فاکەڵتیی پزیشکیی گشتیی زانکۆی کۆیە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی فیدڕاڵییەوە دانی پێدانرا 

زانکۆی کۆیە هەر لەسەرەتای دامەزرانییەوە تاکوو ئەمڕۆ بەردەوام لەهەوڵی دەستەبەرکردن و بەدەستهێنانی دانپێدانان و جێگەی متمانەبوونی زانستی و ئەکادیمیی بووە لە هەردوو ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆیەش بەردەوام پەرەی بە تواناییە ئاکادیمی، زانستی و پیشەییەکانی خۆی لە بواری مرۆیی و دامەزراوەیی داوە.

سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.ی.د محمد حسیب صدیق ڕۆژی ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ وەک سەرۆکی نوێی زانکۆی کۆیە دەستبەکاربوو، دەستبەکاربوونێک کە لەگەڵ خۆیدا هەل و دەرفەتی نوێی ئاکادیمی و زانستی بۆ زانکۆی کۆیە هێنا و هەربۆیە ١٧ ڕۆژ دوای ئەم ڕێکەوتە و لە ٤ی تەمووزی ٢٠٢٢ شاندێکی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق بە مەبەستی بینین و بەسەرکردنەوەی فاکەڵتی و بەشە نوێیەکانی زانکۆی کۆیە و زیادکردنیان بۆ ڕێبەری زانکۆکانی عێراق و یەک لەوان فاکەڵتیی پزیشکیی گشتی سەردانی زانکۆی کۆیەیان کرد. 

لێژنە باڵاکەی وەزارەت لە ماوەی سەردانە چەند ڕۆژیەکەیاندا بۆ زانکۆی کۆیە لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا تێبینی و داواکاریی خۆیان بۆ سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیە خستەڕوو. 

دوابەدوای گەڕانەوەی لێژنەی حکوومەتی فیدڕاڵ بۆ بەغدا، سەرۆکی زانکۆی کۆیە بەڕێز پ.ی.د محمد حسیب صدیق بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی لێژنەکە دەستی کرد بە پێکهێنانی چەند لێژنەیەکی پەیوەندیدار بە مەبەستی جێبەجێکردنی تێبینی و داواکارییەکانی لێژنەی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی فیدڕاڵی و هاوکات خێراکردنی پڕۆسەی دانپێدانانی فەرمیی فاکەڵتیی پزیشکی. 

لێژنە پەیوەندیدارەکانی زانکۆی کۆیە دوابەدوای ڕاسپێردرانیان لەلایەن سەرۆکی زانکۆوە دەستیان بە کارکردن کرد بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکان و هاوکات هاوئاهەنگی پێویستییان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێناو و لە ماوەی دیاریکراودا تەواوی کەموکوڕییەکانی فاکەڵتیی پزیشکی لە هۆڵی خوێندن، کافتریا، دابینکردنی مامۆستا، دابینکردنی تاقیگە و پێداویستییەکانی تاقیگە و چەندین تێبینیی دیکە کە کۆی گوژمەی جێبەجێکرانی تێچووەکانی گەیشتە  زیاتر لە٣٤٠ ملیۆن دینار لە داهاتی زانکۆ جێبەجێکران.

پاشان ڕاپۆرتی کۆتایی لەمەڕ جێبەجێکرانی داواکارییەکان و تەواوکردنی کەموکوڕیی و  تێبینییەکان بە نووسراوی فەرمی ڕەوانی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی ناوەند کرا و زانکۆی کۆیە لە چاوەڕوانی دووبارە هاتنەوەی لیژنەکە بوون. 

ڕێکەوتی ١ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣، شاندێکی باڵای زانکۆ بە سەرۆکایەتی سەرۆکی زانکۆی کۆیە بەڕێز پ.ی.د محمد حسیب صدیق سەردانێکیان بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ئەنجامدا، سەردانی شاندەکەی زانکۆی کۆیە شارەکانی بەغدا، نەجەف و بەسڕەی گرتەوە. 

جگە لە واژووکردنی چەند یادداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن ئامانجی سەرەکیی زانکۆی کۆیە بەدەستهێنانی پشتیوانی لایەنە زانستی و ئاکادیمییەکانی حکوومەتی ناوەند بوو بۆ بە فەرمیی دانپێدانانی فاکەڵتیی پزیشکیی گشتی و لەمیانەی ئەم سەردانانەدا شاندی زانکۆی کۆیە چاویان کەوت بە وەزیر و بریکاری وەزیری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی عێراق، وەزیری دادی حکوومەتی عێراق، فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە بەغداد و سەرۆکی زانکۆی بەغداد و سەرۆکی زانکۆی بەسڕە و ڕاگری فاکەڵتیی پزیشکیی بەسڕە.

ڕێکەوتی ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ دوابەدوای ڕاپۆرتی کۆتایی جارێکی دیکە شاندی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی فیدڕاڵ بە مەبەستی لەنزیکەوە هەڵسەنگاندنی دوایین جێبەجێکردنەکانی ڕاسپاردە و داواکارییەکانیان سەردانی زانکۆی کۆیەیان کردەوە. 

لێژنەکە لەمیانەی سەردانەکەیاندا و بینینی جێبەجێکرانی داواکاریی و ڕاسپاردەکانیان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆیان سەبارەت بەم ئامادەکارییانە هاوکات ڕایانگەیاند لەم ئاڵوگۆڕانەوە ڕوانگەیەکی ئەرێنی و هیوابەخشین سەبارەت بە زانکۆی کۆیە و توانایی ئەو زانکۆیە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ نوێترین ستانداردە ئەکادیمی و زانستییەکان.

Koya University

News Date
Image
Koya University