بەشی مێژووی فاکەڵتیی پەروەردەی زانکۆی کۆیە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی "کۆژان" بۆ داکۆکی لە پرسی ئەنفال لە شاری کۆیە و بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی کۆیە دووەمین دیداری زانستی نێودەوڵەتیی ئەنفالی کۆیەیان بەڕێوەبرد.

ڕۆژی پێنج شەممە ٤ی ئایاری ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی کۆنسۆڵی گشتی کۆماریی ئەرمینیا لە هەرێمی کوردستان بەڕێز ئارشاک مانۆکیان، سەرۆکی زانکۆی کۆیە بەڕێز پ.ی.د محمد حسیب صدیق، ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆی کۆیە، کەسایەتییە سیاسی، کارگێڕی و کۆمەڵایەتییەکانی شاری کۆیە و ژمارەیەکی بەرچاوی میوانانی بیانی و نێوخۆی و مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆی کۆیە بەشی مێژوو لە فاکەڵتیی پەروەردەی زانکۆی کۆیە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی "کۆژان" بۆ داکۆکی لە پرسی ئەنفال لە شاری کۆیە و بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی شاری کۆیە دووەمین دیداری زانستی نێودەوڵەتیی ئەنفالی کۆیە لە هۆڵی سەرۆکایەتی زانکۆی کۆیە بەڕێوەچوو.

سەرەتای دیدارەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی کورد و کوردستان بە تایبەتی شەهیدانی پڕۆسەی ئەنفال دەستی پێکرد.

بڕگەی دواتر سەرۆکی بەشی مێژووی زانکۆی کۆیە بەڕێز پ.ی.د هۆشمەند عەلی وتاری خۆی بەم بۆنەیەوە پێشکەش کرد.

پاشان سەرۆکی زانکۆی کۆیە بەڕێز پ.ی.د محمد حسیب صدیق وتاری خۆی بەم بۆنەیەوە پێشکەش کرد.

بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە، ئاماژەی بەوە کرد کە شاڵاوی ئەنفال یەکێک بوو لە دڕندەترین تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی کە لە لایەن ڕژێمی ئەوکاتی بەعس لە ساڵی ١٩٨٨ ئەنجام درا و ئامانج لێی قڕکردن و لەناو بردنی میلەتی کورد بوو لە باشوری کوردستان و گوتی:

 "کۆمەڵکوژیەک بوو تیایدا دەست لە منداڵ و ئافرەت و پیر و گەنجی ئەم وڵاتە نەپارێزرا. کارەساتێک بوو هەزاران گوند تیایدا تەختی زەوەی کران و دەیان هەزار لە ڕۆڵەی ئەم وڵاتە بێ سەر و شوێن کران و ئەوانەی مانەوە لە پاشی ئەوان بە خەم و مەراقی چارەنوسیانەوە بەشێکی زۆریان بەداخەوە گیانیان لەدەستدا."

بەڕێز سەرۆکی زانکۆ، باسی لەوەش کرد کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی شاڵاوی ئەنفال سڕینەوەی شوناس و کلتووری کورد بوو لەڕێگای تێکدان و ڕووخاندنی چەندین شوێنەوار لە کوردستان بە شوێنەوارە مێژوویی و ئاینیەکانیشەوە و گوتی:

 "داواکارم لە سەنتەرەکانی توێژینەوەی زانکۆمان و مامۆستایانمان و توێژەرانمان بەتایبەت لە پسپۆڕان و شارەزایانی بواری مێژوو و جوگرافیا و زمانی کوردی و ژینگە و ئابوری کاربکەن لەسەر ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی لەسەر کاریگەریەکانی شاڵاوی ئەنفال لەو بوارانەی ئاماژەمان پێکرد هەروەها لەڕێگای دروستکردنی تیمێکی هاوبەش لەو پسپۆڕیانە  کار بکەن بۆ ئامادەکردنی ئینسکلۆپیدیای ئەنفالی کۆیە."

بڕگەی دواتر بریتیی بوو لە نمایشکردنی فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری سەبارەت بە پڕۆسەی ئەنفال لە سنووری قەزای کۆیە کە بە قۆناغی چوارەمی ئەنفال ناسراوە و دواتر شێعرێک لەلایەن د. ئەکرەم خامۆش پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا کۆنسۆڵی  گشتی کۆماریی ئەرمینیا لە هەرێمی کوردستان بەڕێز ئارشاک مانۆکیان وتارێکی سەبارەت بە "پێکهاتنی چەمکی جینۆساید و سەرەتای جینۆسایدی ئەرمەنستان" پێشکەش کرد.

بڕگەی دواتر پانێلە سەرەکییەکانی دیدارەکەی دەگرتەخۆی کە تێیدا توێژەران و شارەزایانی بواری جینۆساید لە ئاستی نێوخۆی و دەرەکی بەشداریان کرد بوو بەم شێوەیەی خوارەوە:

پانێلی یەکەم: بەڕێوەبەری پانێل بەڕێز پ.ی.د جمال فتح اللە طیب بوو کە ئەم باسانەی تێدا پێشکەش کران:

" ئەنفالی شوناس و ئەنفالی ئەمنی: خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ جینۆسایدی کورد" لەلایەن بەڕێز پ.ی.د شێرکۆ کرمانج پێشکەش کرا.

" مێژووی ئەنفال و پرسی جینۆسایدی گەلی کورد لە عێراق" لەلایەن بەڕێز سالار مەحموود توێژەری بواری جینۆساید پێشکەش کرا.

بەڕێز تاڤگە حەمە ساڵح ئەحمەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی کۆیە باسێکی سەبارەت بە خستنەڕووی داتا و ئەو کارانەی کە بۆ ئەنفالکراوانی سنووری کۆیە کراون پێشکەش کرد.

بەڕێز م. پشتیوان سەدیق حەمەد سەرۆکی ڕێکخراوی کۆژان بۆ داکۆکی لە پرسی ئەنفال لە شاری کۆیە باسێکی سەبارەت بە کار و چالاکییەکان بۆ پرسی ئەنفال لە شاری کۆیە پێشکەش کرد.

پانێلی دووەم بە بەڕێوەبەری بەڕێز پ.ی.د ئەحمەد محەممەد ئەمین قادر ئەم بابەتانەی خوارەوەی تێدا پێشکەش کران:

" پڕۆژەی بە دیجیتاڵکردنی ئەنفالی کورد" لەلایەن بەڕێز پ.د لینکاستاکۆڤا توێژەری چیکی لە زانکۆی بۆهیمیای وڵاتی ئاڵمان پێشکەش کرا.

" شاڵاوەکانی ئەنفال، لە ڕووی قۆناغبەندی و ڕەهەندە تیۆرییەکەیەوە" لەلایەن بەڕێز پ.ی.د ئیبراهیم مەلازادە لە زانکۆی سۆرانی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرا.

" پڕۆسەی ئەنفال لە قەزای کۆیە لێکۆڵینەوەیەکی جوگرافی" لەلایەن بەڕێز پ.ی.د ڕۆستەم سەلام عەزیز یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی کۆیە بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی پێشکەش کرا.

" کۆیە لە پڕۆسەی ئەنفالی چواردا ( لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی-زارەکی)" لەلایەن بەڕێز پ.ی.د هۆشمەند عەلی مەحموود سەرۆکی بەشی مێژوو لە زانکۆی کۆیە پێشکەش کرا.

" فیمیساید لە جینۆسایدی ئەنفالدا، ئەنفالی کۆیە بە نموونە " لەلایەن بەڕێز م. ڕۆشنا جەمال مەحموود لە زانکۆی سلێمانی هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە جینۆسایدی بەراورد و خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی لایبزیگی وڵاتی ئاڵمان پێشکەش کرا.

کۆتایی پانێلەکان تایبەت بوو بە پرسیار و وەڵامی بەشداربووان و لە بڕگەیێکی تری دیدارەکەدا بڕوانامەی بەشداریکردن بەسەر پێشکەشکارانی باسەکاندا دابەش کرا و خەڵاتی ڕێزلێنانیش بەخشرایە تاقانەکانی ئەنفال لە سنووری قەزای کۆیە و بەمجۆرە دووەمین دیداری زانستیی نێودەوڵەتیی ئەنفالی کۆیە کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

 

 

 

 

زانکۆی کۆیە "دووەمین دیداری زانستی نێودەوڵەتیی ئەنفالی کۆیە"ی بەڕێوەبرد

زانکۆی کۆیە "دووەمین دیداری زانستی نێودەوڵەتیی ئەنفالی کۆیە"ی بەڕێوەبرد

زانکۆی کۆیە "دووەمین دیداری زانستی نێودەوڵەتیی ئەنفالی کۆیە"ی بەڕێوەبرد

زانکۆی کۆیە "دووەمین دیداری زانستی نێودەوڵەتیی ئەنفالی کۆیە"ی بەڕێوەبرد

زانکۆی کۆیە "دووەمین دیداری زانستی نێودەوڵەتیی ئەنفالی کۆیە"ی بەڕێوەبرد

زانکۆی کۆیە "دووەمین دیداری زانستی نێودەوڵەتیی ئەنفالی کۆیە"ی بەڕێوەبرد

زانکۆی کۆیە "دووەمین دیداری زانستی نێودەوڵەتیی ئەنفالی کۆیە"ی بەڕێوەبرد

زانکۆی کۆیە "دووەمین دیداری زانستی نێودەوڵەتیی ئەنفالی کۆیە"ی بەڕێوەبرد

زانکۆی کۆیە "دووەمین دیداری زانستی نێودەوڵەتیی ئەنفالی کۆیە"ی بەڕێوەبرد

زانکۆی کۆیە "دووەمین دیداری زانستی نێودەوڵەتیی ئەنفالی کۆیە"ی بەڕێوەبرد

زانکۆی کۆیە "دووەمین دیداری زانستی نێودەوڵەتیی ئەنفالی کۆیە"ی بەڕێوەبرد

News Date
Image
زانکۆی کۆیە "دووەمین دیداری زانستی نێودەوڵەتیی ئەنفالی کۆیە"ی بەڕێوەبرد