زانکۆی کۆیە "خەڵاتی زانکۆ" بۆ باشترين پرۆژەی خوێندکار لە بواری پاراستنی ژینگە و بەردەوامیدان ڕادەگەیێنێت
زانکۆی کۆیە لە هەنگاوێکی گرنگ و بە دەستپێشخەری سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د محمد حسیب صدیق "خەڵاتی زانکۆ" بۆ باشترین پرۆژەی خوێندکار بۆ پاراستنی ژینگە و بەردەوامیدان ڕادەگەیێنێت.
ئەم خەڵاتە پشت دەبەستێت بە هەردوو کۆلەگەکانی زانکۆی سەوز و سەرکەوتنی خوێندکار لە پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە (٢.٢٣ - ٢٠٢٧) کە ئامانج لێی برەودانە بە توانای خوێندکاران و هاندانیان بۆ کارکردن لە بوارەکانی پاراستنی ژینگە و بەردەوامیدان کە هاوکات بەشێکن لە ڕوانگە و ئامانجەکانی گەشەی بەردەوامیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
لەچوارچێوەی ئەم دەستپێشخەرییەدا ١٨ خەڵات بۆ باشترین پرۆژەی خوێندکاران لە بواری پاراستنی ژینگە و بەردەوامیدان لە سەرجەم فاکەڵتیەکانی زانکۆمان دابینکراوە.
خەڵاتی پرۆژەی براوە لەسەر ئاستی فاکەڵتی بەم شێوەیەیە:
- خەلاتی یەکەم ( ٥٠٠,٠٠٠) پێنج سەد هەزار دینار
- خەڵاتی دووەم (٢٥٠,٠٠٠) دووسەد و پەنجا هەزار دینار
- خەڵاتی سێیەم (١٠٠,٠٠٠) سەد هەزار دینار.
شێوازی بەشداری کردن بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە سەرەتا پێویستە خوێندکار فۆرمی خواستی بەشداریکردن پڕ بکاتەوە لەرێگای ئەم بەستەرانەی خوارەوە
کوردی
https://forms.gle/tJarZoBDAnAGmNtPA
ئینگلیزی
https://forms.gle/zGSHeDw6GNvzUHPQ8
بۆ زانیاری دواوادە بۆ پێشکەشکردنی فۆرمی خواستی بەشداریکردن ڕێکەوتی ٢٠٢٥/٣/١٢ دەبێت.
لە دوای کۆتایی هاتنی پێشکەشکردنی فۆرمی ئاماژە پێکراو لە لایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە پڕۆژەکان هەڵسەنگاندنی سەرەتاییان بۆ دەکرێت و لە ماوەی یەک هەفتە ئەنجامەکان ڕادەگەیەنرێت.
پڕۆژە پەسەندکراوەکان دەبێت بەشێوازی کۆتایی (تەواوی پرۆژەکە) تا ٢٠٢٥/٥/١ پێشکەش بە لیژنە تایبەتمەندەکانی فاکەلتییەکان بکرێت بە مەبەستی هەلسەنگاندنی کۆتایی.
پڕۆژە سەرکەوتووەکان لە ڕێوڕەسمێکدا لە ڕۆژی شاری کۆیە لە ڕێکەوتی ٢٠٢٥/٥/١٥ کە هاوکاتە لەگەل یەکەم ساڵیادی راگەیاندنی دەسپێشخەری زانکۆی سەوز نمایش دەکرێن و خەڵات دەکرێن.
