سەرۆکی زانکۆی کۆیە سەردانی باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە وڵاتی رووسیا دەکات
سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د.محمد حسیب صديق لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ رووسیا و بەشداریکردنی لە دیداری نێودەوڵەتی “دیالۆگی ئیۆرۆ ئاسیا بۆ خوێندنی باڵا و پەروەردە” سەردانی باڵیۆزخانەی کۆماری عێراقی کرد لە مۆسکۆ و لە لایەن بەرێز ( خلیل عبود ) بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە رووسیا بەگەرمی پێشوازی لێکرا و کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.
لە میانەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی زانکۆی کۆیە کورتەیەکی دەربارەی زانکۆی کۆیە خستەڕوو و باسی لە کار و چالاکییەکانی زانکۆ کرد لەچوارچێوەی پلانی ستراتیژی زانکۆ (٢٠٢٣ -٢٠٢٧) هەروەها باسی لە سەردان و کۆبوونەوەکانی کرد لە هەرێمی یارۆسلاڤڵ لە رووسیا و بەشداریکردنیان لە دیداری نێودەوڵەتی “دیالۆگی ئیۆرۆ ئاسیا بۆ خوێندنی باڵا و پەروەردە” هەروەها هەماهەنگیکردنیان لەگەڵ زانکۆی نیشتمانی یارۆسلاڤل لەچوارچێوەی نامەی لێک تێگەیشتنی نێوان هەردوو زانکۆ.
لای خۆیەوە بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە رووسیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە هاتنی سەرۆکی زانکۆ و ئەم سەردانەی بەرز نرخاند و جەختی لەسەر دروستکردنی ئەم جۆرە پەیوەندییانە کردەوە هەروەها پاڵپشتی تەواوی باڵیۆزخانەی دەربڕی بۆ زانکۆکان لە هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە وڵاتی رووسیا .
جێی ئاماژەیە هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموون لە بواری خوێندنی باڵا لە نێوان زانکۆکان لە جیهان چونکە ئەو جۆرە پەیوەندییانە رۆڵی کاریگەر دەگێڕێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و پەرەپيدانی پەیوەندیەکان لە نێوان وڵاتان.
شایانی باسە زانکۆی کۆیە لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی (٢.٢٣ - ٢٠٢٧) کۆڵەگەی پێنجەم کۆڵەگەی بەنێودەوڵەتی بوون و دەرکەوتنی جیهانی (Internationalization and Global Visibility) ئامانجییەتی پەرە بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بدات و سوود لە ئەزموونی زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان وەربگرێت لە بەرەوپێشچوون و پێگەی نێودەوڵەتی زانکۆ.
