سەرۆکی زانکۆی کۆیە پێشوازی لە شاندێکی ئەنیستیتۆی کلتووری کۆماری فەڕەنسا کرد
سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د. محمد حسیب صدیق پێشوازی لە شاندێکی "ئەنیستیتۆی فەڕەنسی" و "کەمپەسی فەڕەنسی" ی پەیوەست بە کۆنسۆڵخانەی فەڕەنسا لە عێراق کرد.
ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ی کوردی بەرانبەر ٣٠ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ی زایینی، سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د. محمد حسیب صدیق پێشوازی لە هەریەک لە " Frédérique
Tarrid" بەڕێوەبەری ئەنیستیتۆی فەڕەنسی و " Yadikar Kouja" بەڕێوەبەری کەمپەسی فەڕەنسی و دەشتی عمر صدیق بەڕێوەبەری کاروباری کولتووری کرد کە وەک شاندی "ئەنیستیتۆی فەڕەنسی" و "کەمپەسی فەڕەنسی" سەردانی سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیەیان کردبوو.
ئەم دیدارە بەئامادەبوونی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیە، بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەیوەندییەکان، ڕاگەیاندن و بەشە ناوخۆییەکان و ژمارەیەک مامۆستای زانکۆی کۆیە لە بینای سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیە بەڕێوەچوو.
سەرۆکی زانکۆی کۆیە لە سەرەتای دیدارەکەدا بەگەرمی پێشوازی لە شاندی میوان کرد و لەدڕێژەدا زانکۆی کۆیە و مێژووی دامەزراندنی و فاکەڵتی و بەشە جیاوازەکانی ڕوونکردەوە هاوکات باسێکی تێروتەسەلی لەسەر پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە و کۆڵەکەکانی پێشکەشکرد و بەتایبەتی لەسەر کۆڵەکەی "زانکۆی سەوز" بەوردی قسەی بۆ شاندی میوان کرد.
خاتوو "Frédérique Tarride" بەڕێوەبەری ئەنیستیتۆی فەڕەنسی لەلای خۆیەوە خۆشحاڵی خۆی لە پێشوازی گەرمی زانکۆی کۆیە دەربڕی هەروەها هەوڵ و دەستپێشخەرییەکانی زانکۆی کۆیەی بەتایبەتی لەبواری زانکۆی سەوز بەرزنرخاند و بە هەوڵێکی گرینگ لە قەڵەمی دا.
بڕگەیێکی تری دیدارەکە تایبەت بوو بە بەخشینی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە لەلایەن سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د.محمد حسیب صدیق بە خاتوو "Frédérique Tarride" بەڕێوەبەری ئەنیستیتۆی فەڕەنسی و هەروەها هەر لەمیانەی ئەو دیدارەدا سەرۆکی زانکۆی کۆیە مۆدێلی "زانکۆی سەوز"ی بۆ شاندی میوان ڕوونکردەوە.