سەرۆکی زانکۆی کۆیە پێشوازی لە ڕاوێژکاری جێگری سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری هونەری کرد
سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.د. محمد حسیب صدیق لەمیانەی دیدارێکدا پێشوازی لە ڕواێژکاری جێگری سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری هونەری بەڕێز نەجات عەبدولڵا و شاندێکی یاوەری کرد.
ڕۆژی چوارشەممە ٢ی بانەمەڕ(گوڵان)ی ٢٧٢٦ی کوردی بەرانبەر ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٦ی زایینی، سەرۆکی زانکۆی کۆیە پ.د. محمد حسیب صدیق پێشوازی لە بەڕێز نەجات عەبدوڵڵا ڕواێژکاری جێگری سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری هونەری و شاندێکی یاوەری پێکهاتوو لە سەرۆکی ڕێکخراوی بووژاندنەوەی کەلەپووری کورد عیرفان عوسمان ئەحمەد کرد.
دیدارەکە لە سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیە و بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆی کۆیە بۆ کاروباری دارایی و کارگێڕی و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پ.ی.د. یادگار عەبدوڵڵا عەلی و پ.د. هشیار زکی، ئەمینداری ئەنجوومەن م. چیا جەوهەر و بەڕێوەبەرانی کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆ و ڕاگەیاندن د. ڕۆژگار محمد و م.ی. محمد کریم سیدگوڵ و خاتوو ئەڤین هیوا هادی یاریدەدەری ڕواێژکاری جێگری سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری هونەری بەڕێوە چوو.
وێستگەکانی دیدارەکە
بەشێک لە دیدارەکە تایبەت بوو بە سەردانی کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆی کۆیە تاکوو لایەنی خانەخوێ و شاندی میوان لەنزیکەوە ئەو دەستنووسانەی "مەلای گەورە"ی کۆیە ببینن کە پێشووتر و لەلایەن ڕێکخراوی بووژاندنەوەی کەلەپووری کورد بەدیجیتاڵکرابوون و هاوکات وا بڕیارە لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا ئەم دەستنووسانە بخرێنە ڕوو تاکوو توێژەران و خوێندکاران بتوانن سوودی لێ ببینن وەک سەرچاوەیەکی ڕەسەن و دەوڵەمەندی بەردەست.
پەیوەندیی بەهێزی دامەزراوەیی
زانکۆی کۆیە پالپشت بە پلانێکی ستراتیژیی گشتگیر بە گرینگییەوە لە ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکانی خۆی دەڕوانێت و کار دەکات تاکوو وەک دامەزراوەیەکی ئاکادیمی هەڵکەوتوو لە کوردستان وێڕای دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ لایەن و دامەزراوە دەرەکییەکان هاوکات پەیوەندییەکی دوو لایەنی پتەویش لەگەڵ دامەزراوە حکوومی و ڕێکخراوە جۆراوجۆرە نێوخۆییەکانیش پەرەپێ بدات لەو چوارچێوەیەدا ئەم دیدارە بوار و دەرفەتێکی لەبار بوو بۆ هەڵسەنگاندنی کارکردنی پێکەوەیی لە بوارەکانی بەدیجیتاڵکردنی کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆی کۆیە وەک پڕۆژەیەکی هاوئاهەنگ لەگەڵ کۆڵەکەی "بەدیجیتاڵیکردن"ی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە هاوکات هاوئاهەنگی دوو لایەن بۆ ساغکردنەوەی دەستنووسەکانی کتێبخانەی ناوەندی و بەدیجیتاڵیکردنیان وەک بەشێکی پڕۆژەکە.
لێکتێگەیشتن و خزمەتکردنی کۆمەڵگە
بەشێکی تری دیدارەکە گفتوگۆ و باس بوو دەربارەی ئیمزاکردنی یادداشتێکی لێکتێگەیشتنی نێوان زانکۆی کۆیە و ڕێکخراوی بووژاندنەوەی کەلەپووری کورد و دوولایەن پێداگرییان لەسەر پێویستی هەبوونی یادداشتێکی لەم جۆرە کردەوە و هاوکات ئەم دەستپێشخەرییە دەچێتە چوارچێوەی کۆڵەکەی سێیەمی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە واتە کۆڵەکەی سەرەکیی "خزمەتکردنی کۆمەڵگە" تاکوو زانکۆ ڕۆڵێکی بەهێزتر و کاریگەرتری هەبێت لەدەوڵەمەندترکردنی کولتوور و کەلەپووری کۆمەڵگەی کوردستانی لە ئاستی خۆوڵاتی و ناوچەیی.












محمد کریم سیدگوڵ، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هەواڵسازی کوردی
زانیار محمد محمد امین، هەواڵسازی کوردی
هێمن ابوبکر ابراهیم، گرافیک دیزاینەر و ووێب سایت
ڕێبین اسود عوڵا، وەرگێڕ کوردی - ئینگلیزی
لاڤە سەرباز طاهر، وەرگێڕ کوردی - ئینگلیزی
دڵشاد جمیل کاکەڕەش، فۆتۆگرافەر
سامان فاتح، ئەندازیاری دەنگ