زانکۆی کۆیە پاڵپشت بە دروشمی نوێی زانکۆ واتە "زانکۆیەکی بەهێز بۆ کۆمەڵگەیەکی بەهێزتر" و کۆڵەکەی سەرەکیی "خزمەتکردنی کۆمەڵگە"ی پلانی ستراتیژیی زانکۆ لە مەڕاسیمێکی شایستەدا بەرگی دووەمی کتێبی "هەگبەی زاراوە ڕەسەنەکان"ی نووسەر و پێشمەرگەی دێرین "حەمید ڕەشاش"ی ناساند.

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی کۆیە بەڕێز پ.ی.د محمد حسیب صدیق و قائیمقامی قەزای کۆیە بەڕێز حاکم تارق حەیدەری، ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆی کۆیە و کەسایەتییە کارگێڕی، حیزبی و کۆمەڵایەتییەکانی شاری کۆیە لە مەڕاسیمێکی شایستەدا بەرگی دووەمی کتێبی "هەگبەی زاراوە ڕەسەنەکان"ی نووسەر و پێشمەرگەی دێرین "حەمید ڕەشاش"ی ناساند.

 سەرەتای مەڕاسیمەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

 بڕگەی دواتر سەرۆکی زانکۆی کۆیە بەرێز پ.ی.د محمد حسیب صدیق وتاری خۆی بەبۆنەی چاپکردنی بەرگی دووەمی کتێبی "هەگبەی زاراوە ڕەسەنەکان" لەلایەن زانکۆی کۆیەوە پێشکەشکرد.

 سەرۆکی زانکۆی کۆیە بەڕێز پ.ی.د محمد حسیب صدیق لەمیانەی وتارەکەیدا ئاماژەی بەڕۆڵی زانکۆ لە خزمەتکردنی نووسەران دا و گوتی:" خزمەتکردنی کۆمەڵگە و کۆمەڵگەی نووسەر و ڕۆشنبیرانی کوردستان و شاری کۆیە بە تایبەتی بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین و بەبشێکی گرنگی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیەی دادەنێین.

ئێمە وەک هەمیشە ئاماژەمان پێکردووە و باوەڕمان وایە کە زانکۆ بەشێکی دانەبڕاوی کۆمەڵگەیە و چاوەڕوانی گەورەی لێ دەکرێت لە خزمەتکردنی کۆمەڵگەدا بۆیە لەم ڕوانگەوە زانکۆمان دروشمی "زانکۆیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی بەهێزتر" ی هەڵگرتووە و کاری لەسەر دەکات."

 لەدرێژەی وتارەکەیدا سەرۆکی زانکۆی کۆیە بەڕێز پ.ی.د محمد حسیب صدیق گوتی:" ئێمە پێمان وایە بایەخدان بە بەرهەمی بەپێزی نووسەران و هاوکاریکردنی ڕووناکبیران لە ئەنجامدانی کار و چالاکییەکانیان لە ڕێگەی ئاسانکاری و خستنەگەڕی تواناکانی زانکۆ بۆیان، زانکۆ ئەرکێکی پیرۆز بەجێ دەگەینێت بەرامبەر بەو توێژە گرنگە لە کۆمەڵگەمان و ئەو بەستەڵەکەیش  دەتوێنێتەوە کە لە تێڕوانین و مامەلەی نێوان کۆمەڵگە و زانکۆ زۆرجار دروست بووە."

نمایشکردنی ڤیدیۆیەکی دۆکیۆمێنتاری سەبارەت بە ژیانی نووسەر و پێشمەرگەی دێرینی کوردستان خوالێخۆشبوو "حەمید ڕەشاش" بڕگەیەکی تری مەڕاسیمەکە بوو شایانی ئاماژەیە ئەم ڤیدیۆ دۆکیۆمێنتارییە لەلایەن کەناڵی گەلی کوردستان هەولێرەوە ئامادەکرابوو.

پاشان نووسەر م. سەلاح سەعدی کە پێشەکیی  بۆکتێبی "هەگبەی زاراوە ڕەسەنەکان"ی "حەمید ڕەشاش" نووسیوە وتارێکی پێشکەش کرد.

بڕگەی دواتر وتارەکانی هەریەک لە بەڕێزان کەمال محی الدین و مام تۆفیق حەسەن لێپرسراوی ناوەندی کاروباری کۆمەڵایەتیی هەولێر و نووسەر عەبدوالوهاب شێخانی دەگرتەخۆی پاشان وتاری بنەماڵەی بەڕێز حەمید ڕەشاش لەلایەن فەرهاد حەمید ڕەشاشەوە پێشکەش کرا.

لەکۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا خەڵاتی ڕێزلێنانی بنەماڵەی حەمید ڕەشاش لەلایەن فەرهاد حەمید ڕەشاشەوە پێشکەش بە سەرۆکی زانکۆی کۆیە بەڕێز پ.ی.د محمد حسیب صدیق کرا و هاوکات ئەندامانی لێژنەی چاپ پێکهاتوو لە بەڕێزان پ.د لوقمان وسو ئەمینداری ئەنجوومەنی زانکۆی کۆیە و سەرۆکی لێژنە، م.ی محمد کریم سەیدگوڵ بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی زانکۆی کۆیە و سەرپەرشتیاری چاپ، کاک هۆشمەند سەلیم و پ.ی.د هاوژین صلێوە  خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێبەخشرا.

Koya University

Koya University

Koya University

Koya University

Koya University

Koya University

Koya University

Koya University

Koya University

News Date
Image
Koya University