کۆیە | ڕاگەیاندنی زانکۆ 

پاراستنی پێگە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان

بەپێی نوێترین ئەنجامەکانی ڕیزبەندیی نێودەوڵەتیی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی (QS Arab Region University Rankings 2027)، زانکۆی کۆیە بۆ دووەم ساڵی لەسەریەک، پێگەی پێشەنگی خۆی لەنێو پێنج زانکۆی حکومیی هەرێمی کوردستاندا پاراست. لەم ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییەدا، زانکۆی کۆیە پلەی پێنجەمی لەسەر ئاستی زانکۆ حکومییەکان و پلەی شەشەمی لەسەر ئاستی گشت زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستانی بەدەستهێنا، بەمەش پێگەی بەهێزی خۆی لە کایەی خوێندنی باڵای ناوچەکەدا چەسپاند.

پێگەی زانکۆ لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لەنێو کێبڕکێیەکی تونددا

ئەم دەستکەوتە لە کاتێکدایە کە کێبڕکێیەکی توند لەنێوان زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی عەرەبیدا هەیە. سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی ئەو زانکۆیانەی لە ڕیزبەندییەکەدا بەشدارن، زانکۆی کۆیە توانیویەتی بە سەرکەوتوویی پێگەی خۆی لە هەرێمی کوردستان بپارێزێت. هەروەها لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبی، لە ڕیزبەندیی (١٦١–١٧٠) جێگیر بوو، کە ئەوەش نیشاندەری ئامادەیی و ناوبانگی بەردەوامی ئەم ناوەندە ئەکادیمییەیە لەم سیستەمە نێودەوڵەتییەدا.

پێوەرە زانستییەکانی هەڵسەنگاندنی دامەزراوەی «QS»

ڕیزبەندیی ساڵانەی «QS» بۆ وڵاتانی عەرەبی، پشت بە دە پێوەری سەرەکی دەبەستێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی زانکۆکان، لەوانە: ناوبانگی ئەکادیمی (٣٠٪)، ناوبانگی لای خاوەنکاران (٢٠٪)، ڕێژەی مامۆستا بۆ خوێندکار (١٥٪)، تۆڕی توێژینەوەی نێودەوڵەتی (١٠٪)، کاریگەریی وێبسایت (٥٪)، ڕێژەی ئەو مامۆستایانەی هەڵگری بڕوانامەی دکتۆران (٥٪)، ژمارەی ئاماژەپێدان بۆ هەر توێژینەوەیەک (٥٪)، ژمارەی توێژینەوە بۆ هەر مامۆستایەک (٥٪)، ڕێژەی مامۆستایانی نێودەوڵەتی (٢٫٥٪)، و ڕێژەی خوێندکارانی نێودەوڵەتی (٢٫٥٪). ئەم میتۆدە پێشکەوتووە لە ڕێگەی تێکەڵکردنی ڕاپرسییە ئەکادیمییەکان و داتای وردی توێژینەوە، هەڵسەنگاندنێکی هەمەلایەنە بۆ توانستەکانی زانکۆ پێشکەش دەکات.

ڕەنگدانەوەی پلانی ستراتیژی و گەشەپێدانی زانکۆ

ئەم بەردەوامییە بەرهەمی هەنگاوە کردەیییەکانی جێبەجێکردنی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە (٢٠٢٣–٢٠٢٧)ـە؛ بەتایبەت لە بوارەکانی سەرکەوتنی خوێندکاران و ئامادەکردنیان بۆ بازاڕی کار، پەرەپێدانی توێژینەوە و داهێنان، نێودەوڵەتیکردن، بەدیجیتاڵکردنی زانکۆ و ژینگەی ژیر، و پەرەپێدانی بەردەوام. هاوکات لەپاڵ دەستپێشخەریی «زانکۆی سەوز»، زانکۆی کۆیە بەردەوامە لە بەرزکردنەوەی کوالێتیی خوێندن و بەهێزکردنی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان بە ئاراستەی پێشکەوتنی زیاتر لە ڕیزبەندییە جیهانییەکاندا. 

Koya University Reaffirms Its Leading Position in the QS Arab Region University Rankings 2027

News Date
Image
Koya University Reaffirms Its Leading Position in the QS Arab Region University Rankings 2027
Description / Summary
نووسین و هەواڵ و بڵاوکردنەوە | محمد کریم سیدگوڵ
گرافیک دیزاین | هێمن ابوبکر ابراهیم