ڕۆژی دووشەممە ٦ی شوباتی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، د. ئارام محمد قادر لە زانکۆی کۆیە رێوڕەسمی واژوو کردنی یادداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان زانکۆکانی کۆیە، سۆران، گەرميان، زاخۆ، هەڵەبجە، ڕاپەڕين و چەرموو، بەڕێوەچوو.
لە میانی ڕێوڕەسمە کە بریکارى وەزارەت و سەرۆک زانکۆکانى (کۆیە، سۆران، گەرميان، زاخۆ، هەڵەبجە، ڕاپەڕين و چەرموو) ئامادەیبون، جەخت لەسەر پابەندبوون بە جێبەجێ کردنی یادداشتنامەکە و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دەوری بۆ بەدواداجوون لە بەرەوپێشچوونی یادداشتنامەکە کرایەوە.
بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە، پ. ی. د. محمد حسیب صدیق لە گوتارێکیدا خۆشحاڵی خۆی بە ئامادەبوونی بەڕێزان سەرۆک زانکۆکان و بەڕێز بریکاری وەزارەت و بەڕێز ڕاوێژکاری وەزارەت و جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بەڕێوەچوونی رێورەسمەکە لە زانکۆی کۆیە دەربڕی.
هاوکات دوای واژووکردنی یادداشتنامەکە بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، د. ئارام محەمەد قادر لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەوانان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە لەسەر ئاستی نەتەوەیی گرنگە بۆ پێکەوە بەستنەوەی زیاتری ناوچاکانی کوردستان لە زاخۆوە تا خانەقین، هەروەها ئەم دەستپێشخەرییە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی هەر زانکۆیەک ناسنامەی زانستی خۆی بپارێزێت و لایەنی بەهێزی ناسنامەی زانستی خۆی بەهێزتر بکات و گوتی:
دەستپێشخەرى ئەم حەوت زانکۆیە دەبێتە چوارچێوەیەکی گرنگ بۆ هەماهەنگی لە بوارەکانی کارو چالاکی زانستی و ئەنجامدانی کۆنفرانس و هەماهەنگی لە کردنەوەی خوێندنی باڵا و سودوەرگرتن لەژێرخان و تونا مرۆییەکانی نێوان زانکۆکان و ئاڵوگۆڕی مامۆستایان و خوێندکاران و کاری پێکەوەیی بۆ بەدەستهێنانی گرانتی نێودەوڵەتی، هەروەها ئەنجامدانی چالاکی هونەری و کەلتوری و وەرزشى و ڕەخساندنى زەمینەی توێژینەوەی زانستی هاوبەش.
- یادداشتنامەکە چی لە خۆ دەگرێت؟
یادداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان زانکۆکانی کۆیە، سۆران، گەرميان، زاخۆ، هەڵەبجە، ڕاپەڕين و چەرموو لە پێنج بەندی سەرەکی پێک دێت کە تێیدا ئامانج، جێبەجێکردن، ماوەی یادداشتنامەکە و هەندێک بەندی دیکە لەخۆدەگرێت.
ئامانجە سەرەکییەکانی یادداشتنامەکە بریتین لە:
- ئەنجامدانی کار و چالاکیی زانستیی هاوبەش، وەک (کۆنفرانس، دیدار، خولی ڕاهێنان و ... هتد.).
- دروستکردنی زەمینەی هاوکاریی پێویست بۆ کردنەوە و بەڕێوەبردنی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا).
- ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیی هاوبەش و سوودوەرگرتن لە تاقیگەکانی یەکتر.
- ئاڵوگۆڕی خوێندکار/ قوتابی و ستافی ئەکادیمی لە چوارچێوەی ئەو بەرنامانەی کە لە داهاتوودا لەسەری ڕێک دەکەون.
- ئەنجامدانی چالاکیی هونەری و کەلتووری و وەرزشیی هاوبەش.
- پرۆگرامی هاوبەشی بەدەستهێنانی پاڵپشتیی داراییی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.