کۆیە | ڕاگەیاندنی زانکۆ
زانکۆی کۆیە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ وەک یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی دەوامی فەرمیی خوێندکاران لە سەرجەم فاکەڵتی و بەشەکانی زانکۆ دیاری کرد
ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، ئەنجوومەنی زانکۆی کۆیە بە سەرۆکایەتیی پ.د. محمد حسیب صدیق، سەرۆکی زانکۆ و بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بۆ ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧) ساز کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی زانکۆ زنجیرەیەک تەوەرەی گرنگی پەیوەست بە کاروباری ئەکادیمی و کارگێڕیی تاوتوێ کرد و بڕیاری پێویستی لەبارەوە دان، لەوانە:
پەسەندکردنی ڕۆژژمێری ئەکادیمی:
ئەنجوومەن بە کۆی دەنگ ڕۆژژمێری ساڵی نوێی خوێندنی پەسەند کرد؛ بەپێی ئەم خشتەیە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ وەک یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی دەوامی فەرمیی خوێندکاران لە سەرجەم فاکەڵتی و بەشەکانی زانکۆ دیاری کرا.
پەرەپێدانی ژینگەی زانستی و ژێرخان:
بەشێکی تری کۆبوونەوەکە تەرخان کرا بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو کار و پڕۆژانەی لەپێناو نۆژەنکردنەوە و گەشەپێدانی هۆڵەکانی خوێندن و تاقیگە زانستییەکان ئەنجام دراون. جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوانە، ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبارترە بۆ خوێندکاران و توێژەرانی زانکۆ.
ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازی لە خوێندکاران:
ئەنجوومەن بە وردی لە ئاستی ئامادەکاریی فاکەڵتییەکان، بەشەناوخۆییەکان و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان کۆڵییەوە بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی پێداویستییەکان و پێشوازیکردنێکی شایستە لە خوێندکاران.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی زانکۆ پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی مامۆستایان، فەرمانبەران و خوێندکاران کرد و هیوای خواست ئەمساڵ ببێتە ساڵی دەستکەوتی زانستی و برەودان بە کوالێتیی خوێندن. هەروەها، هیوای خواست ساڵی نوێی خوێندن پڕ بێت لە ئاسودەیی بۆ سەرجەم مامۆستایان، فەرمانبەران و کەسوکاری خوێندکاران، هاوکات ڕێنمایی پێویستیش بۆ سەرخستنی پرۆسەی خوێندن لە ساڵی نوێدا دەرکرا.












-----
هەواڵ و بڵاوکراوە میدیاییەکانی ئەم وێبسایتە لەلایەن تیمی ڕاگەیاندنی زانکۆی کۆیەوە ئامادەکراون:
محمد کریم سیدگوڵ | بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هەواڵسازی کوردی
زانیار محمد محمد امین | هەواڵسازی کوردی
هێمن ابوبکر ابراهیم | گرافیک دیزاینەر و ووێب سایت
ڕێبین اسود عوڵا | وەرگێڕ کوردی - ئینگلیزی
لاڤە سەرباز طاهر | وەرگێڕ کوردی - ئینگلیزی
دڵشاد جمیل کاکەڕەش | فۆتۆگرافەر
سامان فاتح | ئەندازیاری دەنگ