شاندێکی زانکۆی کۆیە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی زانکۆ، پ.ی.د. محمد حسیب صدیق بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا (COP29) لە وڵاتی ئازەربایجانە.
ڕۆژی شەممە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، سەرۆکی زانکۆی کۆیە، پ.ی.د. محمد حسیب صدیق لە پەراوێزی کۆنفرانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا (COP29) لە وڵاتی ئازەربایجان سیمینارێکی لەسەر دەستپێشخەریی زانکۆی سەوزی زانکۆی کۆیەی پێشکەش کرد.
سیمینارەکەی سەرۆکی زانکۆی کۆیە، کە ژمارەیەکی کەسایەتی ناوخۆیی و بیانیی میوانی کۆنفرانسەکە ئامادەی بوون بە ناونیشانی "ڕۆڵی زانکۆکان لە بەرەنگاربوونەوەی گۆرانکارییەکانی کەش و هەوا؛ دەستپێشخەریی زانکۆی سەوزی زانکۆی کۆیە وەک نموونە" بوو.
سەرۆکی زانکۆی کۆیە، پ.ی.د. محمد حسیب صدیق لە میانی سیمینارەکەیدا تیشکی خستە سەر دەستپێشخەریی زانکۆی سەوزی زانکۆی کۆیە و ئاماژەی بە گرنگیی ئەو دەستپێشخەرییە بۆ زانکۆی کۆیە و ناوچەکە کرد.
سەرۆکی زانکۆی کۆیە، ئەوەی خستەڕوو کە زانکۆی سەوز کۆڵەگەیەکی سەرەکیی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە ٢٠٢٣-٢٠٢٧ـە و لە ١٦ی ئایاری ٢٠٢٤ لەلایەن جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی وەکو دەستپێشخەریی زانکۆی سەوز ڕاگەیەندرا و لەوکاتەوە زانکۆی کۆیە دەستی بە پرۆژەکانی جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکە کردووە.
سەرۆکی زانکۆی کۆیە، پ.ی.د. محمد حسیب صدیق باسی لەوەش کرد کە زانکۆی کۆیە نەخشەی پرۆژەی زانکۆی سەوزی دیزاین کردووە و لە میانی سیمینارەکەیدا هەنگاو و قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکەی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
دواتر سەرۆکی زانکۆی کۆیە، هەر لە میانی سیمینارەکەیدا ڤیدیۆیەکی تایبەتی پرۆژەی زانکۆی سەوز و قۆناغەکانی جێبەجێکردنی نمایش کرد کە بووە جێگەی بایەخی ئامادەبووان.
لە کۆتایی سیمینارەکەدا سەرۆکی زانکۆی کۆیە وەڵامی پرسیاری ئامادەبووان دایەوە و دیدگا و ڕوانگەی زانکۆی کۆیەی خستەڕوو.
جێگەی باسە دەستپێشخەریی زانکۆی سەوزی زانکۆی کۆیە لە ١٦ی ئایاری ٢٠٢٤ لەلایەن جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی و بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستی د. ئارام محمد قادر ڕاگەیەندرا.