تیمی خوێندکارانی بەشی قانوونی زانکۆی کۆیە لە پێشبڕکێی جیهانیی "دادگای گریمانەیی جێسەپ بۆ یاسای نێودەوڵەتی" سەرکەوتنێکی بەرچاویان بەدەستهێنا
تیمێکی خوێندکارانی بەشی قانوون لە فاکەڵتیی زانستەمرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی کۆیە و بە سەرپەڕشتی و ڕاهێنەریی مامۆستایانی فاکەڵتیی ناوبراو بەشدار بوون لە پێشبڕکێی جیهانیی "دادگای گریمانەیی جێسەپ بۆ یاسای نێودەوڵەتی" و توانیان سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بهێنن.
ڕۆژانی ١٥ بۆ ١٧ی شوباتی ٢٠٢٦، پێشبڕکێی جیهانیی "دادگای گریمانەیی جێسەپ بۆ یاسای نێودەوڵەتی" یاخود " Jessup Competition" لە سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لەسەرئاستی عێراق و بە بەشداری ژمارەیەک زانکۆی حکوومی و ناحکوومی بەڕێوە چوو و تیمێک لە خوێندکارانی بەشی قانوونی زانکۆی کۆیە و بە سەرپەرشتی و ڕاهێنەریی مامۆستایانی فاکەڵتیی زانستەمرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی کۆیە بەشدار بوون.
پێشبڕکێی جیهانیی "دادگای گریمانەیی جێسەپ بۆ یاسای نێودەوڵەتی" ساڵانە و لەسەرئاستی جیهانیدا تایبەت بە خوێندکارانی بیاڤی قانوون بەڕێوە دەچێت و تێیدا خوێندکارانی بەشداربوو بە هەردوو ڕۆڵی داواکار و داوا لێکراو بەشێوەیەکی گریمانەییی دادبینی بۆ کەیسێکی نێودەوڵەتیی قانوونی دەکەن و بەگوێرەی تواناییەکانیان هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.
تیمی خوێندکارانی بەشی قانوونی زانکۆی کۆیە بەشدار لەم پێشبڕکێیەدا لە خوێندکاران: پەیڤین دەوەن کمال، هاوناز اسکندر، دییە شێروان و نمە فوئاد و بە سەرپەرشتی مامۆستایان; پ.ی.د. ڕێبوار جەبار شێخە، د. هێژا هیوا و د. نەرمین ڕەزاق وەک ڕاهێنەر پێکهاتبوون.
تیمی خوێندکارانی زانکۆی کۆیە لەسەرئاستی زانکۆ حکوومییەکانی عێراق پلەی یەکەم و لەسەرئاستی زانکۆ حکوومی و ناحکوومییەکان پێکەوە پلەی چوارەمیان بەدەستهێنا و هەروەها خوێندکار هاوناز ئەسکەندەر لە بواری دادبینیی زارەکی "Best Oralist" لە کۆی ٤٢ خوێندکاری بەشدار بووتوانی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت و هەروەها وێڕای هاوناز هەریەک لە خوێندکار دییە شێروان پلەی شەشەم و پەیڤین دەوەن کمال پلەی یازدەهەمیان بەدەستهێنا و بەم جۆرە لە کۆی ٤٢ خوێندکاری بەشدار خوێندکارانی زانکۆی کۆیە ناویان لە یازدە کەسی یەکەمدا هەبووە هاوکات لە بەشی یادداشتی نووسین " Memorial" خوێندکارانی زانکۆی کۆیە نمرەیەکی شایستەیان دەستەبەر کرد.
زانکۆی کۆیە کۆڵەکەی یەکەمی پلانی ستراتیژی تایبەت کردووە بە کۆڵەکەی سەرەکیی "سەرکەوتنی خوێندکاران و ئامادەسازییان بۆ بازاڕی کار" و ئامانجی سێیەمی ئەم کۆڵەکەیە واتە "بواردان بە خوێندکاران لە ناوپۆل و دەرەوەی پۆل" لە چوارچێوەی ستراتیژیی دووەم واتە "دروستکردنی بەستەرێک لە نێوان زانکۆ و بازاڕ' کار دەکات بۆ ئامادەکردنی خوێندکاران بۆ ئەزموونی کاری داهاتوویان لە جیهانی ڕاستەقینەدا و بەدەستهێنانی توانایی پێویست بۆ پێشبڕکێکردن لە بازاڕی کار هاوکات کۆڵەکەی پێنجەمی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە تایبەتە بە کۆڵەکەی سەرەکیی "بەنێودەوڵەیبوون و پێگەی جیهانی" و ئامانجی یەکەمی ئەم کۆلەکەیە واتە "بایەخدان بە هاوکاری نێودەوڵەتی" لە چوارچێوەی ستراتیژیی دووەم واتە "دابینکردنی خولی ڕاهێنان و پڕۆژەی توێژینەوەی هاوبەش و سکووڵەرشیپ" کار دەکات بۆ ڕەخساندنی هەل و دەرفەت بۆ بەشداریی خوێندکاران لە مەشق و پێشبڕکێی نێونەتەوەییی باوەڕپێکراو کە بتوانێت ئاسۆی پیشەییان فراوانتر بکات و بەسوود بێت بۆ هەردوو کۆمەڵگەی ناوچەیی و جیهانی.








محمد کریم سیدگوڵ، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هەواڵسازی کوردی
زانیار محمد محمد امین، هەواڵسازی کوردی
هێمن ابوبکر ابراهیم، گرافیک دیزاینەر و ووێب سایت
ڕێبین اسود عوڵا، وەرگێڕ کوردی - ئینگلیزی
لاڤە سەرباز طاهر، وەرگێڕ کوردی - ئینگلیزی
دڵشاد جمیل کاکەڕەش، فۆتۆگرافەر
سامان فاتح، ئەندازیاری دەنگ