زانکۆی کۆیە پلەی یەکەمی لە ڕیزبەندیی "SCImago" لە هەردوو بواری ئەندازیاری و بیرکاری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانی بەدەستهێنا
زانکۆی کۆیە لە نوێترین ڕیزبەندیی نێودەوڵەتیی سایماگۆ (SCImago Institutions Rankings) بۆ ساڵی ٢٠٢٦ دەستکەوتێکی زانستیی گرینگی تۆمار کرد و توانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆ حکوومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئەندازیاری (Engineering) و ماتماتیک (Mathematics) بەدەستبهێنێت
هەروەها هەر بە گوێرەی ئەم ڕیزبەندییە نوێیە زانکۆی کۆیە لە بواری ڕیزبەندیی داهێنان (Innovation Rank) پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆ حکومییەکانی عێراق و کوردستان دەستەبەر کردووە.
سەرکەوتنێکی پشتبەستوو بە داتا
ڕیزبەندیی "SCImago(SIR)" سیستەمێکی هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتییە کە بە پشتبەستن بە داتا توێژینەوەی پێڕێستکراو لە "Scopus" زانکۆ و دامەزراوە ئاکادیمی و توێژینەوەییەکان لە سەرتاسەری جیهان هەڵدەسەنگێنێت، ئەم ڕیزبەندییە زانکۆ و دامەزراوەکانی لە چوارچێوەیەکی پۆلینەبەندیی گشتگیر و لەسەر بنەمای سێ کۆڵەکەی جێبەجێکردن (ئەدا)ی توێژینەوەیی، بەرهەمی داهێنان و کاریگەریی کۆمەڵایەتی هەڵسەنگاندووە.
جێبەجێکردن(ئەدا)ی توێژینەوەیی واتە Performance Research، یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ڕیزبەندییەکە نزیکەی ٪٥٠ی کۆی نمرەی هەڵسەنگاندنەکان پێکدەهێنێت و ئەم کۆڵەکەیە گرینگی دەدات بە پێوەرەکانی بەرهەمی زانستی، کاریگەریی بەڵگاندنی زانستی، نایابی بڵاوکراوەی پێڕێستکراوی زۆرترین پشتپێبەستراو، هەبوونی گۆڤاری بڵاوکراوە لە ئاستی Q1 و ڕێبەریی دامەزراوەییی توێژینەوە.
بەرهەمی داهێنان کۆڵەکەیەکی دیکەی ڕیزبەندییەکەیە و نزیکەی ٪٣٠ی کۆنمرەی هەڵسەنگاندنەکان دەگرێتەخۆی و پێوەرەکانی کاریگەریی تەکنۆلۆژیا و توێژینەوە ئاماژەپێدراوەکانی بواری داهێنان و توانای گواستنەوەی زانیاری، کاریگەریی کۆمەڵایەتی واتە Social Impact کۆڵەکەیەکی ترە کە نزیکەی ٪٢٠ی کۆنمرەی هەڵسەنگاندنەکانی لەسەرە و پێوەرەکانی بینراوی لە بیاڤی دیجیتاڵ، بڵاوکردنەوەی کراوە و ئامادەیی و بەردەستبوونی سەرهێڵ بە گرینگ هەژمار دەکات.
شوێندانەری ستراتیژی و سەرکردایەتیی دامەزراوەیی
بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لە هەردوو بواری ئەندازیاری و بیرکاریدا دەرخەری ئەوەیە کە زانکۆی کۆیە سەرکەوتووانە توانیویەتی بەرهەمی توێژینەوەی بەهێزی هەبێت و هاوکات کاریگەریی سەرچاوە بڵاوکراوەکانی زیاتر بوون و لەلایەکی ترەوە بەشداری و ئامادەییی بڵاوکراوەکانی زانکۆی کۆیە لە ئاستی گۆڤارە چارەکییەکان بە کواڵیتییەکی باشتر و کاریگەرتر جێبەجێ کراوە هەڵبەت هەبوونی ڕێبەری و سەرکردایەتی دروست و دامەزراوەییی توێژینەوە بەشێکی تر لە خاڵە ئەرێنی و بەهێزەکانی زانکۆی کۆیەن لەم ڕیزبەندییە.
لێپرسراوی هۆبەی ڕیزبەندیی زانکۆی کۆیە لەمیانەی لێداونێکی بۆ ڕاگەیاندنی زانکۆی کۆیە و سەبارەت بەم دەستکەوتە گوتی:
"ئەم دەستکەوتە ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆڵەکەی دووەمی پلانی ستراتیژی زانکۆی کۆیە یەکدەگرێتەوە، کە جەخت دەکاتە سەر بەهێزکردنی توێژینەوەی زانستی، باشترکردنی کوالیتی بڵاوکراوەکان، زیادکردنی کاریگەری سەرچاوەکان و فراوانکردنی هاوکاری ئەکادیمی نێودەوڵەتی."
دکتۆر ئەحمەد، جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتەکانی توێژینەوەی پێکهاتەی زانکۆ، پشتیوانی لە بڵاوکراوەی کاریگەر و پەرەپێدانی هاوبەشی جیهانی کلیلی بەدەستهێنانی پێشکەوتنی پێوانە لە ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بوون وگوتی:
"زانکۆی کۆیە لەم چەند ساڵەی دواییە گەشەی بەرچاوی کردوە لە بواری ریزبەندیە باوەرپێکراوە نێودەڵتیەکان هەر ئەمساڵ یەکەمین بەشداری زانکۆی کۆیە لە ڕیزبەندی QS و زانکۆکە بۆ یەکەمجار بە سەرکەوتوویی لە ڕیزبەندی زانکۆکانی هەرێمی عەرەبی QS تۆمار کراوە. ئەم دەستکەوتانە پێکەوە ڕەنگدانەوەی بەرزبوونەوەی کوالیتی و دەرکەوتن و دانپێدانانی نێودەوڵەتی ئەدای ئەکادیمی و توێژینەوەی زانکۆی کۆیە و دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی ستراتیژی بۆ نایابی و داهێنان و بەردەوامی کێبڕکێی جیهانی."
ڕوانگەی نێودەوڵەتی و پلانی ستراتیژیی تەوەر
ئەم دەسکەوتە بەشێکی گرینگە لە هەوڵەکانی زانکۆی کۆیە بۆ بەدەستهێنانی ئاستی ئاکادیمیی بەرز و بەهێزکردنی پێگەی ئاکادیمیی زانکۆ وەک دامەزراوەیەکی پێشەنگ لە هەرێمی کوردستان.
زانکۆی کۆیە خاوەنی پلانێکی ستراتیژیی گشتگیرە و ئەم پلانە حەوت کۆڵەکەی سەرەکیی هەیە و کۆڵەکەکانی "توێژینەوە و داهێنان" و "بەنێودەوڵەتیبوون و پێگەی جیهانی" زانکۆی کۆیەی پێداگر کردووە تاکوو وێڕای بردنەسەری کاریگەریی توێژینەوەیی هاوکات کار بۆ شوێندانەری توێژینەوەیی لە ئاستی جیهانییدا بکات و بەم جۆرە بەستێنێکی لەبار بۆ ئاڵوگۆڕ و هاوکاریی ئاکادیمیی فرەنەتەوەیی بڕەخسێنێت.
کۆڵەکەی "توێژینەوە و داهێنان"ی پلانی ستراتیژیی
کۆڵەکەی دووەمی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە تایبەت کراوە بە کۆڵەکەی سەرەکیی "توێژینەوە و داهێنان"، ئەم کۆڵەکەیە بە گرینگییەوە لە بابەت و پرسە پەیوەندیدارەکانی توێژینەوە و داهێنان دەڕوانێت چونکە ئەمانە بە سەرچاوەیەک بۆ کاریگەریی و یارمەتیدانی کۆمەڵگەی خۆجێی و جیهانی دەبینێت و هەروەها شوێندانەریان لە ڕەخساندنی هەلی نوێی کار لە بوارەکانی پەروەردە و پیشەسازی ڕەچاو دەکات.
ئەم کۆڵەکەیە لە چوار ئامانجی سەرەکی و چواردە ستراتیژی پێکهاتووە.
سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیە پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە ئاڕاستەی مامۆستایان، ستافی ئاکادیمی، ستافی کارگێڕی و خوێندکاران بە گشتی دەکات.




محمد کریم سیدگوڵ، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هەواڵسازی کوردی
زانیار محمد محمد امین، هەواڵسازی کوردی
هێمن ابوبکر ابراهیم، گرافیک دیزاینەر و ووێب سایت
ڕێبین اسود عوڵا، وەرگێڕ کوردی - ئینگلیزی
لاڤە سەرباز طاهر، وەرگێڕ کوردی - ئینگلیزی
دڵشاد جمیل کاکەڕەش، فۆتۆگرافەر
سامان فاتح، ئەندازیاری دەنگ