سەرۆکی زانکۆ قەڵغانی ڕێزلێنانی بەخشییە ڕاوێژکار و لێپرسراوی بەشی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نووسینگەی جێگری سەرۆک حکوومەتی هەرێمی کوردستان
لە پای هاوکارییان بۆ کار ئاسانی و درووستکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆنسوڵخانە و نوێنەرانی وڵاتان بۆ سەرخستنی سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی بواری نەوت لەژێر ناونیشانی بەڕیوەبردنی پاشماوەکان لە پیشەسازیی نەوت و غاز کە لە ٢٨-٣٠ نیسانی ٢٠٢٤ ئەنجامدرا، سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د. محمد حسیب صدیق قەڵغانی ڕێزلێنانی پێشکەشی ڕاوێژکار و لێپرسراوی بەشی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، د. پێشەوا محمد کرد.
ڕۆژی سێشەممە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د. محمد حسیب صدیق لە هەولێربە هاوەڵی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی کۆیە م.ی. محمد کریم سیدگوڵ سەردانی بەشی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نووسینگەی جێگری سەرۆک حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و لەوێ لەلایەن بەڕێزان ڕاوێژکار و لێپرسراوی بەشی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان د. پێشەوا محمد و ئاسمان بەهرۆز گەڵالی لە تیمی بەشی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان پێشوازییان لێکرا.
لە میانی دانیشتنێکدا، سەرۆکی زانکۆی کۆیە ستایشی ڕۆڵی د. پێشەوا و تیمەکەی کرد لە هاوکاریکرد و کارئاسانی و درووستکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆنسوڵخانە و نوێنەرانی وڵاتان بۆ سەرخستنی سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی بواری نەوت لەژێر ناونیشانی بەڕیوەبردنی پاشماوەکان لە پیشەسازیی نەوت و غاز کە لە ٢٨-٣٠ نیسانی ٢٠٢٤ ئەنجامدرا و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو پەیوەندییانە پاڵنەرێکی بەهێز بوون بۆ بەشداریکردنی نێردەی وڵاتە بیانییەکان و لە هەمووی گرنگتر واژووکردنی یادداشتنامەی لێکتێگەیشتن بوو لەگەڵ کۆمپانیای "Accelerate India".
هەر لە میانی دانیشتنەکەدا سەرۆکی زانکۆی کۆیە ئامادەکارییەکانی پرۆژەی زانکۆی سەوزی زانکۆی کۆیە خستەڕوو کە ڕۆژی ١٦ی ئایاری ٢٠٢٤ لەلایەن جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی-وە ڕاگەیەندرا و باسی لە گفتوگۆکانی زانکۆی کۆیەی کرد لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان سەبارەت بە دابینکردنی پاسی کارەبایی.
لای خۆیەوە ڕاوێژکار و لێپرسراوی بەشی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان د. پێشەوا محمد، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د. محمد حسیب صدیق کرد و ئامادەیی خۆی و تیمەکەی نیشاندا بۆ هاوکاریکردن و پەیوەندیکردن لەگەڵ کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتانی بیانی بۆ سەرخستنی پرۆژەی زانکۆ سەوز.
دواتر سەرۆکی زانکۆ، قەڵغانی ڕێزلێنانی زانکۆی کۆیەی پێشکەشی بەڕێزان ڕاوێژکار و لێپرسراوی بەشی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، د. پێشەوا محمد و ئاسمان بەهرۆز گەڵالی لە تیمی بەشی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان کرد.