خوێندکار "سروە سەلام علی" لە بەشی ئەندازیاریی نەوت لە فاکەڵتیی ئەندازیاریی زانکۆی کۆیە دوابەدوای بەشداریکردنی لە پێشبڕکێی زانستیی " Middle East and North Africa SPE Student Paper Competition" توانی پلەی چوارەم لەو پێشبڕکێیەدا بەدەستبهێنێت.
ڕۆژی سێشەممە ٣ی گوڵان(بانەمەڕ)ی ٢٧٢٤ی کوردی بەرامبەر ٢٣ی نیسانی ٢٠٢٤ی زایینی، پێشبڕکێیەکی زانستی لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە شاری مەسقەتی پایتەختی سوڵتاننشینی عومان بەڕێوەچوو، ئەم پێشبڕکێیە دوابەدوای هەڵبژێردرانی ١٠ خوێندکار لە نێوان ١٣٠٠ خوێندکاری زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕێکخرابوو و تێیدا خوێندکاری زانکۆی کۆیە لە بەشی نەوت لە فاکەڵتیی ئەندازیاری "سروە سەلام عەلی" یەکێک بوو لەو خوێندکارە هەڵبژێردراوانە.
جێگەی ئاماژەیە توێژینەوەکەی خوێندکار سروە سەلام عەلی بە ناونیشانی: "Effects of corn fiber additive on water based mud filtration property" بوو و لەلایەن م.ی. محمد جمال سەرپەرشتیاری دەکرا.
زانکۆی کۆیە بەردەوام هەوڵیداوە خوێندکاران ببنە چەقی سەرنجی بەرنامە و پڕۆگرامی فێرکردن و بارهێنان و هاوکات کۆڵەکەی "سەرکەوتنی خوێندکار"ی پلانی ستراتیژیی زانکۆ کار بۆ ئەوە دەکات خوێندکاران لە ماوەی خوێندنی زانکۆییان بتوانن کارامەیی و زانیاریی پێویستی پیشەیی و ئاکادیمی دەستەبەر بکەن.