گۆڤاری ئارۆ، بوو بە یەکەم گۆڤار لە هەرێمی کوردستان کە ئیمپاکت فاکتەر بەدەستبهێنێت و لە سەرووی ئەو شەش گۆڤارەی عێراقە کە ئەو ئیندێکسەیان وەرگرتووە. 

گۆڤاری ئارۆ، کە گۆڤارێکی زانستیی تایبەتە بە ئەندازیاری و زانستەکان و لە ساڵی ٢٠١٣وە دامەزراوە، لە ساڵی ٢٠١٦ وەکو یەکەم گۆڤاری زانستی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن Clarivate Analyticsوە ئیندێکس کراوە. 

گۆڤاری ئارۆ، دوای هەوڵە بەردەوامەکانی دەستەی سەرنووسەران لە پابەندبوون بە پێوەرە جیهانییەکان و بەدەستهێنانی ناوبانگێکی جیهانی توانی لە دوایین وەشاندنی مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٣ وەکو یەکەم گۆڤاری زانستی هەرێمی کوردستان ئیندێکسی ئیمپاکت فاکتەر بەدەستبهێنێت.

گۆڤاری ئارۆ، گۆڤارێکی ئەکادیمیی زانکۆی کۆیەیە و تایبەتە بە زانستەکانی ئەندازیاری و زانست و ساڵی دوو ژمارە بڵاودەکاتەوە. یەکەم ژمارەی گۆڤاری ئارۆ کە شەش توێژینەوەی لە خۆدەگرت لە ساڵی ٢٠١٣ بڵاوکراوەتەوە.

گۆڤاری ئارۆ، تاکو ئێستا ٢٠ ژمارەی و ٢٢١ توێژینەوەی زانستی توێژەرە ناوخۆیی و بیانییەکان بڵاوکردووەتەوە. 

سەبارەت بە رێگای گەیشتن بە بەدەستهێنانی ئەم دەستکەوتە مەزنە بۆ گۆڤاری ئارۆ و زانکۆی کۆیە، بەڕێوەبەر و سەرنووسەری جێبەجێکاری گۆڤارەکە پ.د. صلاح اسماعیل یحیی ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەرەتاوە رێگای دامەزراندنی گۆڤارەکە ئاسان نەبوو بەو پێیەی کە یاساکانی دامەزراندنی گۆڤاری زانستی لە کوردستان و عێراق لەو کاتەدا لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان نەدەگونجا و گوتی:

 بۆچوونەکە ئەوە بوو کە ئێمە لە دامەزراندنی گۆڤار و بەڕێوەبردنی گۆڤارەکەدا ڕێگا دروستەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان پەیڕەو بکەین و لە هەمان کاتدا ڕێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کوردستان. ئارۆ، لە سەرەتاوەی ژمارەی ناسنامەی نێودەوڵەتی (ISNN)ی چاپکردن و وەشاندنی ئەلیکترۆنی بەدەستهێنا. گۆڤاری ئارۆ، یەکەم گۆڤار بوو لەسەر ئاستی عێراق ژمارەی DOIی بۆ توێژینەوەکانی دانا. هەروەها یەکەم گۆڤار بوو لەسەر ئاستی عێراق ئیندێکسی (DOAJ)ی بەدەستهێنا. جگە لەوانەش، ئارۆ یەکەم گۆڤاری عێراق بوو، مۆڵەتی سەرچاوەی کراوەی بەکارهێنا کە لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە دانپێدانراوە (Creative Common Attributes)

بەڕێوەبەری گۆڤاری ئارۆ، گوتیشی:

 لە ئەنجامی ئەم کارانەدا، گۆڤاری ئارۆ دوای سێ ساڵ لە دامەزراندنیدا و لە ساڵی ٢٠١٦دا لەلایەن کۆمپانیای (The Web of Science Core CollectionTM- Clarivate Analytics)وە وەکو یەکەم گۆڤار لە مێژووی عێراقدا ئیندێکس کرا.

بەڕێوەبەری گۆڤاری ئارۆ، د. صلاح ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ماوەی نێوان ساڵی ٢٠١٦-٢٠٢٠ گۆڤارەکە لەژێر چاودیریی چڕی (Clarivate Analytics) بوو لە ساڵی ٢٠٢٠دا رێژەی ژمارەی توێژینەوەکانی بەرزبوویەوە تاکو گەیشتە ئاستی ئەوەی کە ئامادەبێت بۆ وەرگرتنی ئیمپاکت فاکتەری (IF = 0.6) و گوتی:

 لە ماوەی پرۆسەی چاودێری کردن گۆڤارەکە ژمارەی توێژینەوەکانی بەرزبوویەوە و گەیشتە ئەو ئاستەی کە ئامادەبێت بۆ بەدەستهێنانی ئیمپاکت فاکتەری (IF = 0.6) و ئەوەبوو کە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لە وەشاندنی (JCR .2022) بوو بەیەکەم گۆڤار لە هەرێمی کوردستان کە ئیمپاکت فاکتەری (IF = 0.6) بە دەستبهێنیت و یەکەمی سەر ئەو شەش گۆڤارەی عێراق کە توانییان ئەو ئیندێکسە وەربگرن.

بەڕێوەبەر و سەرنووسەری جێبەجێکاری گۆڤارەکە، پ.د. صلاح اسماعیل یحیی لە هەڵسەنگاندنیدا بۆ ئەم دەستکەوتە جەختی لەوە کرد کە ئەم دەستکەوتە گرنگە بۆ پڕۆسەی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کوردستان و عێراق و وەرچەرخانێکی جۆرییە  لە پرۆسەی توێژینەوەی زانستی و بڵاوکردنەوەی ئەکادیمی و گوتی:

بەدەستهێنانی ئیمپاکت فاکتەر لەلایەن گۆڤاری ئارۆوە وا لە توێژەرانی عێراق و کوردستان دەکات کە لە رێگەی ئارۆوە توێژینەوەکانیان لەسەر ئاستی جیهانی بڵاوبکەنەوە. هەروەها گۆڤاری ئارۆ دەبێتە نموونەیەک بۆ گۆڤارە زانستییەکانی دیکەی کوردستان و عێراق کە رێچکەی بگرن و سوود لە ئەزموونەکەی وەربگرن. ئەوەشمان بیر نەچێت کە بەدەستهێنانی ئیندێکسی ئیمپاکت فاکتەر لەلایەن گۆڤاری ئارۆوە کاریگەری لەسەر بەرزکردنەوەی ناوبانگی زانکۆی کۆیە لەسەر ئاستی جیهانی و ئەمەش رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر ناوبانگی خوێندنی باڵا لە کوردستان و عێراق.

لینکی گۆڤاری ئارۆ:

https://aro.koyauniversity.org

 

ARO Journal

ARO Journal

 

News Date
Image
Aro Journal
Subtitle
گۆڤاری ئارۆ ئیمپاکتی IF = 0.6 بەدەستهێنا