سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د محمد حسیب صدیق لە دیدارێکی فەرمیدا چاوی کەوت بە کۆنسوڵی گشتیی وڵاتی هیندستان لە هەرێمی کوردستان. 

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ی کوردی بەرامبەر ١٨ی نیسانی ٢٠٢٤ی زایینی، سەرۆکی زانکۆی کۆیە لەمیانەی سەردانێکی فەرمی چاوی کەوت بە کۆنسوڵی گشتیی وڵاتی هیندستان لە هەرێمی کوردستان مادان گۆپال.

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی زانکۆی کۆیە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەژێر ڕۆشنایی کۆڵەگەی (بە نێودەوڵەتی کردن و پێگەی جیهانی)ی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە ٢٠٢٣-٢٠٢٧ و ئامادەکارییەکان بۆ سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی بواری نەوت، سەرۆکی زانکۆی کۆیە، پ.ی.د. محمد حسیب صديق سەردانی کۆنسوڵخانەی گشتیی وڵاتی هیندستان لە هەولێر کرد و لەلایەن کۆنسوڵی گشتیی وڵاتی هیندستان لە هەرێمی کوردستان مادان گۆپال پێشوازییان لێکرا.

لە میانی دیدارەکەدا، سەرۆکی زانکۆی کۆیە باسی لە ئاست و پێگەی زانکۆی کۆیەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کرد و مێژوو و هەیکەلیەتی ئێستای زانکۆی کۆیەی خستەڕوو.

سەرۆکی زانکۆی کۆیە، ئاماژەی بەوە کرد کە زانکۆی کۆیە پلانێکی ستراتیژیی پێنج ساڵەی داڕشتووە و ئەو پلانە وەکو دەستوورێک وایە بۆ کاری پێنج ساڵەی داهاتووی زانکۆکە.بەڕێز سەرۆکی زانکۆ، دیدگا، ڕوانگە، ئامانج و کۆڵەگەکانی پلانەکەی خستەڕوو و جەختی لەوە کردەوە کە زانکۆی کۆیە هەنگاوی گرنگی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ ناساندن و کردنەوەی دەرگای هەماهەنگی بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی کۆڵەگەکانی پلانەکە وبەتایبەت کۆڵەگەی (زانکۆی سەوز) ناوە.

هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی زانکۆی کۆیە باسی گرنگی و دووایین ئامادەکارییەکانی سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی نەوت: چارەسەرکردنی پاشماوەکان لە پیشەسازیی نەوت و گاز کە ٢٨-٣٠ی نیسانی ٢٠٢٤ لە زانکۆی کۆیە بەڕێوەدەچێت کرد و بانگهێشتنامەی ئامادەبوونی کۆنفرانسەکەی پێشکەشی کۆنسوڵی گشتیی وڵاتی هیندستان کرد.

لای خۆیەوە کۆنسوڵی گشتیی وڵاتی هیندستان لە هەرێمی کوردستان مادان گۆپال خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی سەرۆکی زانکۆی کۆیە دەربڕی و ئاماژەی بە ئاست و پێگەی زانکۆی کۆیەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کرد.

کۆنسوڵی گشتیی وڵاتی هیندستان لە هەرێمی کوردستان مادان گۆپالر، ستایشی ڕۆڵی بەڕێز سەرۆکی زانکۆ و ستافی زانکۆی کۆیەی کرد لە داڕشتنی پلانێکی ستراتیژیی پێنج ساڵە بۆ زانکۆکە و ئاماژەی بەوە کرد کە دانانی پلانێکی ستراتیژیی یەکێکە لە کارە هەرە گرنگەکان بۆ سەرجەم دامەزراوەکان و بە تایبەتی زانکۆکان و ئامادەیی خۆی بۆ پێشکەشکردنی هەماهەنگی و کارکردن بۆ جێبەجێکردنی کۆڵەگەکانی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە و بە تایبەتی کۆڵەگەی (زانکۆی سەوز) لە چوارچێوەی یادداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن نیشاندا.

هەر لە میانی دیدارەکەدا سەرۆکی زانکۆی کۆیە، پ.ی.د محمد حسیب صديق وێنەیەکی لە پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیەی ٢٠٢٣-٢٠٢٧ی پێشکەشی کۆنسوڵی گشتیی وڵاتی هیندستان لە هەرێمی کوردستان مادان گۆپال کرد.

هاوکات، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی زانکۆی کۆیە، د.پەخشان فەهمی فەرحۆش ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو.

کۆنفڕانسی نێودەوڵەتییی نەوت و گاز بڕیار وایە بۆ جاری سێیەمین و بە میوانداریی زانکۆی کۆیە لەلایەن زانکۆی کۆیە، زانکۆی بەسڕە، زانکۆی میزۆری و دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی ڕۆژانی ٢٨، ٢٩ و ٣٠ی نیسان لە زانکۆی کۆیە بەڕێوەبچێ.

Koya UniversityKoya University

News Date
Image
Koya University & India