کۆیە | ڕاگەیاندنی زانکۆ
لە درێژەی هەوڵەکانی زانکۆی کۆیە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی وەرزشی و ڕەخساندنی کەشێکی تەندروست بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران، سەرۆکی زانکۆ پ.د. محمد ەسیب صدیق، یاریگەی فوتساڵی زانکۆی کردەوە.
ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، سەرۆکی زانکۆ پ.د. محمد حسیب صدیق، بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و بەڕێوەبەرانی ئەندازە و پڕۆژەکان، چالاکییە هونەری و وەرزشییەکان و ڕاگەیاندنی زانکۆ، یاریگەی فوتساڵەکەی کردەوە. یاریگەکە بە شێوازێکی هاوچەرخ و بەپێی پێوەرە ستانداردەکان نۆژەن کراوەتەوە و بە ڕووی وەرزشکارانی زانکۆدا کرایەوە.
پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەکە لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازە و پڕۆژەکانی زانکۆدا ئەنجام دراوە و سەرجەم پێداویستییە تەکنیکییەکانی تێدا ڕەچاو کراوە، تاوەکو یاریگەکە لە ئاستێکی بەرزدا بێت و وەک ناوەندێکی وەرزشی، مامۆستایان و فەرمانبەران بتوانن بۆ چالاکییەکانیان سوودی لێ ببینن.
لە کاتی کردنەوەی یاریگەکەدا، سەرۆکی زانکۆ پ.د. محمد ەسیب صدیق وێڕای دەستخۆشیکردن لە تیمی ئەندازیاران بۆ جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی پڕۆژەکە، ڕای گەیاند:
"گرنگیدان بەم جۆرە پڕۆژانە بەشێکە لە پلانی ستراتیژیی زانکۆ، بە مەبەستی باشترکردنی ژینگەی زانکۆ و هاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ ئەنجامدانی چالاکیی وەرزشی و ڕەخساندنی دۆخێکی تەندروست بۆیان."
جێی باسە، نۆژەنکردنەوەی ئەم یاریگەیە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاریی زانکۆی کۆیەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ژێرخانی دامەزراوەیی و خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵگەی زانکۆیی.










فۆتۆ | دڵشاد جمیل کاکەڕەش
گرافیک دیزاین | هێمن ابوبکر ابراهیم