سەرۆکی زانکۆی کۆیە پێشوازی لە شاندێکی زانکۆی بەسڕە کرد

سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د. محمد حسیب صدیق پێشوازی لە شاندێکی زانکۆی بەسڕە بە سەرۆکایەتی ڕاگری کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی بەسڕە پ.د. مفید ترکی رشید کرد.

 ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ی کوردی بەرانبەر ٣٠ تشرینی  یەکەمی ٢٠٢٤ی زایینی، سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د. محمد حسیب صدیق بە ئامادەبوونی ڕاگری فاکەڵتیی ئەندازیاری پ.ی.د. گەلاوێژ بەکر باپیر و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی کۆیە م.ی. محمد کریم سیدگوڵ پێشوازی لە شاندێکی زانکۆی بەسڕە کە پێکهاتبوون لە ڕاگری کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی بەسڕە پ.د. مفید ترکی رشید و سەرۆکی بەشی ئەندازیاریی تەلارسازی زانکۆی بەسڕە د. حامد حياب سمير کرد.

لە میانی پێشوازییەکەدا سەرۆکی زانکۆی کۆیە بەخێرهاتنی شاندی زانکۆی بەسڕەی کرد و خۆشحاڵی خۆی بەو چالاکییە زانستییانە دەربڕی کە لە چوارچێوەی یادداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو زانکۆ ئەنجامدەدرێت.

سەرۆکی زانکۆی کۆیە، ئاماژەی بە گرنگیی بەچیگەیاندنی بڕگەکانی هەر یادداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن کرد و جەختی لەوە کردەوە کە زانکۆی کۆیە سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەنگاوی کرداری لە یادداشتنامەکاندا و ئەوەی ڕاگەیاند کە ئەم وۆرکشۆپە هاوبەشەی نیوان هەردوو زانکۆ بەرهەمێکی کرداریی ئەو یادداشتنامەیە.

لای خۆیەوە ڕاگری کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی بەسڕە پ.د. مفید ترکی رشید خۆشحاڵی خۆی بە سەردانیکردنی زانکۆی کۆیە دەربڕی و ستایشی ڕۆڵی سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د. محمد حسیب صدیق کرد لە پاڵپشتیکردنی یادداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو زانکۆ.

جێگەی باسە شاندێکی زانکۆی بەسڕە کە پێکهاتووە لە ژمارەیەک مامۆستا و توێژەر وخوێندکار بە مەبەستی ئەنجامدانی خولێکی ڕاهێنان و وۆرکشۆپێکی زانستیی هاوبەش سەردانی زانکۆی کۆیەیان کردووە.

زانکۆی کۆیە و زانکۆی بەسڕە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ یادداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژوو کرد و لە چوارجێوەی ئەو یادداشتنامەیەدا لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی بواری نەوت بە هاوبەشی نێوان هەردوو زانکۆ و زانکۆی میزۆری و دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بەڕێوەبرد.

Koya University

Koya University

Koya University

News Date
Image
Koya University