سەرۆکی زانکۆی کۆیە سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی کۆڵەگەی (خزمەتکردنی کۆمەڵگا)ی پلانی ستراتیژی کرد
ڕۆژی دووشەممە ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ی کوردی بەرانبەر ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ی زایینی، سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.د. محمد حسیب صدیق بە ئامادەبوونی سەرۆکی لیژنەکە وهاوکات ڕاگری فاکەڵتیی ئەندازیاریی زانکۆی کۆیە پ.ی.د. گەلاوێژ بەکر باپیر، ڕاگری فاکەڵتیی پزیشکی د. دەوەن جەمال، سەرۆکی لیژنەی تۆماری پلانی ستراتیجی پ.د. لقمان وسو و ئەندامانی لیژنەی جێبەجێکردنی کۆڵەگەی (خزمەتکردنی کۆمەڵگا)ی پلانی ستراتیژی زانکۆی کۆیە ٢٠٢٣-٢٠٢٧، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەکەی کرد.
ئەم کۆبوونەوەیە وەک بەشێک لە زنجیرە کۆبوونەوەکانی تایبەت بە لێژنەکانی جێبەجێکردنی کۆڵەکەکانی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە لە بینای سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیە بەڕێوەچوو.
سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.د محمد حسیب صدیق وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی لە بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوە پێویست و گرینگە لەگەڵ لێژنەی جێبەجێکردنی کۆڵەکەی "خزمەتکردنی کۆمەڵگا"ی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە هاوکات ئەرک و کاری ئەم لێژنەی بۆ جێبەجێکردنی یەکێک لە کۆڵەکە گرینگەکانی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیەی گرینگ و بەرز نرخاند.
سەرۆکی زانکۆی کۆیە، باسی لە گرنگیی دانانی کۆڵەگەیەکی سەرەکی لە پلانی ستراتیژی بەناوی "خزمەتکردنی کۆمەڵگا" کرد و گوتی:
چاوەڕوانییەکان لە ئێمە و وەکوو زانکۆ و بەرزترین دامەزراوەی ئاکادیمی و پەروەردەیی زۆرن و ئێمە دەبێت لە ئاستی ئەو چاوەڕوانییانەدا بین هەربۆیە ئێمە لە زانکۆی کۆیە بەگرینگییەوە لە پرسی خزمەتکردنی کۆمەڵگە و تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگەی خۆجێی و نێوخۆیی دەڕوانین هەر ئەمەش وای کردووە جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی کۆڵەکەی سەرەکیی "خزمەتکردنی کۆمەڵگا" جەخت و پێداگرییەکی ئەوپەڕی لەسەر بکرێ". و ئەوەشی خستەڕوو کە گۆڕینی درووشمی زانکۆی کۆیە بۆ درووشمی "زانکۆیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی بەهێزتر" گەواهیدەری گرنگیی و بایەخدانی زانکۆیە بەو کۆڵەگەیە.
بەشێک تری وتەکانی سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.د محمد حسیب صدیق تایبەت بوو بە ڕوونکردنەوەی ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکانی لێژنەکانی پەیوەندیدار بە جێبەجێکردنی کۆڵەکانی پلانی ستراتیژی و لەو بوارەدا ئەوەی خستەڕوو کە بەشداری مامۆستایان، ستافی ئاکادیمی و بەڕێوەبردنی زانکۆ لە لیژنەکانی پلانی ستراتیژی دەرخەری ئەو ڕاستییانەن کە سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیە بەگرینگییەوە دەڕوانێتە جێبەجێکردنی پلانی ستراتیژی و ئاماژەیەکە بۆ ئاشنابوون و شارەزاکردنی زیاتری ئەندامانی خێزانی ئاکادیمیی زانکۆی کۆیە بە پلانی ستراتیژی.
سەرۆکی زانکۆی کۆیە، لە درێژەی قسەکانیدا پێشنیاری کرد تاکوو لێژنەی جێبەجێکردنی کۆڵەکەی "خزمەتکردنی کۆمەڵگا"ی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە بە مەبەستی گونجاندنی ئامانج و ستراتیژەکانی ئەم کۆڵەکەیە کۆمەڵگەی نێوخۆی بەسەر توێژی دیاریکراودا دابەش بکەن و بەم جۆرە بە گوێرەی ویست و پێویستییەکانی هەر یەک لەو توێژانە خزمەتگوزاری لەلایەن زانکۆوە پێشکەش بە کۆمەڵگە بکرێت.
دواتر سەرۆکی زانکۆی کۆیە، ئامانج و ستراتیژییەکانی کۆڵەگەکەی باس کرد و داوای لە لیژنەکە کرد کە بە وردی کار لەسەر جێبەجیکردنی کۆڵەگەکە بکەن و ڕەنگدانەوەی کارەکان لەسەر چالاکییەکانی زانکۆدا هەبێت.
لای خۆیەوە سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی کۆڵەگەی (خزمەتکردنی کۆمەڵگا) و ڕاگری فاکەڵتیی ئەندازیاری، پ.ی.د گەلاوێژ بەکر باپیر سوپاسی سەرۆکی زانکۆی کۆیەی کرد بۆ بیرۆکە و داهێنانی پلانی ستراتیژی و ئاماژەی بەوە کرد کە لیژنەکەیان هەموو هەوڵێک ئەخەنەگەڕ بۆ جێبەجێکردنی کۆڵەگەکە.دواتر ئەندامانی لیژنەکە ڕاو سەرنج و پێشنیاری خۆیان خستە ڕوو سەبارەت بە کار و ئەرکەکانی لیژنەکە و پلانیان بۆ کارکردن لە داهاتوو.
زانکۆی کۆیە وەکوو یەکەمین دامەزراوەی ئاکادیمیی کوردستان لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی پلانێکی ستراتیژیی گشتگیری پێکهاتوو لە حەوت کۆڵەکەی سەرەکی ڕاگەیاندوو و یەکێک لەو حەوت کۆڵەکە سەرەکییە تایبەتە بە "خزمەتکردنی کۆمەڵگە" کۆڵەکەیەک کە کار دەکات کاریگەرییەکانی زانکۆی کۆیە بە تێکەڵبوونی لەگەڵ کۆمەڵگە و وەڵامدەری پێویستییەکانی لە بیاڤە جۆراوجۆرەکاندا زیاتر و زیاتر بکات و بەم جۆرە هەنگاو بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی بەهێزتر و خۆشگوزەران بنێت.

محمد کریم سیدگوڵ، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هەواڵسازی کوردی
عبدالله عثمان علی، وەرگێڕ کوردی - عەرەبی - ئینگلیزی
زانیار محمد محمد امین، هەواڵسازی کوردی
هێمن ابوبکر ابراهیم، گرافیک دیزاینەر و ووێب سایت
ڕێبین اسود عوڵا، وەرگێڕ کوردی - ئینگلیزی
لاڤە سەرباز طاهر، وەرگێڕ کوردی - ئینگلیزی
دڵشاد جمیل کاکەڕەش، فۆتۆگرافەر
سامان فاتح، ئەندازیاری دەنگ