سەرۆکی زانکۆی کۆیە پێشوازی لە ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق بۆ کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکان کرد
سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د محمد حسیب صدیق لەمیانەی دیدارێکدا پێشوازی لە خاتوو پەری نوری عزیز ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق بۆ کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکان کرد.
ڕۆژی دووشەممە ١٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ی کوردی بەرانبەر ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ی زایینی، سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د محمد حسیب صدیق لە دیدارێکی تایبەت و لە سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیە پێشوازی لە ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق بۆ کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکان خاتوو پەری نوری عزیز، بە یاوەری بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی كۆیە تاڤگە حمەصاڵح احمد و سەرۆكی ڕێكخراوی كۆژان پشتیوان صدیق حمد کرد.
ئەم دیدارە بە ئامادبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆی کۆیە بەڕێوەچوو، تێیدا سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د محمد حسیب صدیق خۆشحاڵی خۆی لە سەردانی خاتوو پەری نوری عزیز و شاندی یاوەری دەربڕی و هاوکات ئاماژەی بە ئامادەیی زانکۆی کۆیەی بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئەرکی مرۆیی و ئەخلاقیی خۆی لە پرس و بابەتە پەیوەندیدارەکانی گۆرە بەکۆمەڵەکان و ناسینەوەی ڕووفاتی شەهیدان و بە دۆکیۆمێنتکردنی ئەو بابەتانە کرد.
لەلای خۆیەوە ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق خاتوو پەری نوری عزیز خۆشحاڵی خۆی لە سەردانی بۆ زانکۆی کۆیە و پێشوازی گەرمیی سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیە دەبڕی و ئەرکی زانکۆی وەک ناوەندێکی خاوەن سەنتەرە جۆراوجۆرەکانی بواری توێژینەوە و تواناییە ئەلیکترۆنی و تەکنۆلۆژییەکان لە ڕۆڵبینینی لە پرس و بابەتە پەیوەندیدارەکان بە گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەرز نرخاند.