یاریی کۆتاییی خولەکانی تێنسی سەرمێز و تۆپی بالە لە زانکۆی کۆیە بەڕێوەچوو
ماوەی ڕابردوو بە سەرپەرشتیی بەشی چالاکیی وەرزشی و هونەریی زانکۆی کۆیە چەند خولێک بۆ خوێندکارانی زانکۆی کۆیە بەڕێوەچوو کە پێکهاتبوون لە خولی تۆپی سەرمێز بۆ خوێندکارانی کچ بە بەشداری ٢٨ خوێندکار و خولی تۆپی بالە بۆ شەش فاکەڵتیی زانکۆی کۆیە.
ڕۆژی دووشەممە ١٥ی گوڵان(بانەمەڕ)ی ٢٧٢٥ی کوردی بەرانبەر ٥ی ئایاری ٢٠٢٥ی زایینی، بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د محمد حسیب صدیق، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران پ.ی.د ئەژین طاهر صابر، ڕاگرانی فاکەڵتییەکانی پەروەردەی جەستەیی و زانستیەوەرزشییەکان پ.ی.د نەبەز عبداللە و ئەندازیاری پ.ی.د گەلاوێژ بەکر باپیر و مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆی کۆیە، یاریی کۆتاییی خولەکانی تێنسی سەرمێز و تۆپی بالە لە هۆڵی داخراوی وەرزشی لە فاکەڵتیی پەروەردەی جەستەیی و زانستەوەرزشییەکانی زانکۆی کۆیە بەڕێوەچوو.
لە یاریی کۆتاییی خولی تێنسی سەرمێزی کچان هەریەک لە خوێندکاران "سۆلین سعداللە حمد" و "بەڕێز سەرباز اسماعیل" گەیشبوونە یاریی کۆتایی و تێیدا خوێندکار "سۆلین سعداللە حمد" توانی پلەی یەکەم و خوێندکار "بەڕێز سەرباز اسماعیل" پلەی دووەمیان بەدەستهێنا.
یاریی کۆتاییی خولی تۆپی بالە لە نێوان هەریەک لە تیمی خوێندکارانی فاکەڵتیی پەروەردەی جەستەیی و زانستەوەرزشییەکان و تیمی خوێندکارانی فاکەڵتیی ئەندازیاری بەڕێوەچوو و تێیدا تیمی خوێندکارانی فاکەڵتیی پەروەردەی جەستەیی و زانستەوەرزشییەکان بە ٣ گێم بەرانبەر هیچ توانییان پلەی یەکەم بەدەستبهێنن.
زانکۆی کۆیە پاڵپشت بە پلانی ستراتیژی و کۆڵەکەی سەرەکیی "سەرکەوتنی خوێندکار" کار دەکات بۆ برەودان بە تواناییەکانی خوێندکاران نە تەنیا لە بیاڤی ئاکادیمی بەڵکوو لە بواری پەرەپێدان بە توانایی و بەهرە وەرزشییەکان و ئەو بوارانەش کە دڵخوازی خوێندکارانن تاکوو بەم جۆرە خوێندکاران لە بواری دڵخوازی خوێندنیان و پیشەی داهاتوویان سەرکەوتن بەدەستبهێنن و کۆمەڵگەیەکی تەندروست و خۆشگوزەران بنیادبنێن.

محمد کریم سیدگوڵ، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هەواڵسازی کوردی
عبدالله عثمان علی، وەرگێڕ کوردی - عەرەبی - ئینگلیزی
زانیار محمد محمد امین، هەواڵسازی کوردی
هێمن ابوبکر ابراهیم، گرافیک دیزاینەر وووێب سایت
ڕێبین اسود عوڵا، وەرگێڕ کوردی - ئینگلیزی
لاڤە سەرباز طاهر، وەرگێڕ کوردی - ئینگلیزی
دڵشاد جمیل کاکەڕەش، فۆتۆگرافەر
سامان فاتح، ئەندازیاری دەنگ