سەنتەری مەلای گەورە بۆ توێژینەوە لە زانکۆی کۆیە بە ھاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدا.

ڕۆژی پێنجشەممە ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی بەرپرسە حکوومی، حیزبی، نوێنەری رێکخراوەکان، مامۆستایانی زانکۆ و خوێنداران، لە ھۆڵی د. نازم لە فاکەڵتیی ئەندازیاریی سیمپۆزیۆمی هاوبەشی نێوان سەنتەری مەلای گەورە بۆ توێژینەوە لە زانکۆی کۆیە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لەژێر ناونیشانی: "توندوتیژی دژی ئافرەت و خێزان لەنێوان ھۆکار و چارەسەر" زانکۆی کۆیە بەڕێوەچوو.

سیمپۆزیۆمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی گشت شەھیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

سەرەتا بەڕێوەبەری سەنتەری مەلای گەورە بۆ توێژینەوە، پ.د. هشیار زەکی وتاری بەخێرهاتنی میوانەکان و دەستپێکردنی سیمپۆزیۆمەکەی پێشکەش کرد و خوشحاڵی خۆی بە بەڕێوەچوونی چالاکییەکی دیکەی سەنتەری مەلای گەورە بۆ توێژینەوە.

دواتر بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە، پ.ی.د محمد حسیب صدیق لە وتارێکدا سڵاو و رێزی بەڕێز وەزیری خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گەیاندە ئامادەبووان و گوتی:

سەرەتا دەمەوێت سڵاو و ستایشی بەڕێز جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بگەینمە سەرجەم ئامادەبووانی ئەم سیمپۆزیۆمە دیاربوو لەبەر گرنگی بابەتی ئەم چالاکیە زۆر پێی خۆش بوو ئامادە بێت بەڵام لەبەر کۆمەڵیک ئیلتزاماتی تر بۆی نەکرا

بەڕێز سەرۆکی زانکۆ، ئاماژەی گرنگیی هەڵمەتی ١٦ رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان کرد و باسی لەوە کرد کە ئەم هەڵمەتە ماوەی ٣٠ ساڵە، ساڵانە بەڕێوەدەچێت و گوتی:

وێڕای ئەوەی زیاتر لە (٣٠) ساڵە ئەم هەڵمەتە بەشێوەیەکی ساڵانە لەسەر ئاستێکی باڵای نێودەوڵەتی  لە لایەن نەتەوەیەکگرتوەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان لەسەرتا سەری جیهاندا بەڕێوەدەچیت بەڵام بەداخەوە ئامارەکان پێمان دەڵێن دوای هەموو ئەو هەوڵانەی دراون تاکو ئێستا هێشتان لە هەندێک وڵاتانی دونیادا توندو تیژیەکان لە هەڵکشاندان

پ.ی.د. محمد حسیب، جەختی لەوە کردەوە کە لە چوارچێوەی کۆڵەکەی خزمەتکردنی کۆمەڵگە کە یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە، لە پلانی زانکۆدایە لە ساڵانی داهاتودا وەک یەکێک لە گرنگترین پرسەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگاکە کار لەسەر پرسی توندوتریژی دژی ژنان و خێزان بکەن و گوتی:

لەو چوارچێوەیەدا هەموو توانا مرۆیی و زانستی ولۆجستیەکانی زانکۆمان دەخەینە خزمەت کارکردن لەسەر ئەم پرسە گرنگە بە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و سیمینار و ۆرک شۆپ و کۆنفرانس و خولی هۆشیاری تایبەت بەم بوارە  و هانی مامۆستایانی بەشە پەیوەندیدارەکان دەدەین تیشکی زیاتر بخەنە سەر ئەم پرسە

بەڕیز سەرۆکی زانکۆی کۆیە، ئەوەی خستەڕوو کە مانەوەی ئاست و ڕێژەی کردوە توندوتیژیەکان دژی ژنان و خێزان بە بەرزی بۆ خۆی جێگای پرسیار و تێڕامانە بە تایبەتی لەسەر پرسی دەستنیشان کردنی هۆکارە ڕاستەقینەکانی پشت توندوتیژیەکان و دیاری کردنی چارەسەرەکان و گوتی:

چارەسەرەکان ئەمەش بە دڵنیاییەوە  کاری پێکەوەی و هاوبەشی نێوان توێژەران و مامۆستایانی زانکۆ و مامۆستایانی ئاینی ودادگاکان و دەسەڵاتی جێبەجێ کار لە پۆلیس و ئاسایش و دام و دەزگا حکومیەکانی تر و ڕیکخراوە حکومی و ناحکومیەکانی ئەم بوارە دەکاتە پێویستیەکی هەنوکەیی لەلایەک، و لەلایەکی تر زانکۆکان و توێژەرانی بواری ئەم پرسە گرنگە دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتێکی گەورە بۆ ئەنجامدانی لێکۆلێنەوەو توێژینەوەی زانستی پشت بەستوو بە داتا و زانیاری ووردو  مەیدانی بۆ دەستنیشان کردنی هۆکارەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ رێگریکردن لە کردوە توندوتیژیەکان دژی ژنان و خیزان بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەکانی گۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان 

لە بڕگەیێکی دیکەی سیمپۆزیۆمەکەدا بەڕێز بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان خاتوو فێنک شەفیق وتارێکی پێشکەش کرد.

سیمپۆزیۆمەکە لە سێ پانێڵی جیا جیا و بە بەشداری توێژەر و چالاکانی بواری ڕێکخراوی ئافرەتان درێژەی بە کارەکانی خۆیدا کە ئەم پانێڵانە بابەتی جۆراوجۆری بواری توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوە و یاسا پەیوەندیدارەکانی ئەو بوارەی گرتەخۆی و ھاوکات بەشداران بە ڕا و سەرنج و پێشنیارەکانیان باسەکانیان دەوڵەمەندتر کرد.

لە بڕگەی کۆتایی سیمپۆزیۆمەکەدا بڕوانامەی بەشداری کردن و قەڵغانی سیمپۆزیۆمەکە بەسەر بەڕێوەبەران و لێژنەکانی ئامادەکاری سیمپۆزیۆمەکەدا دابەش کرا.

News Date
Image
سەنتەری مەلای گەورە بۆ توێژینەوە لە زانکۆی کۆیە سیمپۆزیۆمێکی ھاوبەشی بەڕێوەبرد