڕەقیب" و دەمەساتێک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی کوردستان و بە تایبەتی شەهیدانی ئەنفال دەستی پێکرد.
دواتر سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.د. محمد حسیب صدیق وتارێکی پێشکەش کرد، سەرۆکی زانۆ لە وتارەکەیدا باسی لە هەوڵ و دەستپێشخەرییەکانی زانکۆی کۆیە کرد وەک ناوەندێکی باڵای ئاکادیمی بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە بە گشتی و بە تایبەتی لە بوارە پەیوەندیدارەکان بە پرسی ئەنفال.
دواتر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی کۆیە خاتوو تاڤگە حمەصالح وتارێکی پێشکەش کرد.
بڕگەی دواتر فیلمێکی بەڵگەنامەی دەربارەی ئەنفال بە دەرهێنەری "محمد سەید" و بەرهەمهێنانی "هێمن حەسیب" بە ناونیشانی "گەڕانەوە بۆ قەڵای مەرگ" کە تایبەت بوو بە چیرۆکی شایەتحاڵان و ئەنفالکراوانی نوگرە سەلمان نمایش کرا.
بەخشینی ڕێزلێنان بە هەریەک لە دەرهێنەر "محمد سەید" و بەرهەمهێن "هێمن حەسیب" لەلایەن سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.د. محمد حسیب صدیق و خاتوو تاڤگە حمەصالح بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کۆیە بڕگەیەکی دیکەی چالاکییەکە بوو.
دواتر کورتەفیلمی "هەوار و مەمەوشکە" نمایش کرا و ئەم بەرهەمە لەلایەن ڕاگرایەتیی سەنتەرەکانی توێژینەوە و پەرەپێدانی زانکۆی کۆیە بە بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای ژیرییی دەستکرد بەرهەم هاتبوو.
بڕگەی دواتر داگیرساندنی مۆمی ٣٨ ساڵەی "هەوار" تاقانەی ئەنفال لەسەر سەکۆی هۆڵی سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیە بوو.
پاشان بەڵگەفیلمێکی تر بە دەرهێنەری "محمد سەید" بە ناونیشانی "تۆبزاوە، پرسگەیەک بەر لە دەرگای جەهەننەم" نمایش کرا.
پێشانگای تایبەت بە تابلۆ و وێنەکانی ئەنفال بڕگەی کۆتاییی چالاکییەکە بوو.














محمد کریم سیدگوڵ، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هەواڵسازی کوردی
زانیار محمد محمد امین، هەواڵسازی کوردی
هێمن ابوبکر ابراهیم، گرافیک دیزاینەر و ووێب سایت
ڕێبین اسود عوڵا، وەرگێڕ کوردی - ئینگلیزی
لاڤە سەرباز طاهر، وەرگێڕ کوردی - ئینگلیزی
دڵشاد جمیل کاکەڕەش، فۆتۆگرافەر
سامان فاتح، ئەندازیاری دەنگ