کۆیە | ڕاگەیاندنی زانکۆ
لە درێژەی هەنگاوەکانی زانکۆی کۆیە بۆ پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، پ.د. محمد حسیب صدیق، سەرۆکی زانکۆی کۆیە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، پێشوازی لە خاتوو لاڤە حیکمەت، سەرپەرشتیاری گشتیی یەکێتیی ژنانی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
سەردانی مەیدانی بۆ پڕۆژەی پێشەنگکاریی «یەکەم کاری من» (My First Business)
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ زانکۆی کۆیە، سەرپەرشتیاری گشتیی یەکێتیی ژنانی کوردستان بە یاوەریی سەرۆکی زانکۆ، سەردانێکی مەیدانیی بۆ کوشکەکانی پڕۆژەی "یەکەم کاری من" لەنێو کەمپەسی زانکۆ ئەنجام دا. لەوێ لە نزیکەوە چاوی بەو خوێندکارانە کەوت کە لەم پڕۆژەیەدا بەشدارن و بە وردی لەو دەستپێشخەرییە نوێیەی کۆڵییەوە، کە ئامانجی ڕاهێنانی کارسازی و ڕەخساندنی دەرفەتی کارە بۆ گەنجان.
ئامادەییی زانکۆی کۆیە بۆ دەستپێشخەریی هاوبەش و تواناسازیی ژنان
سەرۆکی زانکۆی کۆیە لە میانی بەسەرکردنەوەکەدا جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان زانکۆ و ڕێکخراوە پیشەیی و مەدەنییەکان کردەوە و ئامادەییی تەواوی زانکۆی کۆیەی بۆ هەر بەرنامە و هەوڵێکی هاوبەش دەربڕی کە ببێتە هۆی پێگەیاندنی ژنان و پەرەپێدانی تواناکانیان لە بوارە جیاوازەکاندا.
ستایشی خاتوو لاڤە حیکمەت بۆ مۆدێلی زانکۆی سەوز و پڕۆژەی خوێندکاران
لای خۆیەوە، خاتوو لاڤە حیکمەت دەستخۆشی لە ئیدارەی زانکۆی کۆیە کرد و ستایشی ئەو پێشکەوتنە بەرچاوانەی کرد کە لەو زانکۆیەدا بەدی هاتووە. سەرپەرشتیاری گشتیی یەکێتیی ژنانی کوردستان، زانکۆی کۆیەی بە نموونەی زانکۆیەکی دۆستی ژینگە و پێشکەوتنخواز ناوبرد و سەرسامیی خۆی بە پڕۆژەی «یەکەم کاری من» دەربڕی، وەک دەرفەتێکی گرنگ بۆ تواناسازیی کچان و گەنجان.
ڕەنگدانەوە لە کۆڵەکەکانی پلانی ستراتیژیی زانکۆ
ئەم جۆرە چالاکییانە بەشێکن لە دیدگای ستراتیژی لە پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە (٢٠٢٣–٢٠٢٧) کە جەخت لەسەر دوو ئەرک و کۆڵەکەی بنەڕەتی دەکاتەوە: «خزمەتکردنی کۆمەڵگە» و «سەرکەوتنی خوێندکاران»، بە ئامانجی سوودوەرگرتن لە سەرچاوە زانستی و مرۆیییەکان بۆ گەشەپێدانی بەردەوام و بەهێزکردنی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە.












فۆتۆ | دڵشاد جمیل کاکەڕەش