قوباد تاڵەبانی: "شەرەفێکە گەورەیە بۆ من کە دوای ٢١ ساڵ لە دانانی بەردی بناغەی لەلایەن هەڤاڵ مام جەلال، لە زانکۆی کۆیەین بۆ ڕاگەیاندنی زانکۆی سەوز"

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی گوڵان(بانەمەڕ)ی ٢٧٢٤ی کوردی بەرامبەر ١٦ی ئایاری ٢٠٢٤ی زایینی، جێگری سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەنابی کاک قوباد تاڵەبانی و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د. ئارام محمد قادر بە سەردانێکی تایبەت گەیشتنە زانکۆی کۆیە و لە لایەن سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د محمد حسیب صدیق و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆوە پێشوازییان لێکرا.

سەرەتا جێگری سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی، لە باخچەی سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیە نەمامێکی وەکو هێمایەک بۆ زانکۆی سەوز چاند.

دواتر جێگری سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرۆکی زانکۆی کۆیە، مۆدێلی زانکۆی سەوز و دۆستی ژینگەی زانکۆی کۆیەیان بینی و لەلایەن سەرۆکی زانکۆی کۆیەوە وردەکاریی پرۆژەکە و سوود و ئامانجەکانی مۆدێل و پرۆژەکە خرایە ڕوو.

جێگری سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لە میانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەنگاوی جێبەجێکردنی زانکۆی سەوز کاریگەرییەکی زۆر گەورەی بۆ کۆیە، بۆ ناوچەکە، بۆ کوردستان و بۆ عێراق دەبێت و وتی:

"زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ من لە زانکۆی کۆیەم، شەرەفێکی گەورەیە بۆ من کە ٢١ ساڵ لەمەوپێش هەڤاڵ مام جەلال بەردی بناغەی زانکۆی کۆیەی دانا و ئەو کات وتی 'ئەرکێک لە ئەرکەکانی سەرشانمان بۆ شاری کۆیە جێبەجێ کرد' شانازییەکی گەورەیە بۆ ئێمە کە ٢١ ساڵ دوای ئەو ڕۆژە لە زانکۆی کۆیەین بۆ ڕاگەیاندنی زانکۆی سەوز"

قوباد تاڵەبانی وتیشی:

"من دوو ڕۆژە لە کۆیەم و ئەوە دەبینم کە مەجالیک هەیە لە گەشەکردن لە بوارەکانی گەشتوگوزار، بوارەکانی کشتوکاڵ، بوارەکانی گەشتوکاڵ و دەرفەتێکی زۆرە بۆ بووژانەوەی ئابووری و ژینگەی ئەم ناوچەیە بە تایبەتی لە کاتێکدا عێراق و کوردستان و جیهان لەژێر هەڕەشەی گۆڕانکارییەکانی ئاو و هەوادایە".

قوباد تاڵەبانی، ئەوەشی خستەڕوو کە پرۆژەی زانکۆی سەوز تەنها بریتی نییە لە سەوزکردنی زانکۆ و تەنها بریتی نییە لە زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لەو ناوچەیە و وتی:

"بەڵکوو ئەو پرۆژەیەی پێشکەش کراوە و دەستخۆشیم لە سەرۆکی زانکۆی کۆیە و تیمەکەی کرد بریتییە لە پرۆژەی پاراستنی ژینگە، گلدانەوەی ئاو، بەکارهێنانی وزەی پاک، بەکارهێنانی پاسی کارەبایی و کەمکردنەوەی ئەو لێکەوتە خراپانەی ئۆتۆمبێل و گاز و بەنزین کە لەسەر ناوچەکە و لەسەر زانکۆ و خەڵکی ئەم دەڤەرە دروست دەبێت".

جێگری سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی وتیشی:

"من خۆم بەش بەحاڵی خۆم دەستخۆشیم لە زانکۆی کۆیە کرد و پشتیوانی خۆم و حکوومەت و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیشمان پێشکەشکردن کە هاوکاریان دەبین".

قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوە کرد کە  سندووقی پشتیوانیی زانکۆی سەوزیان لە زانکۆی کۆیە ڕاگەیاندووە و گوتی:

"بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە خراپەکانی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لەسەر ژینگە،  بەڵێنم بە زانکۆی کۆیە داوە کە ١٢ پاسی کارەبایی بۆ پرۆژەی زانکۆی سەوز بکڕین. داوامان لە زانکۆکەش کردووە کە بەردەوامبن لە دەستپێشخەری و بەردەوامبن لە داهێنان و بەردەوامبن لە پێشەنگبوونیان لە پێناو پاراستنی ژینگە و لە پێناو گەشەکردنی ناوچەکە و لە پێناو سەرکەوتنی زانکۆی مام جەلال، زانکۆی کۆیە".

Green Koya University

Green Koya University

Green Koya University

News Date
Image
Green Koya University