دوا نیوەرۆی رۆژى شەممە ١٣/ ٦ / ٢٠١٥ سەرۆك فوئاد مەعسوم شاری كۆیەی بەسەركردەوە و لەهۆڵی سەرۆكايەتى زانكۆی كۆیە لەگەڵ بەشێكی زۆرلە دانیشتوانی شاری كۆیە و مامۆستایانی زانكۆ و پەیمانگاكان و بەڕێوەبەری فەرمانگەكان و زانایانی ئاینی و نوێنەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و ژنان و لاوانی سنورەكە كۆبۆوە..
كۆبونەوەكە بەساتێك وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد و بەرێز چاپوك عمر قائیمقامی كۆیە بەخێرهاتنی سەرۆك كۆماری كرد بۆ كۆیە و بەناوی ئامادەبوانەوە سوپاسی ئەو بەسەركردنەوەیەی كرد و بە نیشانەی وەفاداری بەڕێزیانی لەقەڵەمدا. لە وتەیەكیشدا سەرۆك مەعسوم شادومانی خۆی دەربڕی بە سەردانەكەی و ووتی: بە شانازیەوە ئەمرۆ هاتومەوە كۆیە كە لێرە چاوم بە ژیان هەڵێناوەو سەرەتای خەبات و رۆژانی كوردایەتیم لەم شارە خاوەن فەرهەنگ و ئەدەب و كەلتوریە درێژە پێداوە.
سەرۆك فوئاد مەعسوم ئاماژەی بە گۆرانكاریەكانیی گۆڕەپانی سیاسی عیراق و ناوچەكە كرد و بەووردی باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان كرد لەگەڵ ئەو كۆسپ و تەگەرانەی هاتونە بەردەم رێككەوتنەكەی نێوانیان و گەشبینی خۆشی پێشاندا بە تێپەڕاندنی قەیران و كۆسپەكان و ئەوەی دووپاتكردەوە كە بەهەوڵی هەموان دەتوانرێت ئۆقرەیی سیاسی لە ووڵات بێتەدی، لەو بارەیەشەوە روونی كردەوە كە كار بۆ لێكنزیكبونەوەی هەردولاو كاری هاوبەش لە ئارادایە بۆ یەكلایكردنەوەی كێشەكان كە هەندێكیان تەكنینكین، لەو رووەشەوە پەسەندكردنی قانونی نەوت و گازی خستە روو كە چارەسەری بنەڕەتی كێشەكان دەكات.
هەروەك باسی لە پرۆژەی ئاشتبونەوەی گشتیی كرد كە خۆی لە ئێستادا كاری لەسەردەكات و هەنگاوەكانی بەرەو پێشچوونی پرۆژەكەی بۆ ئامادەبوان روونكردەوە و هیوای خواست سود لە ئەزمونەكان وەربگیرێت بەتایبەتی ئاشتبونەوەی گشتیی لە كوردستان لەسەروبەندی راپەڕیندا، هەروەك پێكەوەژیانی گەلانی تری بەنمونە هێنایەوە كە توانیویانە بەیەكەوە ژیانێكی ئارام دەستەبەر بكەن. سەرۆك مەعسوم ئەوەشی دووپات كردەوە ئاشتبوونەوەی گشتیی گرنگە بۆ بەردەوامبوونی پشتیوانی نێودەوڵەتی چونكە تا كۆمەك و یارمەتیەكان بۆ شەڕی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر بەیەكسانی بگاتە هەموو پێكهاتەكان.
لەبەشێكی تری وتەكەیدا سەرۆك كۆمار باسی لە شەڕی داسەپاوی تاقمی تیرۆریستی داعش كرد كەبەناوی پیرۆزی ئیسلامەوە دەست درێژی دەكەنە سەر پیرۆزیەكانی هەموو لایەك، رووبەرووبونەوەی تیرۆریستانی داعشی بە هۆشیاركردنەوەی هەموو لایەك لە لایەن مامۆستایانی ئاینی و مامۆستایانی پەروەردە و روناكبیران بە پێویستزانی و داوایكرد لاوانی ووڵات نەكەونە داوای پیلانگێڕی ئەو تاقمە كە بیرو باوەڕەكەیان تێكەڵەیەكە لە فیكری بەعسی و دەرماگیری و نەتەوەیی و توندرەویی ئایینی و مەزهەبی كە نەدوور نە نزیك پەیوەندییان بە ئاینیی پیرۆزی ئیسلامەوە نیە.
هەروەك سەرۆك فوئاد مەعسوم باسی لە رۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە كرد كەبەشێكە لە سیستمی بەرگری عیراق و قوربانی و فیداكاریەكانیانی بەرزنرخاند بۆ پاراستنی ووڵات لە هەرەشەی تیرۆریستان شانبەشانی هێزە چەكدارەكاتی تری عیراق.
لە درێژەی ووتەكەشیدا سەرۆك فوئاد مەعسوم پێویستی خزمەتكردنی زیاتری شاری كۆیەی لەهەموو روەكانەوە بە پێویستزانی و بەڵێنیدا لایەنە پەیوەندیدارەکان رابسپێرێت بۆ خزمەتكردنی زیاتری كۆیەو دەوروبەری كە رۆڵ و پێگەی خۆی هەبوە لە هەموو شۆڕش و بزاوتە دیموكراسیەكاندا وێڕای ئەو پێگە مێژوویی و جوگرافی و ئەدەبیەی كە رەوایەتی پێدەدات خزمەتی زیاتری كۆیە بكرێت.
لە دانیشتنەكەدا بەشداربووان پرسیار و سەرنج و تێبینی خۆیان سەبارەت بە چەند مەسەلەیەك خستە روو لەسەرو هەمویانەوە پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و ئەركەكانی حكومەتی ناوەند بەرامبەر بە رەوش و گوزەرانی ئاوارەكان و چەندان مەسەلەی تر و بەڕێزيان وەڵامی هەموو سەرنج و پرسیارەكانی دایەوە.