سیمینارێک سەبارەت بە چۆنییەتی پێشکەشکردن بۆ پڕۆگرامی خوێندنی فوولبڕایت (FullBright)ی وڵاتی ئامریکا لەلایەن ڕێکخراوی ئەمیدێست (Amid-east)و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییەکانی زانکۆی کۆیە بەڕێوەچوو.
ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆی کۆیە و مامۆستایان و خوێندکاران سیمینارێک لەلایەن بەڕێز هەندرێن سەلمان بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕێکخراوی ئەمیدێست (Amid-east) لە هەولێر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییەکانی زانکۆی کۆیە سەبارەت بە چۆنییەتی و مەرجەکانی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ پڕۆگرامی خوێندنی فوولبڕایت(FullBright)ی وڵاتی ئامریکا لە زانکۆی کۆیە بەڕێوەچوو.
لەم سمینارەدا بەڕێز هەندرێن سەلمان بەشێوەیەکی گشتگیر چۆنییەتی پڕکردنەوەی داواکاری و مەرجەکانی پێشکەشکردن بۆ پڕۆگرامی خوێندنی فوولبڕایت لەلایەن ڕێکخراوی ئەمیدێستەوە بۆ بەشداربوونی سیمینارەکە ڕوونکرایەوە و وەڵامی پرسیار و تێبینییەکانیان درایەوە.
پڕۆگرامی فوولبڕایت پڕۆگرامێکی خوێندنی وڵاتی ئامریکایە کە ساڵانە هەل و دەرفەتی خوێندن بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ژیان لە وڵاتی ئامریکا و ئاڵوگۆڕی کولتووری و فەرهەنگی نێوان دوو وڵات واتە ئامریکا و عێراق بۆ وەرگران دەڕەخسێنێ.
وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بەپاڵپشتی دارایی حکوومەتی ئامریکا و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئەمیدێست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ئەم پرۆژەیە بەڕێوەدەبات.