کۆیە | ڕاگەیاندنی زانکۆ
ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، بەشی پەروەردە و دەروونزانی لە فاکەڵتیی پەروەردەی زانکۆی کۆیە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کۆڵەکەی "خزمەتکردنی کۆمەڵگە" لە پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە (٢٠٢٣–٢٠٢٧) و بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروبار زانستی و خوێندنی باڵا پ.د. هشیار زکی، یاریدەدەری راگری فاکەڵتیی پەروەردە پ.ی.د. ئالان صلاح سعدی، مامۆستایان و خوێندکاران، وۆرکشۆپێکی بە ناونیشانی "کارامەیییە پەروەردەییەکانی مامۆستا و داهاتوویەکی پرشنگدار" لە هۆڵی سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیە بەڕێوە برد.
دەستپێکی وۆرکشۆپەکە و وتاری سەرۆکی بەش
وۆرکشۆپەکە بە وتارێکی پ.ی.د. بەهات عەبدولڕەزاق، سەرۆکی بەشی پەروەردە و دەروونزانی دەستی پێ کرد، کە تێیدا تیشکی خستە سەر گرنگیی ڕێکخستنی ئەم جۆرە چالاکییە زانستییانە بۆ برەودان بە ژینگەی فێرکاری. هاوکات تێڕوانین و دیدگای بەشی پەروەردە و دەروونزانیی لە بواری پەرەپێدانی توانای پیشەیی و ئەکادیمیی مامۆستایان و گونجاندنیان لەگەڵ مۆدێلە نوێیەکانی پەروەردە ڕوون کردەوە.
پانێلی زانستی و پێشکەشکارانی بابەتەکان
دواتر پانێلی زانستیی وۆرکشۆپەکە بەڕێوەچوو، کە م.ی. حازم عەلی ڕەمەزان سەرپەرشتی دەکرد. لە میانی پانێلەکەدا، هەریەک لە د. هاژە تەها مەحموود، د. شیرین سەعید کەریم، م.ی. بەسیدە حەیدەر و م. پایز خالید سابیر بە پێشکەشکردنی توێژینەوە و سەرنجە زانستییەکانیان بەشدارییەکی کارایان کرد. تەوەرە پێشکەشکراوەکان جەختیان لەسەر گۆڕینی میتۆدە باوەکانی وانەوتنەوە بۆ مۆدێلی کارلێککارانە، پەرەپێدانی کارامەیییەکانی پەیوەندیکردن و بەڕێوەبردنی سەرکەوتووانەی پۆل کردەوە؛ لەپاڵ بەهێزکردنی پردی هەماهەنگیی نێوان ناوەندە زانستییەکان و پێداویستییە هەنووکەیییەکانی کەرتی پەروەردە.
بەردەوامیی بەرنامە پەرەپێدەرەکان لە پلانی ستراتیژیدا
زانکۆی کۆیە لە چوارچێوەی بەدیهێنانی ئامانجەکانی پلانی ستراتیژیی خۆی (٢٠٢٣–٢٠٢٧) بەردەوامە لە ئەنجامدانی وۆرکشۆپ و ڕاهێنانی بەردەوام، بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی توانا مرۆییەکان و بەرزکردنەوەی کارامەییی ستافی ئەکادیمی بەپێی پێوەرە جیهانییەکانی سەردەم، کە ئەمەش پایەیەکی سەرەکییە بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتیی خوێندن و خزمەتکردنی پرۆسەی پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا.








فۆتۆ | دڵشاد جمیل کاکەڕەش
گرافیک دیزاین | هێمن ابوبکر ابراهیم