دەرچوویەکی فاکەڵتیی پزیشکیی زانکۆی کۆیە هەڵەی سێ کتێبی بواری پزیشکی ڕاست کردەوە
خوێندکار "مەهدی صالح احمد" دەرچووی فاکەڵتیی پزیشکیی زانکۆی کۆیە دوابەدوای دۆزینەوەی هەڵە لە سێ کتێبی بواری پزیشکی و پەیوەندیکردنی بە نووسەرانی کتێبەکانەوە توانی ئەو هەڵانە ڕاست بکاتەوە.
ئەو کتێبە پزیشکییانەی کە ناوبراو هەڵەکانی تێدا دۆزیبووەوە تایبەت بوون بە بوارەکانی نەشتەرگەریی گشتی و فریاکەوتن کە بوارگەلێکی هەستیاری پزیشکییە، خوێندکارانی پزیشکیی زانکۆی کۆیە پێشووتریش توانیبوویان لە چەندین کتێبی بواری پزیشکی هەڵە بدۆزنەوە و لە چاپە نوێیەکانی ئەو کتێبانەدا هەڵەکان ڕاست بکرێنەوە و ئەمەش دەرخەری وردبینی و توانایی خوێندکارانی زانکۆی کۆیەیە.
پزیشکانی لاوی بەرپرسیار و توانای زانکۆی کۆیە
زانکۆی کۆیە پالپشت بە پلانێکی ستراتیژیی گشگیر کار دەکات بۆ کاریگەری و شوێندانەری لە بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی هاوکات کۆڵەکەی یەکەمی پلانی ستراتیژی تایبەت کراوە بە کۆڵەکەی سەرەکیی "سەرکەوتنی خوێندکاران"، کۆڵەکەیەک کە پێدانی ئەزموون و شارەزایی پێویستی ڕکابەریی بازاڕی کار و هەروەها باوەڕبەخۆبوون و دەکارکردنی تواناییەکان بەشێکن لە ئامانجەکانی، مەهدی صالح احمد دەرچووی فاکەڵتیی پزیشکیی گشتیی زانکۆی کۆیە دەربارەی یەکێک لەو هەڵانەی دۆزیویەتەوە لە کتێبی ": bailey and love's short practice of surgery" تایبەت بە بواری نەشتەرگەری ئاماژەی بەوە کرد لەم کتێبەدا ڕێژەی دەرمانی پێویست بۆ جارەسەری نەخۆشییەکی پەیوەندیدار بە ڕژێنی تیرۆید (Thyroid Gland) یان ڕژێنی دەرەقی واتە "thyrotoxic crisis" زیاتر لە بڕی پێویست نووسرا بوو هەربۆیە دوابەدوای پەیوەندییم لەگەل نووسەری کتێبەکە دڵنیایان کردمەوە کە لە چاپی نوێدا هەڵەکە ڕاست دەکرێتەوە.
کتێبەکانی "Rosen's emergency medicine" و " Tintinalli's Emergency Medicine" دوو کتێبی بواری فریاکەوتنن کە دەرچووەکەی زانکۆی کۆیە توانیوویەتی هەڵەیان تێدا بدۆزێتەوە و لە نووسەرانیەوە وەڵامی ڕاست کردنەوەیانی لە چاپی نوێدا وەرگرتووە.
سەرکەوتنی خوێندکار و کۆڵەکەی یەکەمی پلانی ستراتیژی
ساڵی ٢٠٢٣ و لە مانگی ئەیلوولدا زانکۆی کۆیە بە ڕاگەیاندنی پلانی ستراتیژیی خۆی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣-٢٠٢٧ هەنگاوێکی مێژووی دەست پێکرد و ئەم هەنگاوە لە خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ دەرهاویشتەکانی کۆمەڵگەی خۆوڵاتی، ناوچەیی و نێونەتەوەیی سەرچاوەی گرتبوو.
کۆلەکەی یەکەمی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە بە ناونیشانی "سەرکەوتنی خوێندکاران و ئامادەسازییان بۆ بازاڕی کار" کۆڵەکەیەکی تایبەتمەندە بۆ دەستەبەرکردن و دابینکردنی زانیاری، زانست و ئەزموونی پێویست بۆ خوێندکاران کە توانایی کێبەرکێیان لە بازاڕی کاردا پێببەخشێت و هەروەها باوەڕبەخۆبوون و متمانە لەلای خوێندکار دروست بکات کە باوەڕمەند بێت بە تواناییەکانی بۆ شوێندانەری و خزمەتکردنی کۆمەڵگەکەی و داهاتووی.

هەواڵ و بڵاوکراوە میدیاییەکانی ئەم وێبسایتە لەلایەن تیمی ڕاگەیاندنی زانکۆی کۆیەوە ئامادەکراون:
محمد کریم سیدگوڵ، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هەواڵسازی کوردی
زانیار محمد محمد امین، هەواڵسازی کوردی
هێمن ابوبکر ابراهیم، گرافیک دیزاینەر و ووێب سایت
ڕێبین اسود عوڵا، وەرگێڕ کوردی - ئینگلیزی
لاڤە سەرباز طاهر، وەرگێڕ کوردی - ئینگلیزی
دڵشاد جمیل کاکەڕەش، فۆتۆگرافەر
سامان فاتح، ئەندازیاری دەنگ