سلێمانی | ڕاگەیاندنی زانکۆ
سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.د. محمد حسیب صدیق بە یاوەری شاندێک سەردانی ڕێکخراوی "بوژاندنەوەی کەلەپووری کورد"یان لە شاری سلێمانی کرد و لەلایەن سەرۆکی ڕێکخراوەکە کاک عیرفان عوسمان پێشوازییان لێکرا.
ڕۆژی سێشەممە ١٥ی بانەمەڕ(گوڵان)ی ٢٧٢٦ی کوردی بەرانبەر ٥ی ئایاری ٢٠٢٦ی زایینی، سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.د. محمد حسیب صدیق بە یاوەری شاندێکی زانکۆی کۆیە سەردانی ڕێکخراوی "بوژاندنەوەی کەلەپووری کورد"ی لە شاری سلێمانی کرد و لەلایەن بەڕیزان؛ سەرۆکی ڕێکخراوەکە عیرفان عوسمان ئەحمەد، بەڕێوەبەری شوێنەوارو کەلەپووری سلێمانی هاشم حمە عەبدوڵا، پڕفیسۆر لە شرۆڤەی دەستنووس مامۆستا صلاح الدين باوەحاجی، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی کەلەپووری کورد پێشەوا عوسمان، بەڕێوەبەری کارگێڕی حسین حمەغریب حسین، ڕاوێژکاری شوێنەواری نەوشیروان عزیز محمد، لێپرسراوی چاککردنی دەستنووس دیانا فەرەیدون و لێپرسراوی IT ئارام جمال رحمانەوە پێشوازییان لێکرا.
سەرەتای دیدارەکە لە میانەی گەشتێکی ناساندن سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.د. محمد حسیب صدیق بە یاوەری سەرۆکی ڕێکخراوی بوژاندنەوەی کەلەپووری کورد بینای سەرەکیی ڕێکخراوەکەیان بەسەرکردەوە و بەشێک لە کارەکانی ڕێکخراوەکەیان لە کۆکردنەوە و پاراستنی کەلەپوور و مێژووی کوردستانیان لە نزیکەوە بینی و دواتر شاندی هەردوولایەن کۆبوونەوەیەکیان بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی بیر و فکر و پەرەپێدانی کاری هاوبەشی بەڕێوەبرد.
لە میانەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی زانکۆی کۆیە بە گرینگییەوە دەستپێشخەریی و بەرەپێشچوونەکانی زانکۆی کۆیەی خستەبەرباس و هاوکات دەستخۆسی لە کارەکانی ڕێکخراوی بوژاندنەوەی کەلەپووری کورد کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا بەشێک لە دەستنووسەکانی کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆی کۆیەیان بەدیجیتاڵ کردبوو و هەروەها ئەم کارە بەشیکیشە لە کۆڵەکەی "بەدیجیتاڵیکردن"ی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە.
بڕگەیەکی تری دیدارەکە تایبەت بوو بە بەخشینی سوپاس و پێزانینی زانکۆی کۆیە لەلایەن پ.د. محمد حسیب صدیق بە کاک عیرفان عوسمان کە سەرکەوتووانە ڕێکخراوەکەیان لە ماوەی ڕابردوودا کاری پاککردنەوە، ساغکردنەوە و بە دیجیتاڵ کردنی بۆ بەشێک لە دەستنوسەکانی کتێبخانەی ناوەندی زانکۆ ئەنجامدابو بە تایبەتی دەستنووس و بەڵگەنامەکانی زانای گەورەی گەلەکەمان مەلای گەورە.
شاندەکەی زانکۆی کۆیە وێڕای سەرۆکی زانکۆی کۆیە پێکهاتبوو لە ؛ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا پ.د. هشیار زکی، بەرێوەبەری خوێندنی باڵا پ.ی.د. مەهاباد ئازاد، بەرێوەبەری کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆ د. ڕۆژگار محمد، سەرۆکی بەشی پارکی توێژینەوەی سەوز د. حیدر حسن، ئەمینداری ئەنجوومەنی زانکۆ م.ی. چیا جەوهەر و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن م.ی. محمد کریم سیدگوڵ.
پەیوەندیی بەهێز، ڕوانگەی زانکۆی کۆیە
زانکۆی کۆیە وەک دامەزراوەیەکی باڵای ئاکادیمی کە پلانێکی ستراتیژیی گشتگیری پێکهاتوو لە حەوت کۆڵەکەی سەرەکیی هەیە، بە گرینگییەوە دەڕوانێتە پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو لایەنەکان لەگەڵ دامەزراوە و ڕێکخراوە نێوخۆیی و دەرەکییەکان.














محمد کریم سیدگوڵ، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هەواڵسازی کوردی
زانیار محمد محمد امین، هەواڵسازی کوردی
هێمن ابوبکر ابراهیم، گرافیک دیزاینەر و ووێب سایت
ڕێبین اسود عوڵا، وەرگێڕ کوردی - ئینگلیزی
لاڤە سەرباز طاهر، وەرگێڕ کوردی - ئینگلیزی
دڵشاد جمیل کاکەڕەش، فۆتۆگرافەر
سامان فاتح، ئەندازیاری دەنگ