زانکۆی کۆیە لە ڕیزبەندی (THE Impact 2025) پلەی یەکەمی سەرئاستی زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان بەدەستهێنا
زانکۆی کۆیە بە شانازییەوە پلەی یەکەمی لەسەرئاستی زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان بەدەستهێناوە گوێرەی ڕۆژنامەی تایمز بۆ خوێندنی باڵا (THE Impact Rankings 2025).
ئەم ڕیزبەندییە زانکۆکانی سەرانسەری جیهان لەسەر بنەمای بەشداریکردنیان لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان (SDGs) هەڵدەسەنگێنێت و کار لەسەر ئەو زانکۆیانە دەکات کە کاریگەری کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و پەروەردەیی گرینگ و پڕبایەخ دروست دەکەن.
لە هەڵسەنگاندنی ئەمساڵدا، زانکۆی کۆیە لە جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی 7 ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوام (SDGs) پلەی بەدەستهێنا کە هەوڵ و پێشکەوتنە فراوانەکانی لە بواری گەشەی بەردەوام، خۆشگوزەرانیی گشتی و نایابی ئەکادیمی نیشان دەدات.
دەستکەوتەکانی زانکۆی کۆیە هاوتەریببوونی ئەم زانکۆیە لەگەڵ دەستپێشخەرییە نیشتمانی و جیهانییەکان دەردەخات کە ئامانجیان پەرەپێدانی ئایندەیەکی گشتگیرتر، بەردەوام و تەندروستترە .
ئەم دەستکەوتە زانکۆی کۆیە وەک دامەزراوەیەکی پێشەنگ لە بواری پەروەردە و توێژینەوە بەهێزتر دەکات و تیشک دەخاتە سەر بەشداری گرنگی زانکۆی کۆیە لە برەودان بە گەشەپێدانی بەردەوام لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانی.
زانکۆی کۆیە دامەزراەوەیەکی ئاکادیمیی هەڵقوڵاو لە ناخی کۆمەڵگەی خۆوڵاتیی خۆیەتی بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەم پێدراوەدا ئەم زانکۆیە بە هەبوونی پلانێکی ستراتیژیی فرەڕەهەند و گشتگیری وەڵامدەر لەگەڵ پێویستییە هەنووکەییەکانی کۆمەڵگەی نێوخۆیی و سەکۆی جیهانی کار دەکات بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەکی بەپریستیژی جیهانی ئەم ڕوانگەیەی زانکۆی کۆیە لە چوارچێوەی کۆڵەکەی پێنجەمی پلانی ستراتیژی واتە "بەنێودەوڵەتیبوون و پێگەی جیهانی" سەرچاوە دەگرێ و ئامانجی دووەمی ئەم کۆڵەکەیە "پێشخستنی کۆگای دامەزراوەیی"یە و ستراتیژیی دووەم واتە "جەختکردنەوە لەسەر گرینگیی جۆری(کواڵیتی)ناوەڕۆک" هاوئاهەنگ لەگەڵ ئامانجەکانی گەشەی بەردەوامیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کار دەکات بۆ گرینگیدان بە چارەسەرکردنی ئەو پرس و ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵگەی خۆوڵاتی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەبێتەوە و بنیاتنانی ژیانێکی خۆشگوزەران بۆ کۆمەڵگە بەگشتی.
