کۆیە | ڕاگەیاندنی زانکۆ
لە دەستکەوتێکی بەرچاوی زانستیدا، خوێندکارێکی فاکەڵتیی ئەندازیاریی زانکۆی کۆیە توانی لە کێبڕکێی نێودەوڵەتیی «ئەکادیمیای هواوی» کە لە کۆماری میللیی چین بەڕێوەچوو، پلەی چوارەمی سەر ئاستی جیهان مسۆگەر بکات.
خوێندکار «مەدیەن نزمی فاخر»، کە لە بەشی ئەندازیاریی پڕۆگرامسازی دەخوێنێت، وەک ئەندامێکی تیمی عێراق لەو کێبڕکێیەدا بەشداری کرد. ئەم سەرکەوتنە پاش ئەوە هات کە تیمەکە بە سەرکەوتوویی سەرجەم قۆناغەکانی پاڵاوتنی لەسەر ئاستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، و دواتریش لەسەر ئاستی ١٩ وڵاتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست تێپەڕاند.
تیمی عێراق کە لە تەوەری «کۆمپیوتینگ»-دا بەشدارییان کردبوو، دوای بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی ناوچەیی، گەیشتنە قۆناغی کۆتایی پێشبڕکێکە لە وڵاتی چین؛ لەوێش لە نێوان باشترین نوێنەرانی زانکۆکانی سەرانسەری جیهاندا، توانییان پلەی چوارەمی جیهانی بەدەست بهێنن.
ئەم دەستکەوتە ڕەنگدانەوەی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیەیە بۆ بەهێزکردنی ئاستی زانستیی خوێندکاران و ئامادەکردنیان بۆ بازاڕی کاری نێودەوڵەتی، هەروەها پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەکادیمییەکان لەگەڵ کۆمپانیا پێشەنگەکانی جیهان وەک «هواوی»، تاوەکو دەرچووانی زانکۆ بتوانن لە کێبڕکێ زانستییەکاندا پێگەی خۆیان بسەلمێنن.
شایەنی باسە، ئەکادیمیای هواوی ساڵانە کێبڕکێیەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتی ڕێکدەخات. زانکۆی کۆیە بۆ سێیەم ساڵە لەسەریەک وەک پێشەنگ، نوێنەرایەتی تیمی عێراق دەکات و خوێندکارانی ئەم زانکۆیە بەردەوام لەم کێبڕکێیەدا دەستکەوتی ئاست بەرز تۆمار دەکەن.






محمد کریم سیدگوڵ | بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هەواڵسازی کوردی
زانیار محمد محمد امین | هەواڵسازی کوردی
هێمن ابوبکر ابراهیم | گرافیک دیزاینەر و ووێب سایت
ڕێبین اسود عوڵا | وەرگێڕ کوردی - ئینگلیزی
لاڤە سەرباز طاهر | وەرگێڕ کوردی - ئینگلیزی
دڵشاد جمیل کاکەڕەش | فۆتۆگرافەر
سامان فاتح | ئەندازیاری دەنگ