کۆیە | ڕاگەیاندنی زانکۆ 

لە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە پێگەی مێژوویی و هەلومەرجی سەرمایەگوزاریی کەلتووری و ئابووریی شاری ڕواندز، دووەمین کۆنفرانسی زانستی بە ناونیشانی "پێگەی ڕواندز لە ئەزموونی فەرمانڕەواییی مێژووییەوە بۆ سەرمایەگوزاریی کەلتووری و ئابووری" بەڕێوەچوو. لەم کۆنفرانسەدا، ژمارەیەک لە مامۆستایانی فاکەڵتیی پەروەردەی زانکۆی کۆیە، بە کۆمەڵێک توێژینەوەی ئەکادیمیی بەبڕشت بەشدارییان کرد.

لە میانی دانیشتنەکانی کۆنفرانسەکەدا، هەردوو مامۆستای بەشی پەروەردە و دەروونزانی، م.ی. بەسیدە حەیدەر ئەنوەر و م.ی. حازم عەلی ڕەمەزان، توێژینەوەیەکی هاوبەشیان بە ناونیشانی "پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری و کاریگەریی لەسەر چۆنایەتیی ژیان لای دانیشتووانی شاری ڕواندز" پێشکەش کرد.

مامۆستایانی بەشی زمانی کوردی لە فاکەڵتیی پەروەردە بەشدارییەکی بەرچاویان هەبوو؛ پ.ی.د. ڕۆژگار محەمەد سابیر و م. ساکار ئەکرەم حەمەساڵح، توێژینەوەی "سیمبۆلی شوێن و شوناسی کەلتووری لە ڕۆمانی تەمی سەر خەرەندی شێرزاد حەسەن‌دا"-یان پێشکەش کرد. د. پەخشان فەهمی فەرحۆ بە تێڕوانینێکی زمانەوانی و کۆمەڵایەتی، توێژینەوەی "ڕەهەندە زمانەوانی و کۆمەڵایەتییەکانی ناو و ناتۆرە لە کۆمەڵگەی کوردیدا (شاری ڕواندز وەک نموونە)"-ی خستە ڕوو. هەروەها د. شەیدا باسم عەبدوڵڵاش بە توێژینەوەی "ڕەنگدانەوەی ڕۆڵ و پێگەی میر محەمەدی سۆران لە دەقە شیعرییەکاندا (کورتەی بەسەرهاتی میری ڕواندزیی قانع و پاشای کۆرەی عەبدوڵڕەزاق بیمار وەک نموونە)" سەرنجی ئامادەبووانی بۆ لایەنی مێژوویی و ئەدەبیی ناوچەکە ڕاکێشا.

هاوکات د. تارا مشیر ساڵح، پسپۆری زمانی کوردی و مامۆستا لە بەشی پەروەردەی ئایینی، بە توێژینەوەی "ڕەنگدانەوەی واتا و بەهاکانی سروشت و میواندۆستی لە پەندی پێشینانی ڕواندز؛ لێکدانەوەیەکی زمانەوانی و دەروونی" بەشداریی کرد.

ڕەنگدانەوە لە پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە

ئەم بەشدارییە بەرفراوانەی مامۆستایانی زانکۆی کۆیە، بەرجەستەکردنی کرداریی کۆڵەکەکانی "توێژینەوە و داهێنان" و "خزمەتکردنی کۆمەڵگە"یە لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە (٢٠٢٣–٢٠٢٧). ئەم پلانە جەخت لەسەر گرنگیی لێکۆڵینەوە ئەکادیمییەکان دەکاتەوە لە پێناو بەزیندووهێشتنەوەی کەلەپووری نەتەوەیی، دۆکیۆمێنتکردنی مێژوو و ڕەخساندنی دەرفەتی سەرمایەگوزاریی کەلتووری و ئابووری بۆ شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان.

 Koya University Koya University Koya University Koya University

News Date
Image
Koya University
Description / Summary
نووسین و هەواڵ و بڵاوکردنەوە | محمد کریم سیدگوڵ