زانکۆی کۆیە پلەی یەکەمی لە ڕیزبەندیی "SCImago" لە هەردوو بواری ئەندازیاری و بیرکاری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانی بەدەستهێنا

 زانکۆی کۆیە لە نوێترین ڕیزبەندیی نێودەوڵەتیی سایماگۆ (SCImago Institutions Rankings) بۆ ساڵی ٢٠٢٦ دەستکەوتێکی زانستیی گرینگی تۆمار کرد و توانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆ حکوومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئەندازیاری (Engineering) و ماتماتیک  (Mathematics) بەدەستبهێنێت

هەروەها هەر بە گوێرەی ئەم ڕیزبەندییە نوێیە زانکۆی کۆیە لە بواری ڕیزبەندیی داهێنان (Innovation Rank) پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆ حکومییەکانی عێراق و کوردستان دەستەبەر کردووە. 

سەرکەوتنێکی پشتبەستوو بە داتا

ڕیزبەندیی "SCImago(SIR)" سیستەمێکی هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتییە کە بە پشتبەستن بە داتا توێژینەوەی پێڕێستکراو لە "Scopus" زانکۆ و دامەزراوە ئاکادیمی و توێژینەوەییەکان لە سەرتاسەری جیهان هەڵدەسەنگێنێت، ئەم ڕیزبەندییە زانکۆ و دامەزراوەکانی لە چوارچێوەیەکی پۆلینەبەندیی گشتگیر و لەسەر بنەمای سێ کۆڵەکەی جێبەجێکردن (ئەدا)ی توێژینەوەیی، بەرهەمی داهێنان و کاریگەریی کۆمەڵایەتی هەڵسەنگاندووە.

جێبەجێکردن(ئەدا)ی توێژینەوەیی واتە Performance Research، یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ڕیزبەندییەکە نزیکەی ٪٥٠ی کۆی نمرەی هەڵسەنگاندنەکان پێکدەهێنێت و ئەم کۆڵەکەیە گرینگی دەدات بە پێوەرەکانی بەرهەمی زانستی، کاریگەریی بەڵگاندنی زانستی، نایابی بڵاوکراوەی پێڕێستکراوی زۆرترین پشتپێبەستراو، هەبوونی گۆڤاری بڵاوکراوە لە ئاستی Q1 و ڕێبەریی دامەزراوەییی توێژینەوە.

بەرهەمی داهێنان کۆڵەکەیەکی دیکەی ڕیزبەندییەکەیە و نزیکەی ٪٣٠ی کۆنمرەی هەڵسەنگاندنەکان دەگرێتەخۆی و پێوەرەکانی کاریگەریی تەکنۆلۆژیا و توێژینەوە ئاماژەپێدراوەکانی بواری داهێنان و توانای گواستنەوەی زانیاری، کاریگەریی کۆمەڵایەتی واتە Social Impact کۆڵەکەیەکی ترە کە نزیکەی ٪٢٠ی کۆنمرەی هەڵسەنگاندنەکانی لەسەرە و پێوەرەکانی بینراوی لە بیاڤی دیجیتاڵ، بڵاوکردنەوەی کراوە و ئامادەیی و بەردەستبوونی سەرهێڵ بە گرینگ هەژمار دەکات.

شوێندانەری ستراتیژی و سەرکردایەتیی دامەزراوەیی

بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لە هەردوو بواری ئەندازیاری و بیرکاریدا دەرخەری ئەوەیە کە زانکۆی کۆیە سەرکەوتووانە توانیویەتی بەرهەمی توێژینەوەی بەهێزی هەبێت و هاوکات کاریگەریی سەرچاوە بڵاوکراوەکانی زیاتر بوون و لەلایەکی ترەوە بەشداری و ئامادەییی بڵاوکراوەکانی زانکۆی کۆیە لە ئاستی گۆڤارە چارەکییەکان بە کواڵیتییەکی باشتر و کاریگەرتر جێبەجێ کراوە هەڵبەت هەبوونی ڕێبەری و سەرکردایەتی دروست و دامەزراوەییی توێژینەوە بەشێکی تر لە خاڵە ئەرێنی و بەهێزەکانی زانکۆی کۆیەن لەم ڕیزبەندییە.

لێپرسراوی هۆبەی ڕیزبەندیی زانکۆی کۆیە لەمیانەی لێداونێکی بۆ ڕاگەیاندنی زانکۆی کۆیە و سەبارەت بەم دەستکەوتە گوتی:

"ئەم دەستکەوتە ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆڵەکەی دووەمی پلانی ستراتیژی زانکۆی کۆیە یەکدەگرێتەوە، کە جەخت دەکاتە سەر بەهێزکردنی توێژینەوەی زانستی، باشترکردنی کوالیتی بڵاوکراوەکان، زیادکردنی کاریگەری سەرچاوەکان و فراوانکردنی هاوکاری ئەکادیمی نێودەوڵەتی."

دکتۆر ئەحمەد، جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتەکانی توێژینەوەی پێکهاتەی زانکۆ، پشتیوانی لە بڵاوکراوەی کاریگەر و پەرەپێدانی هاوبەشی جیهانی کلیلی بەدەستهێنانی پێشکەوتنی پێوانە لە ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بوون وگوتی:

"زانکۆی کۆیە لەم چەند ساڵەی دواییە  گەشەی بەرچاوی کردوە لە بواری ریزبەندیە باوەرپێکراوە نێودەڵتیەکان  هەر ئەمساڵ یەکەمین بەشداری زانکۆی کۆیە لە ڕیزبەندی QS و زانکۆکە بۆ یەکەمجار بە سەرکەوتوویی لە ڕیزبەندی زانکۆکانی هەرێمی عەرەبی QS تۆمار کراوە. ئەم دەستکەوتانە پێکەوە ڕەنگدانەوەی بەرزبوونەوەی کوالیتی و دەرکەوتن و دانپێدانانی نێودەوڵەتی ئەدای ئەکادیمی و توێژینەوەی زانکۆی کۆیە و دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی ستراتیژی بۆ نایابی و داهێنان و بەردەوامی کێبڕکێی جیهانی."

ڕوانگەی نێودەوڵەتی و پلانی ستراتیژیی تەوەر

ئەم دەسکەوتە بەشێکی گرینگە لە هەوڵەکانی زانکۆی کۆیە بۆ بەدەستهێنانی ئاستی ئاکادیمیی بەرز و بەهێزکردنی پێگەی ئاکادیمیی زانکۆ وەک دامەزراوەیەکی پێشەنگ لە هەرێمی کوردستان.

زانکۆی کۆیە خاوەنی پلانێکی ستراتیژیی گشتگیرە و ئەم پلانە حەوت کۆڵەکەی سەرەکیی هەیە و کۆڵەکەکانی "توێژینەوە و داهێنان" و "بەنێودەوڵەتیبوون و پێگەی جیهانی" زانکۆی کۆیەی پێداگر کردووە تاکوو وێڕای بردنەسەری کاریگەریی توێژینەوەیی هاوکات کار بۆ شوێندانەری توێژینەوەیی لە ئاستی جیهانییدا بکات و بەم جۆرە بەستێنێکی لەبار بۆ ئاڵوگۆڕ و هاوکاریی ئاکادیمیی فرەنەتەوەیی بڕەخسێنێت.

کۆڵەکەی "توێژینەوە و داهێنان"ی پلانی ستراتیژیی

 کۆڵەکەی دووەمی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە تایبەت کراوە بە کۆڵەکەی سەرەکیی "توێژینەوە و داهێنان"، ئەم کۆڵەکەیە بە گرینگییەوە لە بابەت و پرسە پەیوەندیدارەکانی توێژینەوە و داهێنان دەڕوانێت چونکە ئەمانە بە سەرچاوەیەک بۆ کاریگەریی و یارمەتیدانی کۆمەڵگەی خۆجێی و جیهانی دەبینێت و هەروەها شوێندانەریان لە ڕەخساندنی هەلی نوێی کار لە بوارەکانی پەروەردە و پیشەسازی ڕەچاو دەکات.

ئەم کۆڵەکەیە لە چوار ئامانجی سەرەکی و چواردە ستراتیژی پێکهاتووە.

سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیە پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە ئاڕاستەی مامۆستایان، ستافی ئاکادیمی، ستافی کارگێڕی و خوێندکاران بە گشتی دەکات.

Koya University Secures Top Spot in Kurdistan Region for Mathematics and Engineering in SCImago RankingsKoya University Secures Top Spot in Kurdistan Region for Mathematics and Engineering in SCImago RankingsKoya University Secures Top Spot in Kurdistan Region for Mathematics and Engineering in SCImago Rankings

Koya University Secures Top Spot in Kurdistan Region for Mathematics and Engineering in SCImago Rankings

News Date
Image
first rank in the Innovation Rank among all public universities in both Iraq and the Kurdistan Region.
Description / Summary
هەواڵ و بڵاوکراوە میدیاییەکانی ئەم وێبسایتە لەلایەن تیمی ڕاگەیاندنی زانکۆی کۆیەوە ئامادەکراون:
محمد کریم سیدگوڵ، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هەواڵسازی کوردی
زانیار محمد محمد امین، هەواڵسازی کوردی
هێمن ابوبکر ابراهیم، گرافیک دیزاینەر و ووێب سایت
ڕێبین اسود عوڵا، وەرگێڕ کوردی - ئینگلیزی
لاڤە سەرباز طاهر، وەرگێڕ کوردی - ئینگلیزی
دڵشاد جمیل کاکەڕەش، فۆتۆگرافەر
سامان فاتح، ئەندازیاری دەنگ