زانکۆی کۆیە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ داوبەدوای پێشکەشکردنی پڕۆپۆزەڵێک لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی بەکارخستن بە ڕێکخراوی پڕۆگرامی جیهانیی خۆراک "WFP" بۆ ڕەخساندنی هەلی کار لە بواری کارسازیی کشتووکاڵی توانی پاڵپشتێکی دارایی بە بڕی ١١٤ ملیۆن دیناری عێراقی بەدەست بهێنێت.

 لە پەراوێزی خولێکی ڕاهێناندا  ٤٠ خوازیاری خاوەنکاربوون لە بواری کارسازیی کشتووکاڵی بەشداریان کرد و لەو ژمارەیە ٢٠ گەنجی شاری کۆیە کە پڕۆژەی کاریان پێشکەش کردبوو توانیان لەم پاڵپشتییە داراییە سوودمەندبن بۆ پەرەپێدانی کاری تایبەتی خۆیان.

خاوەن پڕۆژەکانی خولی کارسازی کشتووکاڵی کە لە بوارە جیاواز و جۆراوجۆرەکانی کشتووکاڵ وەک هەنگەوانی، ئاژەڵداری، بەرهەمهێنانی خۆراکی تەندروست و میوە و بەروبوومی کشتووکاڵی بەشداریان کردبوو لە ئێستادا هەریەکێکیان خاوەن کاری تایبەتی خۆیانن و لە دەرفەتی بەدەستهاتوو کەڵکیان وەرگرتووە بۆ سوودگەیاندن بەخۆیان و کۆمەڵگەی قەزای کۆیە.

بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی زانکۆی کۆیە لە ڕووماڵێکی میدیایی ئەم گەنجانەی قەزای کۆیەی بەسەرکردۆتەوە بەمەبەستی چاوپێکەوتن و هاوکات نیشاندانی کار و پڕۆژەکانی ئەوان لە بواری کارسازیی کشتووکاڵی.

 گلارە جعفر ابراهیم یەکێک لە خاوەن پڕۆژەکانی خولی ڕاهێنانی کارسازیی کشتووکاڵی بووە کە بە پڕۆژەی هەنگەوانی بەشداری کردبوو و لە ئێستادا خاوەنی کاری تایبەتی خۆیەتی لەم بوارە گرینگە کە دەتوانێت لە پێشخستن و بەرەپێشبردنی کواڵیتی بەرهەم و نوێگەریدا کاریگەر بێ، گلارە هاوکات دەرچووی بەشی جوگرافیای زانکۆی کۆیەیە و هەوڵدەدات لەڕێگەی پەرەپێدانی تەکنیک و ڕێکارە نوێیەکان لە بواری پڕۆژەکەیدا کاریگەری باشی لە بەرەپێشبردنی بواری کشتووکاڵ و بەرهەمی نێوخۆیی هەبێ.

Koya University

سکاڵا جوهر حەوێز یەکێکی تر لە دەرچووانی زانکۆی کۆیە و خاوەن پڕۆژەی خۆراکی بایتی تەندروستە و ئەم پڕۆژەیە ئامانجیەتی پارچەی خۆراک و شیرینی دروست بکات بە ڕێگایەکی تەندروست و بەتایبەتی بە بێ بەکارهێنانی چەوری، گلووتین و شەکر هاوکات بەرهەمەکانی ئەم پڕۆژەیە بە تەواوی سروشتین و هیچ بۆن و تامێکی دەستکرد لە پێکهاتەیاندا نییە، ئەم پڕۆژەیە کە یەکێکە لە پڕۆژە سەرکەوتووەکانی بواری کارسازی کشتووکاڵی هەوڵدەدات بە تێکەڵکردنی بواری کشتووکاڵ و تەندروستی خزمەت بە کۆمەڵگە بکات و ئەم نوێگەرییە ببێتە دەستپێکێک بۆ بەرهەمهێنانی خۆراک بە پێکهاتەیەکی تەندروست.

WFP & KOU

داستان نەورۆز حەوێز خاوەنی پڕۆژەی وشککردنەوەی میوە، سەوزە و چەرەسات یەکێکی تر لە سوودمەندبووانی بواری پڕۆژەی کارسازیی کشتووکاڵییە و ئێستا خاوەن کاری تایبەتی خۆیەتی، ئەم پڕۆژەیە یەکێکی تر لە پڕۆژەکانی کارسازیی کشتووکاڵییە و تێیدا بەرهەمە کشتووکاڵییەکان شێوازیان بەڕێگایەکی سروشتی و تەندروست دەگۆڕدرێت بۆ شێوازێکی وشککراو و پێکهاتەکەی خاڵییە لە هەر جۆرێکی ماددەی کیمیاوی زیانبەخش.

Koya University

پڕۆژەی پێگەیاندنی مەڕ یەکێکی تر لە پڕۆژەکانی کارسازیی کشتووکاڵییە و ئەم پڕۆژەیە بەخێوکردنی مەڕ لە تەمەنێکی بچووک و گەورەکردن و قەڵەوکردنیان لەڕێگای دابینکردنی خۆراک و پێداویستی تەندروست بۆیان و لەم ڕێگایەوە بەرهەمهێنانی گۆشتێکی بەکواڵیتی دەگرێتەخۆی خاوەنی ئەم پڕۆژەیە محمود احمد محمد و لە ئێستادا خاوەنی کاری تایبەتی خۆیەتی.

هەڵوێست خالید کریم یەکێکی تر لە خاوەن پڕۆژەکانی خولی گەشەپێدانی کارسازیی کشتووکاڵییە و خاوەنی پڕۆژەی بەخێوکردنی بەرخی عەرەبی، کوردی و هۆلەندییە و ئێستا پڕۆژەکەی دەستی بەکارکردووە ئامانجی ئەم پڕۆژەیە برەودانە بە پیشەی ئاژەڵداریی بە شێواز و تەکنیکی نوێ بەجۆرێک بتوانێ لە داهاتوودا وەکو کێڵگەیەکی بەخێوکردنی ئاژەڵ هەلی کار بۆ کەسانی دیکەش بڕەخسێنێ.

Koya University

پڕۆژەی خانووی پلاستیکی بۆ بەرهەمهێنانی بەروبوومی کشتووکاڵی یەکێکی تر لە پڕۆژە سەرکەوتووەکانی بواری کارسازیی کشتووکاڵییە ئامانج لەم پڕۆژەیە کارکردنە بۆ زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و بەمجۆرە پڕکردنەوەی داواکارییەکانی بازاڕ و ڕەخساندنی هەلی کار، خاوەنی ئەم پڕۆژەیە هاوار مجید عەلییە.

Koya University

Koya University

Koya University

ئەم پڕۆژانەی کە لەم ڕاپۆرتەی بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی زانکۆی کۆیە ئاماژەیان پێکراوە بەشێکن لەو پڕۆژانەی کە لە خوولی گەشەپێدانی کارسازیی کشتووکاڵی بە هاوکاری زانکۆی کۆیە لەگەڵ ڕێکخراوی پڕۆگرامی جیهانیی خۆراک بۆ ژمارەیەک گەنجی سنووری قەزای کۆیە دەستەبەرکراوە و زانکۆی کۆیە لەڕێگایەی پڕۆژەی لەمجۆرە و بەتایبەتی ڕەخساندنی هەل و دەرفەتی کارکردن بۆ گەنجان لە بواری جۆراوجۆر هەوڵ بۆ سوودگەیاندن بە کۆمەڵگەی نێوخۆیی و هاوکات بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و بەمجۆرە یارمەتیدانی کەرتی گشتی و حکوومەتییە لە ڕەخساندنی هەلی کار و فراوانکردنی بازاڕ.

News Date
Image
KOU & WFP