زانکۆی کۆیە وەک ڕێکخەری گرین مێتریک لە عێراق دەستنیشانکرا
لە میانەی بەشداری کردنی شاندی زانکۆی کۆیە بەسەرۆکایەتی سەرۆکی زانکۆ لە یەکەمین دیداری نێودەوڵەتی سەرکردەکانی بەردەوامیدان (First International Sustainability Leaders Meeting) لە وڵاتی ئیمارات ، سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د.محمد حسیب صديق لەگەڵ سەرۆکی گرین مێتریک (UI GreenMetric) بۆ ڕیزبەندی پ.د. ڕیری فیتری ساری کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا بە ئامادەبوونی جێگری گرین مێتریک بۆ ڕیزبەندی د. جون جونەیدی و بەڕێوەبەری هۆبەی ریزبەندی زانکۆی کۆیە د.احمد عبدالسلام معروف، و بەڕێوەبەری تەندروستی و سەلامەتی و ژینگە م.دنیا ابراهيم صالح.
لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە کورتەیەکی دەربارەی زانکۆکە خستەڕوو، و باسی لە کار و چالاکییەکانی زانکۆ کرد لەچوارچێوەی پلانی ستراتیژی زانکۆ (٢٠٢٣ -٢٠٢٧) بەتایبەتی چالاکیی زانستی و کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی تایبەت بە پرسی ژینگە و بەردەوامیدان هەروەها باسی لە دەستپێشخەری زانکۆی سەوز کرد کە ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە پرسی ئاماژەپێکراو و تیشکی خستە سەر بەشداری چالاکانەی زانکۆی کۆیە لە ڕیزبەندی گرین مێتریک کە ئەمساڵ وەک تاکە زانکۆی حکومی ڕیزبەندیکرابوو. هەروەها بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە سوپاسی بەڕێز سەرۆکی گرین مێتریکی کرد سەبارەت بە بانگهێشتنامەکەی بۆ ئامادە بوون و بەشداریکردنی شاندی زانکۆی کۆیە لەم دیدارە.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆکی گرین مێتریک بۆ ڕیزبەندی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە بەشداریکردنی سەرۆکی زانکۆی کۆیە و شاندی یاوەری لە یەکەمین دیداری نێودەوڵەتی سەرکردەکانی بەردەوامیدان . و بە گرنگییەوە لە هەوڵ و پابەندییەکانی زانکۆی کۆیەی دەڕوانی لە پرسی پاراستنی ژینگە و بەردەوامیدان بەتایبەتی دەستپێشخەری زانکۆی سەوز کە بە دەستپێشخەرییەکی ناوازە ناوزەندی کرد.
هەر لە میانەی کۆبوونەوەکەدا و لە هەنگاوێکی زۆر گرنگ ، گرین مێتریک زانکۆی کۆیەی وەک ڕێکخەری گرین مێتریک بۆ ڕیزبەندی لە عێراق دەستنیشانکرد کە ئەم هەنگاوە پێگەیەکی بەهێزی نێودەوڵەتی زیاتر دەبەخشێت بە زانکۆی کۆیە لەبواری پاراستنی ژینگە و بەردەوامیدان.
شایانی باسە زانکۆی کۆیە لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی (٢.٢٣ - ٢٠٢٧) کۆڵەگەی حەوتەم کۆڵەگەی بنیادنانی زانکۆی سەوز ، بایەخێکی تایبەت دەدات بە پاراستنی ژینگە و بەردەوامیدان و ئامانجیەتی لەو ڕێگەیەوە ژینگەیەکی لەبار دروست بکات بۆ مامۆستایان و توێژەران و خوێندکارانی زانکۆکە تا بتوانن ڕۆڵی کارای خۆیان بگێڕن لە خزمەتکردنی کۆمەڵگاکەمان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پرسی پاراستنی ژینگە و بەردەوامیدان.
