رۆژى سێ شەممە ٢٧/ ١/ ٢٠١٥ كاژێر ١٠ى بەيانى لە هۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆى كۆيە, بە ئامادەبوونى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و شاندى ياوەرى و د. سەعيد ساڵح سەرۆکى پێشووى زانکۆى کۆیە و یاریدەدەرانى و ڕاگرى فاکەڵتى و فەرمانبەر و مامۆستایان و خوێندکارانى زانکۆ و میوانانى بەرپرسە حکومى و حزبى و کەسایەتییەکانى شارى کۆیە, لە مەراسیمێکدا بەڕێز د.وەلى محمود وەک سەرۆکى نوێى زانکۆى کۆیە دەستبەکار بوو.

لەسەرەتادا بەرێز د.سەعید ساڵح سەرۆکى پێشووى زانکۆى کۆیە لە وتەیەکدا ئاماژەى بەوەدا لە سەرەتاى دامەزراندنیەوە زانکۆکەمان لەگەشەکردن بەردەوامە و ڕۆژ بە ڕۆژیش ئەرکى قورستر دەبێت، هەروەها گوتى: زانکۆکەمان ئێستا لەپلەى چوارەمدایە لە کوردستان ئەمەش بەئەرک و ماندوبونێکى زۆر هاتووەتە بەرهەم و ئومێدەوارم سەرۆکى نوێ ى زانکۆ لەبەرزکردنەوەى ئاستى زانکۆى کۆیە بەردەوام بێت. هەروەها سوپاسى فەرمانبەران و مامۆستایانى زانکۆى کرد کە لەماوەى شەش مانگى ڕابردوو دەست لەناو دەست کاریان کردوە و کارەکانى زانکۆى کۆیەیان زۆر بە باشى بەڕێوە بردوە و سوپاسیان دەکەم. وە پیرۆزبایى لە د. وەلى محمود کرد بە بۆنەى دەست بەکاربوونى وەک سەرۆکى زانکۆ و ئومێدى سەرکەوتنى بۆ خواست.

دواتر بەرێز د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: شارى کۆیە شارێکى زیندوى کوردستانە و لەسەر ئەو بنەمایەش زانکۆى لێ کراوەتەوە و ئەو ناوەندە ئەکادیمیەش ڕۆڵى گرنگى هەیە لە بەرەوپێشبردنى ڕەوتى زانست و مەعریفە لە شارەکەدا کە نزیکەى 200 ساڵە ئەو کاروانە دەستى پێکردووە.

گوتیشى: گەیاندنى زانکۆى کۆیە بەم ئاستە کارى سەختى بۆ کراوە و سوپاسى هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە داریان لەسەر بەردى ئەکادیمى ئەم زانکۆیە داناوە. گوتى " د. وەلى محمود ئەرکێکى قورسى لە ئەستۆیە و دڵنیاین لە توانا و کەفائەتى بەڕێزیان و وەکو وەزارەتيش پشتگیرى لە سەربەخۆیى ئەکادیمى و دارایى زانکۆ دەکەین و هیوا خوازین لەکارەکانى داهاتووى وەک سەرۆکى زانکۆى کۆیە سەرکەوتوو بێت".

دواتر بەرێز د. وەلى محمود وتەیەکى پێشکەش کرد و گوتى: میوانانى بەڕێز ئەمڕۆ بە هاتنتان قەرزاربارتان کردم، ئازادکردنى کۆبانیتان پیرۆز و پیرۆزبایى لە هەموو گەلى کورد دەکەم بە بۆنەى ئەو ڕوداوە مێژووییە.

گوتیشى: وەرگرتنى ئەم بەرپرسیارێتیە وەک ئەرک سەیرى دەکەم نەک وەکو پۆستێک و هەوڵیش دەدەم ئەم بەڵێنە کە بە ئێوەى دەدەم بەکارکردنم بەدى بهێنم.ٍ وە لەماوەى ئایندەدا دەمانەوێت وەک یەک تیم کار بکەین و سەرکەوتنى گەورە بۆ زانکۆى کۆیە بەدیبهێنین لەهەموو بوارەکاندا.

پاشان بە ووردى باسى گرنگترین کێشەکان کە بەرۆکى خوێندنى باڵاى گرتووە لە کوردستان باسکردو وتى: کە ئێمە دەمانەوێت ئەو کێشانە چارەسەر بکەین و کۆتاییان پێ بهێنین کە ئاستەنگى گەورەى لە بەردەم گەشەو پێشکەوتنى زانستى  لە کوردستان دروست کردووە.

لە كۆتاييشدا: داواى پاڵپشتى لە بەڕێز وەزیرى خوێندنى باڵاو ئەنجومەنى وەزارەت و نوێنەرانى زانکۆکان لە ئەنجومەن دەکەم کە هاوکارمان بن لەسەر خستنى ئەم ئەرکەدا.
لە كۆتايى مەراسيمەكەدا لۆگۆى زانکۆى کۆیە لە لایەن د. سەعید ساڵح پێشکەش بە د. وەلى محمود کرا وەك سەرۆكى نوێى زانكۆى كۆيە. 
لە كۆتايشدا ئامادەبوان چەپكە گوڵى پيرۆزباييان ئاراستەى سەرۆكى نوێى زانكۆى كۆيە كرد و هيواى سەركەوتنيان بۆ كارەكانى ئايندە خواست.

 
News Date
Image
 Weli Mahmud