وۆرکشۆپی "ڕێنووس و خاڵبەندی لە نووسینی توێژینەوەدا" لە زانکۆی کۆیە بەڕێوەچوو
سەنتەری "مەلای گەورە" سەر بە ڕاگرایەتیی سەنتەرەکانی توێژینەوە و پەرەپێدانی زانکۆی کۆیە وۆرکشۆپی "ڕێنووس و خاڵبەندی لە نووسینی توێژینەوەدا"ی بەڕێوەبرد.
ڕۆژی یەکشەممە ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ی کوردی بەرانبەر ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ی زایینی، بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د محمد حسیب صدیق، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا پ.د. هشیار زکي، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی پ.ی.د. یادگار عبد الله علی، ڕاگری ڕاگرایەتیی سەنتەرەکانی توێژینەوە و پەرەپێدانی زانکۆی کۆیە پ.ی.د هەڵگورد سەرهەنگ مغدید و سەرۆکی بەشی سەنتەری توێژینەوەی "مەلای گەورە" پ.د نالی جواد، مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆی کۆیە وۆرکشۆپی "ڕێنووس و خاڵبەندی لە نووسینی توێژینەوەدا" لە هۆڵی سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیە بەڕێوەچوو.
سەرەتای وۆرکشۆپەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
دواتر سەرۆکی بەشی سەنتەری توێژینەوەی "مەلای گەورە" پ.د نالی جواد وتارێکی پێشکەش کرد و مەبەست و ئامانجی بەڕێوەچوونی وۆرکشۆپەکەی ڕوونکردەوە.
پاشان پانێلی یەکەمی وۆرکشۆپەکە بەناونیشانی " ڕێنووس و خاڵبەندی لە زمانی کوردیدا " دەستی پێکرد و پانێلەکە لەلایەن د. پەخشان فهمی فرحو بەڕێوەبردرا و ئەم بابەتانەی تێدا پێشکەش کران:
بابەتی " نیشانەکانی خاڵبەندی لە زمانی کوردیدا " لەلایەن پ.د نەوزاد انور عمر پێشکەش کرا.بابەتی " چەند سەرنجێک لەسەر ڕێنووسی کوردی " لەلایەن پ.ی.د هێمن عبدالحمید شەمس پێشکەش کرا.
پانێلی دووەمی وۆرکشۆپەکە بەناونیشانی " ڕێنووس و خاڵبەندی لە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی " لەلایەن م.ی سارا جمال محمد بەڕێوەبردرا و ئەم بابەتانەی تێدا پێشکەش کرا:
بابەتی " الاخطاء الشائعة فی کتابة البحوث فی اللغة العربیة " لەلایەن پ.د ابراهیم عبود السامرائی پێشکەش کرا.بابەتی " علامات الترقیم و دلالتها فی البحث العلمی " لەلایەن م.ی کۆیان اسماعیل جمعة پێشکەش کرا.بابەتی " Mastering the Mechanics: The Essentials to Academic Writing " لەلایەن م. هاوکار عمر علی پێشکەش کرا.
پرسیار و تێبینیی بەشداربووان سەبارەت بە باس و گفتوگۆکان بابەتەکانی وۆرکشۆپەکەی دەوڵەمەندتر کرد و کۆتاییی وۆرکشۆپەکە بڕوانامەی بەشداریکردن بەسەر پێشکەشکارانی بابەتەکان دابەش کرا.
وێنە: دڵشاد کاکەڕەش جمیل