زانکۆی کۆیە و ئەنیستیتۆی کارۆلینسکای وڵاتی سوید یادداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان سەبارەت بە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد لەبواری چارەسەری شێرپەنجە واژوو کرد

 زانکۆی کۆیە لە هەرێمی کوردستان و ئەنیستیتۆی کارۆلینسکای وڵاتی سوید کە یەکێک لە بەناوبانگترین دامەزراوە ئاکادیمییەکانی بواری زانستی پزیشکییە لە چوارچێوەی واژووکردنی یادداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتندا کار بۆ پڕۆژەیەکی هاوبەش لە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد (AI) لە چارەسەری شێرپەنجەدا دەکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ئابی ٢٠٢٤ی زایینی، بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د. محمد حسیب صدیق، ڕاگری فاکەڵتیی ئەندازیاری پ.ی.د. گەلاوێژ بەکر باپیر، یاریدەدەری ڕاگری فاکەڵتیی ئەندازیاری د. گۆران عبد الرحمن محمد، سەرۆکی بەشی ئەندازیاریی پرۆگرامسازی د. سۆران صباح احمد، سەرپەرشتیاری پرۆژەکە و مامۆستا لە بەشی ئەندازیاریی پرۆگرامسازی پ.ی.د. عبد الباسط کامل فائق، خاوەنی پرۆژەکە و مامۆستا لە فاکەڵتیی ئەندازیاری پ.ی.م. پێشەوا جمال محمد علی و بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان د. پەخشان فهمی یادداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان زانکۆی کۆیە و ئەنیستیتۆی کارۆلینسکای وڵاتی سوید واژوو کرا، ئەم هەنگاوە بوار بۆ پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی زانستی و ئاکادیمی هەر دوولایەن دەڕەخسێنێ بەتایبەتی لە بواری توێژینەوە و ئاڵوگۆڕی داتا و زانیاری دەربارەی ڕێگاکانی بەرەپێشبردنی چارەسەری شێرپەنجەی پڕۆستات و بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد لەم بوارەدا کە دەتوانێ ئاسۆیەکی نوێ بکاتەوە.

 ئەم هەنگاوەی زانکۆی کۆیە هاوئاهەنگ لەگەڵ پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە و بەتایبەتی کۆڵەکەی "توێژینەوە و داهێنان"ە بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی لەبار و گونجاو لە بوارەکانی توێژینەوە و کاری ئاکادیمیی وەڵامدەر بۆ کێشە و ئارێشە تەندروستی و زانستییەکانی کۆمەڵگە.

 ئەنیستیتۆی کارۆلینسکا لە وڵاتی سوید یەکێکە لە بەناوبانگترین دامەزراوە ئاکادیمییەکانی بواری زانستی پزیشکی و هاوکات ئەم دامەزراوەیە ساڵانە خەڵاتی نۆبێڵ لە بواری پزیشکی دەبەخشێ بەو کەس و لایەنانە کە سەرکەوتنێکی گرینگیان لە بواری پزیشکیدا تۆمار کردووە یاخود کارێکیان کردووە کە خزمەتی بە کۆمەڵگەی ئینسانی گەیاندووە، بارەگای سەرەکیی ئەم دامەزراوەیە لە ساری ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوید و ساڵی ١٨١٠ی زایینی دامەزراوە.

 ئەم یادداشتی لێکتێگەیشتن و پلانی کاری هاوبەشی دوو لایەنە لەسەر پڕۆژەیەکی توێژینەوەی مامۆستایەکی فاکەڵتیی ئەندازیاریی زانکۆی کۆیە "پێشەوا جمال محمد علی" جێبەجێکراوە و ناوبراو خوێندکاری دکتۆرایە لە بەشی ئەندازیاریی پرۆگرامسازیی زانکۆی کۆیە و توێژینەوەکەی لەبواری بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد لە چارەسەرکردنی شێرپەنجەی پڕۆستات و لەلایەن د. عبدالباسط كامل فائق و د. سامان عبدالله جاف سەرپەرەشتی دەکرێ.

Koya University

News Date
Image
Koya University