سەرۆکی زانکۆی کۆیە لەگەڵ بەڕێوەبەر و  دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ئارۆ کۆبوویەوە

 سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د محمد حسیب صدیق لەگەڵ بەڕێوەبەر و دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ئارۆ کۆبوویەوە.

 ڕۆژی چوارشەممە ٣ی تەمووزی ٢٠٢٤ی زایینی، کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د. محمد حسیب صدیق، بەڕێوەبەر و دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ئارۆ بۆ تاوتوێ و گفتوگۆی چەندین بابەتی پەیوەندیدار بە گۆڤاری ئارۆ بەڕێوەچوو.

 سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د محمد حسیب صدیق لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای سوپاس و دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر و دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ئارۆ بەبۆنەی بەدەستهێنانی بەرزترین ئیمپاکت فاکتەر لەسەر ئاستی گۆڤارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هاوکات ئاماژەی بەگرینگی هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ پاراستنی پێگەی ئێستای ئارۆ  کرد و پاڵپشتی تەواوی دەربری بۆ گۆڤارەکە بە مەبەستی زیاتر بەرەو پێشچونی .

 شایانی باسە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بریتی بوون لە گەنگەشە کردنی چەندین بابەتی تایبەت بە گۆڤاری ئارۆ  لەوانە ئیمپاکت فاکتەری نوێی گۆڤاری ئارۆ، پێوەرە نوێیەکانی گۆڤاری ئارۆ، دروستکردنی Google Space بۆ ئەندامانی خێزانی ئارۆ، دروستکردنی ئەنجوومەنێکی ڕاوێژکاری بە گوێرەی پێوەرەکانی Clarivate Analytic .

 گۆڤاری "ئارۆ" یەکێکە لە گۆڤار و بڵاوکراوە ئاکادیمییەکانی  زانکۆی کۆیە و بابەت و توێژینەوەی بڵاوکراوەکانی گۆڤارەکە بوارەکانی زانستە ئەندازیارییەکان، تەندروستی، پزیشکی و زانستە سروشتییەکان دەگرێتەوە و لە ئێستادا ئەم گۆڤارە خاوەنی ئیمپاکت فاکتەری (IF=1.2) و ئەم ژمارەیە بەرزترین ئیمپاکت فاکتەرە لەسەرئاستی گۆڤارە ئاکادیمییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق.

News Date
Image
Koya University