سێ خوێندکاری بەشی ئەندازیاریی نەوت لە زانکۆی کۆیە بەشدارییان لە پڕۆگرامێکی پەرەپێدانی زانستی لە وڵاتی ئیماڕات کرد
سێ خوێندکاری بەشی ئەندازیاریی نەوتی فاکەڵتیی ئەندازیاریی زانکۆی کۆیە بە ناوەکانی " دیاکۆ کامەران سەعدی" و"ئەلەند ئومێد عەباس" و "ئەحمەد مەحموود ئەحمەد" بەشدارییان کرد لە پڕۆگرامێکی پەرەپێدانی زانستی لە بواری وزە لە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی "ئیماڕات".
ئەم سێ خوێندکارەی بەشی ئەندازیاریی نەوتی فاکەڵتیی ئەندازیاریی زانکۆی کۆیە وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان و سەرتاسەری عێراق بەشێک بوون لەو ٤٠ خوێندکارەی کە بەشداربوون لە پڕۆگرامی پەرەپێدانی زانستی بواری وزە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کە بە ناونیشانی " SPE ADIPEC University Programme 2023 " بە هاوئاهەنگی ڕێکخراوی SPE لەگەڵ زانکۆی خەلیفە و ڕێکخراوی نیشتمانی وزەی ئیماڕاتی " ADNOC " لە ڕێکەوتی ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە وڵاتی ئیماڕات بەڕێوەچوو.
ئەم پڕۆگرامە هەلێکی ناوازە و گرینگە بۆ خوێندکارانی بواری ئەندازیاری بە تایبەتی بۆ بەدەستهێنانی ئەزموونی زانستی و ئەکادیمی لە بواری وزە و بەتایبەتر بواری نەوت و گاز، ئەمساڵ سێ خوێندکاری بەشی ئەندازیاریی نەوتی زانکۆی کۆیە توانیان لەم هەل و دەرفەتە لەبارە بۆ بەرەپێشبردنی ئاستی پیشەیی و ئەکادیمیی خۆیان سوودمەندبن شایانی ئاماژەیە ئەم پڕۆگرامە لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقا ساڵانە خوێندکار بۆ بەشداریکردن وەردەگرێ و ئەمەش ئەزموونێکی ناوازەیە بۆ داهاتووی پیشەیی خوێندکارانی بواری نەوت و گاز.
پڕۆگرامەکە وێڕای بەخشینی بەرچاوڕوونی پێویست بە خوێندکاران لە بواری نوێترین پێشکەوتن و تەکنەلۆژیاکانی بواری نەوت و گاز هاوکات چەندین چالاکی جۆراوجۆری دەگرتەخۆی وەک سیمینار، وۆرکشۆپ، پانێلی زانستی، سەردانی مەیدانی بۆ کۆمپانیای نیشتمانی نەوت لە ئەبووزەبی پایتەختی ئیماڕات، بەشداریکردن لە پێشانگای نێودەوڵەتیی ئیماڕات بۆ نەوت و وزە " ADIPEC" و بەشداریکردن لە چەندین کۆنفڕانسی تەکنیکی و پێشکەشکردنی پڕۆژە لە کۆتایی پڕۆگرامەکە.
هاوکات لە چوارچێوەی ئەم پڕۆگرامەدا جەخت لە گرینگی وزە نوێبووەکان کرایەوە و بە تایبەتی پەرەپێدان بە تەکنەلۆژیاکانی بواری ژینگەپارێزی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرفت و گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و ئەم بابەتانە بە ئامادەبوونی پسپۆڕ، شارەزا و کۆمپانیاکانی بواری وزە بەڕێوەچوو.