سەرۆکی زانکۆی کۆیە تاقیگەی کۆمپیوتەر و ژووری مامۆستایانی لە فاکەڵتیی زانست و تەندروستیی کردەوە
بەئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د محمد حسیب صدیق و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی پ.ی.د. یادگار عبد الله علی لە مەڕاسیمێکدا تاقیگەی کۆمپیوتەر و ژووری مامۆستایان لە فاکەڵتیی زانست و تەندروستیی زانکۆی کۆیە کرایەوە.
ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ی کوردی بەرانبەر ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ی زایینی، بەئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د محمد حسیب صدیق، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی پ.ی.د. یادگار عبد الله علی، ڕاگری فاکەڵتیی زانست و تەندروستیی زانکۆی کۆیە پ.ی.د کۆسرەت نەژاد کاکە، ئەندامانی ئەنجوومەنی فاکەڵتیی زانست و تەندروستی، ئەندازیار ڕەندی قوباد لە بەشی ئەندازە و پرۆژەکان و مامۆستایان و خوێندکارانی فاکەڵتییەکە لە مەڕاسیمێکدا تاقیگەی کۆمپیوتەر و ژووری مامۆستایان لە فاکەڵتیی ناوبراو کرایەوە.
زانکۆی کۆیە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هەڵمەتێکی بەرفراوانی نۆژەنکردنەوەی فاکەڵتی باڵەخانەکان و دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی خوێندن لە هۆڵ و تاقیگەی و ئامرازەکانی دیکە و لەم چوارچێوەیەدا چەندین پرۆژەی گرنگی وەکو درووستکردنی هۆڵی خوێندن بۆ فاکەڵتیی پزیشکی، درووستکردنی کافتریا بۆ فاکەڵتیی پزیشکی، بۆیاغکردنی هۆڵی خویندن، نوێکردنەوەی دەروازەی فاکەڵتییەکانی ئەندازیاری و پەروەردە، نۆژەنکردنەوەی بەشەناوخۆییەکان و چەندین کاری دیکە کە بە سەرپەرشتیی بەشی ئەندازە و پرۆژەکان لە بوارتی جێبەجێکردندایە.
زانکۆی کۆیە پاڵپشت بە پلانی ستراتیژیی خۆی و بەتایبەتی کۆڵەکەی "سەرکەوتنی خوێندکار" هەوڵدەدات ژینگەیەکی لەبار و سەردەمییانە بۆ خوێندنی خوێندکار دەستەبەر بکات و هاوکات پێداویستییەکان بەگوێرەی بابەتی خوێندراو دابین بکات.
یەکێک لە ئامانجەکانی گەشەی بەردەوامیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بریتییە لە "پەروەردەی بەکواڵیتی" ئامانجێک کە زانکۆی کۆیە لە ڕێگای ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو و وەڵامدراوە بە پێداویستییەکانی بابەتی خوێندن هەوڵدەدات دەستەبەری بکات.