سلێمانی | ڕاگەیاندنی زانکۆ
لە درێژەی چالاکییەکانی پێشانگای «Next Step»دا، پ.د. محمد حسیب صدیق، سەرۆکی زانکۆی کۆیە، لە پانێڵێکی تایبەتدا دەستپێشخەریی «زانکۆی سەوز» و ڕۆڵی دامەزراوە ئەکادیمییەکانی لە ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگە بەرەو داهاتوویەکی بەردەوام خستەڕوو.
لەو پانێڵەدا کە ڕۆژی شەممە، ١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ بەڕێوەچوو، سەرۆکی زانکۆی کۆیە بە وردی تیشکی خستە سەر چەمکی بەردەوامی و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پرسە تەنیا لە پاراستنی ژینگەوە سنووردار نابێت، بەڵکو سێ ڕەهەندی سەرەکیی ژینگەیی، کۆمەڵایەتی و ئابووری لەخۆ دەگرێت کە پێویستە وەک یەکەیەک مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
پ.د. محمد حسیب صدیق لە وتارەکەیدا دەستپێشخەریی «زانکۆی سەوز»ی وەک نەخشەڕێگەیەکی کرداری بۆ زانکۆکەی ناساند و ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجیان ئەوەیە کامپەسی زانکۆ بکەنە نموونەیەکی زیندوو بۆ ژینگەیەکی تەندروست. ئەم دەستپێشخەرییە کۆمەڵێک هەنگاوی گرنگی وەک: بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە، هاندانی گواستنەوەی پاک، بەڕێوەبردنی زیرەکانەی سەرچاوەکانی ئاو، پەرەپێدانی پرۆسەی پاشەڕۆ و ڕیسایکلکردن، هەروەها فراوانکردنی ڕووبەری سەوزایی و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ژینگەیی لەخۆ دەگرێت.
سەرۆکی زانکۆی کۆیە جەختی لەوە کردەوە کە کامپەسی زانکۆ دەبێت ببێتە «تاقیگەیەکی زیندوو»، کە تێیدا خوێندکاران نەک تەنها لە ڕووی تیۆرییەوە، بەڵکو بە شێوەی کرداری چەمکەکانی بەردەوامی ئەزموون بکەن و خۆیان بەشدار بن لە جێبەجێکردنی پرۆژەکاندا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پ.د. محمد حسیب صدیق ئاماژەی بە ڕەهەندە ئابوورییەکانی ئەم دەستپێشخەرییە کرد و ڕای گەیاند:
"ئەم هەنگاوانە کاریگەریی ئابووریی بەرچاویان دەبێت، بەتایبەتی لە ڕێگەی پەرەپێدانی «گەشتیاریی پەروەردەیی سەوز»، کە لە داهاتوودا دەبێتە هۆی ئەوەی کامپەسی زانکۆ ببێتە ناوەندێکی سەرنجڕاکێش بۆ خوێندکاران، قوتابخانەکان و دامەزراوە جیاوازەکان، تا لە ئەزموون و پرۆژە سەوزەکانی زانکۆی کۆیە فێر ببن."
لە کۆتایی پانێڵەکەدا، سەرۆکی زانکۆی کۆیە دووپاتی کردەوە کە دەستپێشخەریی زانکۆی سەوز تەنیا پڕۆژەیەکی ژینگەیی نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی هەمەلایەنەی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییە کە ئامانج لێی دروستکردنی کاریگەرییەکی درێژخایەنە لە دەرەوەی سنوورەکانی کامپەس و خزمەتکردن بە کۆی کۆمەڵگە.




فۆتۆ | نێکست ستێپ