کۆیە | ڕاگەیاندنی زانکۆ
لە درێژەی هەنگاوە کردارەکییەکانی جێبەجێکردنی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە (٢٠٢٣–٢٠٢٧) و لە چوارچێوەی کۆڵەکەکانی «توێژینەوە و داهێنان» و «خزمەتکردنی کۆمەڵگە»، دوو مامۆستای زانکۆی کۆیە بە ئەنجامدان و پێشکەشکردنی دوو توێژینەوەی ئەکادیمی، بەشدارییان لە دووەمین کۆنفرانسی زانستیی زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارەکییەکان کرد؛ ئەم بەشدارییە جەختکردنەوەیە لەسەر پێگەی پێشەنگی توێژەرانی زانکۆ لە دەوڵەمەندکردنی توێژینەوەی مێژوویی و ئەدەبی لە کوردستاندا.
کۆنفرانسەکە لەژێر ناونیشانی «بزاڤی سۆفیگەری لە دەڤەری بادینان: ڕەگ و ڕیشە، کاریگەری و ئاستەنگەکانی سەردەم» بە ئامادەبوونی پ.د. هۆشیار زەکی، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی ئاکرێ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، و ژمارەیەکی بەرچاو لە توێژەران و ئەکادیمیستان، لە ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ لە زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارەکییەکان بەڕێوەچوو.
لە پانێلە مێژوویی و فکرییەکانی کۆنفرانسەکەدا، پ.ی.د. مەهاباد ئازاد، مامۆستای بەشی زمانی کوردی لە فاکەڵتیی پەروەردەی زانکۆی کۆیە، لە پانێڵێکی تایبەت بە ئەدەبیاتی عیرفانیدا بە توێژینەوەیەکی زانستی لەژێر ناونیشانی «بوونناسیی عیشق و ئیشراق لە هزری سۆفیگەریی فەقێی تەیراندا» بەشداریی کرد و لایەنە قووڵە فەلسەفی، عیرفانی و زمانەوانییەکانی هزری ئەو شاعیر و عارفە ناودارەی کوردی خستە ڕوو.
هاوکات پ.د. جەواد فەقێ عەلی، مامۆستای بەشی یاسا لە فاکەڵتیی زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی کۆیە، توێژینەوەیەکی هاوبەشی بە زمانی عەرەبی لەژێر ناونیشانی «خلفاء مولانا خالد النقشبندي في ربوع بهدینان و دورهم في الحیاة الفکریة و الاجتماعیة و السیاسیة» پێشکەش کرد، کە تێیدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵ و پێگەی مێژوویی خەلیفەکانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی لە داڕشتنی ژیانی فکری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی دەڤەری بادیناندا.







