سەرۆکی زانکۆی کۆیە لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی یارۆسلاڤل و بەرپرسانی حکومی لە هەرێمی یارۆسلاڤل کۆدەبێتەوە 

سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د.محمد حسیب صديق لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ رووسیا و بەشداریکردنی لە دیداری نێودەوڵەتی “دیالۆگی  ئیۆرۆ ئاسیا بۆ خوێندنی باڵا و پەروەردە” لە رێکەوتی ٢٠ی ئاداری  ٢٠٢٥ لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی نیشتمانی یارۆسلاڤل پرۆفیسۆر میخائیل گروزدیڤ کۆبووەوە و کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی هەر یەک لە بەڕێز ئەلێکساندر خادیڕۆف  جێگری یەکەمی سەرۆکی زانکۆی نیشتمانی یارۆسڵاڤل و بەڕێز ماریا ئافێرینا ڕاگری فاکەڵتی زمانە بیانیەکان بەڕێوە چوو.

لە میانی کۆبوونەوەکدا سەرەتا بەڕێز سەرۆکی زانکۆی نیشتمانی یارۆسلاڤل زۆر بە گەرمی بەخێر هاتنی سەرۆکی زانکۆی کۆیە کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەو سەردانە و زۆر بە بایەخەوە لە ئامادەبوونی بەرێزیان لە دیداری نێودەوڵەتی “دیالۆگی  ئیۆرۆ ئاسیا بۆ خوێندنی باڵا و پەروەردە” دەڕوەانی و هەروەها  باسی لە گرنگی ئەم کۆبوونەوەیە کرد لە دانانی نەخشە رێگای کارکردن پێکەوە لە چوارچێوەی ئەو نامەی لێکتێگەیشتنەی لە نێوان هەردوو زانکۆ واژوو کراوە و لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە سوپاسی بەڕێز سەرۆکی زانکۆی نیشتمانی یارۆسلاڤڵ ی کرد بۆ ئەو پێشوازیە گەرمەی بەڕێزیان و پەرۆشیان بۆ دروست کردنی پەیوەندی ئەکادیمی لەگەڵ زانکۆی کۆیە.

دواتر بوارەکانی هەماهەنگی کردن لە نێوان هەردوو زانکۆ خرانە روو و هەردوو لا هاوڕابوون کە دەرفەتی گەورە هەیە بۆ هەماهەنگی کردن و دەتوانن لە بواری ئەکادیمی زۆر پرۆژەی هاوبەش ئەنجامبدەن و لەچوارچێوەی نامەی لێک تێگەیشتنی نێوان هەردوو زانکۆ پرۆژەکانی تایبەت بە چالاکی زانستی هاوبەش و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و ئاڵوگۆری ستاف و خوێندکاران بەشێک بوون لەو بوارانەی کە هەردوو لا رێکەوتن کاریان لەسەر بکەن. 

دوای ئەو کۆبوونەوە بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د. محمد حسیب صديق هەمان رۆژ کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی یارۆسلاڤڵ لە روسیا کە بریتی بوون لە هەر یەک لە بەڕێز خۆخریاکۆڤ دێنیس جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی یاروسلاڤڵ، بەڕێز گاڤریلوڤ ڤیاچیسلاڤ جێگری شارەوانی یاروسلاڤڵ بۆ پەیوەندییە گشتییەکان و پەیوەندیی نێودەوڵەتییەکان، خاتوو لەبێدێڤا ماریا سەرۆکی بەشێ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەنجومەنی حکومەتی هەرێمی یاروسلاڤڵ.

کۆبوونەوەکە بە ئامادە بوونی پرۆفیسۆر میخائیل گروزدیڤ سەرۆکی زانکۆی نیشتمانی یارۆسلاڤل و بەڕێز ئەلێکساندر خادیڕۆف  جێگری یەکەمی سەرۆکی زانکۆی نیشتمانی یارۆسڵاڤل و بەڕێز ماریا ئافێرینا ڕاگری فاکەڵتی زمانە بیانیەکان بەڕێوە چوو.

سەرەتا بەرپرسانی هەرێمەکە خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە سەردانی بەڕيز سەرۆکی  زانکۆی کۆیە بۆ هەرێمەکیان و پاڵپشتی تەواوی خۆیان دەربری بۆ ئەو هەماهەنگیەی لە نيوان هەردوو زانکۆی کۆیە و زانکۆی نیشتمانی یارۆسلاڤل دەکرێت و باسیان لە گرنگی ئەم جۆرە پەیوەندیە ئەکادیمیانە لە نیوان دامەزراوە ئەکادیمیەکان کرد کە دەکرێت رۆڵی گەورە بگێڕن لە پەرپێدانی پەیوەندی لە نێوان نەتەوە و وڵاتەکان. 

دواتر هەر یەک لە سەرۆکی زانکۆی کۆیە و سەرۆکی زانکۆی  نیشتمانی یارۆسلاڤل باسیان لە بوارەکانی هەماهەنگی نێوان هەردوو زانکۆ کرد بۆ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی یارۆسلاڤڵ و ئاماژەیان بە هەنگاوەکانی داهاتوو کرد لە کارکردنی هەردوو زانکۆ بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیەکانیان. 

شایانی باسە زانکۆی کۆیە لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی (٢.٢٣ - ٢٠٢٧) کۆڵەگەی پێنجەم کۆڵەگەی بەنێودەوڵەتی بوون و دەرکەوتنی جیهانی (Internationalization and Global Visibility) ئامانجییەتی پەرە بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بدات و سوود لە ئەزموونی زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان وەربگرێت لە بەرەوپێشچوون و پێگەی نێودەوڵەتی زانکۆ.

Koya University

Koya University

Koya University

News Date
Image
Koya University