شاندی زانکۆی کۆیە سەردانی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئەبوزەبی (ADNOC ) دەکات

شاندی زانکۆی کۆیە بەسەرۆکایەتی سەرۆکی زانکۆ لە وڵاتی ئیمارات لە ڕێکەوتی ٢٠٢٥/٢/٢٨ سەردانی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئەبوزەبی (ADNOC ) ی کرد. لەو چوارچێوەیەدا سەرۆکی زانکۆی کۆیە (پ.ی.د.محمد حسیب صديق) لەگەڵ بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوە و پەرەپێدانی تاقیکاریی لە کۆمپانیاکە  (د.ستیڤن مورین ) بەئامادەبوونی تیمی سەنتەرەکە و شاندی زانکۆی کۆیە کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

لە میانەی کۆبوونەوەکە هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی هەبوونی هەماهەنگی و پەیوەندی لە نێوان زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمییەکان و کەرتی پیشەسازی کردەوە و باس لە دەرفەتەکانی هەماهەنگی لەنێوان هەردوولا کرا بەتایبەتی لە بوارەکانی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی لەلایەن توێژەران و خوێندکارانی خوێندنی باڵا و ئەنجامدانی پشکنین لە تاقیگەکانی کۆمپانیا لە بواری پسپۆڕی کۆمپانیاکە.

جێی سەرنجە کە سەنتەری توێژینەوە و پەرەپێدانی تاقیکاریی لە کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئەبوزەبی (ADNOC) خاوەنی تاقیگەیەکی ناوازەن لە بواری پڕۆسە تاقیکارییەکان (Pilot - Processes) بەتایبەتی لەبواری پاڵاوتنی نەوت کە گرنگییەکی مەزنی هەیە لە ناساندنی پرۆسە جۆراوجۆرەکانی بواری نەوت بە خوێندکار و  هەڵسەنگاندن و هەڵبژاردنی پرۆسەی گونجاو بۆ پیشەسازی نەوت.

شایانی باسە زانکۆی کۆیە لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی (٢.٢٣ - ٢٠٢٧) کۆڵەگەی یەکەم کۆڵەگەی سەرکەوتنی خوێندکار و ئامادەسازییان بۆ بازاڕی کار بایەخێکی زۆر دەدات بە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کەرتی پیشەسازی و ئامانجییەتی پەرە بە توانای خوێندکاران بدات بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی کۆمپانیا جیاوازەکانی بواری پیشەسازی.

 Koya University

News Date
Image
Koya University