سەرۆکی زانکۆی کۆیە لەگەڵ سەرۆکی پەیمانگای (IITD)ی ئەبوزەبی کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا
لە درێژەی سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندی زانکۆی کۆیە بەسەرۆکایەتی سەرۆکی زانکۆ لە وڵاتی ئیمارات ، سەرۆکی زانکۆی کۆیە (پ.ی.د.محمد حسیب صديق) لەگەڵ (پ.د.شانتانو ڕۆی) سەرۆکی پەیمانگای هندی بۆ تەکنەلۆژیا دەلهی- ئەبوزەبی (Indian Institute of Technology Delhi (IITD) - Abu Dhabi)بە ئامادەبوونی پ.د.جۆبی جۆزێف جێگری سەرۆکی پەیمانگا و ئەندامانی شاندی زانکۆی کۆیە کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.
لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە کورتەیەکی دەربارەی زانکۆی کۆیە خستەڕوو، و باسی لە کار و چالاکییەکانی زانکۆ کرد لەچوارچێوەی پلانی ستراتیژی زانکۆ (٢٠٢٣ -٢٠٢٧) ، هەروەها باسی لە دەرفەتەکانی هەماهەنگی و دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان زانکۆی کۆیە و IITD کرد
لای خۆیەوە بەڕێز پ.د.شانتانو ڕۆی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە هاتنی سەرۆکی زانکۆی کۆیە و شاندی یاوەری بۆپەیمانگاکەیان و بە گرنگییەوە ڕووانیە توانا و بەرەوپێشچوونی زانکۆی کۆیە و ڕۆڵ و هەوڵەکانی لەسەرخستنی پرۆسەی ئەکادیمی ، و داوای کرد کە لە داهاتوویەکی نزیکدا نامەی لێک تێگەیشتن لە نێوان هەردوو دامەزراوەکە واژۆ بکرێت بە مەبەستی هەماهەنگی کردن و دروستکردنی پەیوەندی لە نێوانیان و بەتایبەتی لە بوارەکانی ئەنجامدانی چالاکی زانستی نێودەوڵەتی هاوبەش لە کۆنفرانس و وۆرکشۆپ و دروستکردنی گروپی هاوبەشی توێژینەوەی زانستی و هەروەها کارکردن بۆ کردنەوەی خوێندنی باڵای هاوبەش نێوان هەردوو دامەزراوەکە.
شایانی باسە زانکۆی کۆیە لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی (٢.٢٣ - ٢٠٢٧) کۆڵەگەی پێنجەم کۆڵەگەی بەنێودەوڵەتی بوون و دەرکەوتنی جیهانی (Internationalization and Global Visibility) ئامانجییەتی پەرە بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بدات و سوود لە ئەزموونی زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان وەربگرێت لە بەرەوپێشچوون و پێگەی نێودەوڵەتی زانکۆ.
